دانانی مۆبایل لە نزیك شوێنی نوستن چۆن كار لە مرۆڤ دەكات؟

:: PM:06:24:22/06/2026 ‌

مۆبایل بووەتە پێویستییەكی سەردەم و تەواوی مرۆڤایەتی ئاڵوودەی بووە و جیا لە پێوەندیكردن، بۆ مەبەستی تریش بەكار دەهێنرێت، تەنانەت وای كردووە مرۆڤەكان گۆشەگیر بن و ئەو ئامێرە بكەنە تەنیا هاوڕێی دڵسۆزی خۆیان، شارەزایانی تەندروستی بە بەردەوام وریایی لە زیانەكانی ئەو ئامێرە و شاشە و ئەو تیشكانەی لێ دەردەچێت دەدەن.

كەسانێك هەن شەوانە لەبەر چەند هۆكارێك، لەوانە دانانەوەی بۆ بەخەبەربوونەوە یان لە ئەگەری پێوەندییەكی لەناكاو، ئەو ئامێرە لە نزیك خۆیان دێڵنەوە، ئەوەش چەند كاریگەرییەكی نەرێنی بۆ سەر تەندروستیان هەیە، لەوانە تێكدانی نوستن و زیادكردنی رارایی، بەپێی توێژینەوەكان ئەو تیشكە شینەی لە شاشەی مۆبایل دەردەچێت، كار لە دەردانی هۆرمۆنی میلاتۆنینی بەرپرس لە رێكخستنی خەو دەكات، هەستكردنی بە خەواڵوویی دوا دەخات و كار لە حەسانەوە و كوالێتیی خەو دەكات، بۆیە خەو پچڕ پچر دەبێت و مێشك بە ئاگا دەمێنێتەوە. 

هاوكات زۆر بەكارهێنانی شەوانەی مۆبایل، كە ئێستە باوە، نیگەرانی و شەكتیی مێشك زیاتر دەكات و دەبێتە هۆی كەمخەوی و بەوەش كار لە میزاج و سەرنجدان و یادەوەری مرۆڤ دەكات، بەتایبەتی لە گەنجان، ئەو شەپۆلانەشی لە مۆبایلەكە دەردەچن، شارەزایانی تەندروستی وریایی لەبارەوە دەدەن، بۆیە داوا دەكەن ئەگەر پێویست نەبێت مۆبایل شەوانە لە نزیك شوێنی نوستن نەبێت، نەخرێتە ژێر سەرین یان لەسەر شەحن جێنەهێڵدرێت و لە دوورییەكی گونجاو بێت و بەر لە نوستن بە سەعاتێك بەكار نەهێنرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل