نەخۆشییەكانی هاوین.. چۆن خۆمان لە مەترسییەكانی شێ و گەرما بپارێزین؟

:: PM:03:15:25/06/2026 ‌
كاتێك پلەكانی گەرما لە وەرزی هاویندا بەرز دەبنەوە، ئەگەر وریا نەبین، كێشەی تەندروستیی رژد روومان تێدەكات كە پێوەستە بە لێدانی هەتاو بە راستەوخۆیی و ئارەقكردن و گۆڕانكاری لە چالاكییە رۆژانەی دەكرێت، ئەوەیش وا دەكات جەستە تووشی وشكبوونەوە و نەخۆشییەكانی پێست بێت. بۆیە پسپۆرانی بواری تەندروستی رێنوێنیی دەخەنەڕوو كە لە كەشی گەرمادا، چۆن خۆمان لە مەترسییەكانی شێ و گەرما بپارێزین؟

پسپۆرانی تەندروستی كە قسەیان بۆ پێگەی "ئەهرام"ی میسر كردووە بەر لە هەر شتێك، ئاماژە بە نەخۆشیی "لێدانی هەتاو" دەكەن كە لە وەرزی هاوین و كەشی گەرمادا تووشی مرۆڤ دەبێت، لەوەدا جەستە تووشی كەمبوونەوەی شلە و مادەی خوێ دەبێت بەهۆی ئارەقكردنەوەوە، ئەوەیش وا دەكات مرۆڤ هەست بە ماندوویی و سەرسوڕان و سەرئێشە و بوورانەوە ببێت، بۆیە چارەسەر ئەوەیە راستەوخۆ هەتاو لە جەستە نەدات، جلوبەرگی تەنك بپۆشرێت و ئاوی پێویست بخورێتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەوكاتەی بۆ چالاكیی جەستەیی دەچنە دەرەوە.

هەروەها دەڵێن روونە كە لە وەرزی هاوین و كەشی گەرمادا، ژەهراویبوونی خۆراك دروست دەبێت كە زۆرجار خۆراك بەپێویست ناپارێزرێت و گەرما تووشی ژەهراویبوونی دەكات و بە خواردنی، جەستەی مرۆڤیش بەهەمانشێوە تووشی نەخۆشیی ژەهراویبوون دەبێت. ئەویش دەبێتە هۆی ئازاری سك و بوورانەوە و سكچوون. بۆ چارەسەری ئەوەیش گرنگە بەرلە خواردن دەستەكان بەباشی بێنە شوشتن، پارێزگاری لەدانانی لە پلەی مامناوەند بۆ  خۆراكەكان بكرێت، دڵنیابوونەوە لە بەسەرچوونی ماوەكەی.

پسپۆران باس لەوەش دەكەن كە لە كەشی گەرمادا بەهۆی زۆر ئارەقكردنەوە و بوونی شێ، كێشەی پێست دروست دەبێت و تووشی هەوكردن و قنچكە دەبێت، بۆ چارەسەری ئەوەیش پێویستە بەردەوام وریای پاكبوونی رووخسار و پێست بە گشتی ببن. دوای ئارەقكردنەوە پێویستە جەستە و پێست بە پاكی وشك بكرێتەوە، هەروەها جلوبەرگی لۆكە بپۆشرێت و دووركەوتنەوە لە تینی هەتاو بەهەمانشێوە گرنگە.

دواتریش پسپۆرانی تەندروستی دووپاتی دەكەنەوە كە وشكبوونی جەستە و كەمبوونی شلەمەنی لە جەستەدا، كێشەیەكی رژد و باوە كە لە وەرزی هاوین و كەشی گەرمادا دروست دەبێت. ئەوكات مرۆڤ هەست بە توینێتیی زیاتر دەكات و دەمی وشك دەبێت، هەروەها تووشی سەرئێشە و ماندوویی و كەمكردنەوەی سەرنجیش دەبێت بەتایبەتی بۆ منداڵان و بەساڵاچووان مەترسییە، بۆ چارەسەریش پێویستە رۆژانە ئاوی زۆر بخورێتەوە و نابێ چاوەڕێی توینێتی بكەیت ئەوجا ئاو بخۆیتەوە، هاوكات زیاتر لە خواردنی شلەمەنیی بدرێت و بەتایبەتی خواردنی ئەو میوانەی بە ئاو دەوڵەمەندن.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د