رەنگە لە كاتی خۆشووشتن یان لە كاتی مەلەكردن برێك ئاو بچێتە ناو گوێی مرۆڤ، بەڵام وەك شارەزایان دەڵێن ئەوەی ئاسایی نییە مانەوەی ئاوەكەیە لەناو گوێ بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ و دروستبوونی هەوكردن بەو هۆیەوە، چونكە جۆرەكانی بەكتریا و كەڕوو لە شوێنی شێداردا دەژین و گەشە دەكەن.
بەپێی
راپۆرتێك رەنگە ئاوەكە راستەوخۆ هۆكاری مەترسییەكە نەبێت، بەڵام لە ئەنجامی بوونی برینێكی بچووك لە گوێ یان بەهۆی كەلەكەبوونی مادەی مۆمی ناو گوێ، مەترسی دروست ببێت، هەروەها رەنگە ئاوەكە پاك نەبێت و سەرچاوەی نەخۆشی تیادا بێت و ببێتە هۆی هەوكردنی گوێ، لە دیارترین نیشانەكانی هەوكردنی گوێ، ئازار و خوران هەستكردن بە داخرانی گوێ و لاوازیی بیستن و دروستبوونی كێم لە گوێ.
چارەسەركردنی حاڵەتەكە دەوەستێتە سەر توندی و هۆكاری حاڵەتەكە، بەڵام زیاتر قەترەی پاككەرەوە و دژەهەوكردن بەكار دێت، هەندێك جاریش ئەنتی بایۆتیك وەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر پشتگوێ بخرێت، رەنگە هەوكردنەكە بۆ شوێنی تر لەناو گوێ تەشەنە بكات و ئەگەری هەیە ببێتە كێشەیەكی درێژخایەن یان بگاتە گوێی ناوەند و ئازاری زیاتر دەبێت و هەستی بیستن لاوازتر دەبێت، بۆیە وا باشترە ئەگەر ئاو بچێتە ناو گوێ، هەوڵ بدرێت بهێنرێتە دەرەوە و لەسەرخۆ وشك بكرێتەوە.