زانستی نوێ.. كەمبوونەوەی هۆرمۆنی نێرایەتی هۆكارێكی تری تووشبوون بە شێرپەنجە هەیە

:: AM:10:12:27/06/2026 ‌
توێژینەوەیەكی نوێی زانستی هۆشداریی داوە، ئەگەری زۆرە كەمبوونەوەی هۆرمۆنی تستۆستیرۆن لەلای پیاوان كە پێوەندیی بە نێرایەتییەوە هەیە، ببێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەكانی شێرپەنجە، بەتایبەتی شێرپەنجەی پرۆستات.

پێگەی "شەفەق نیوز" كە  هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە و پشتی بە پێگەی "سپۆنتیك"ی رووسی بەستووە، لەوێدا توێژینەوە نوێیە زانستییەكە بڵاو كراوەتەوە و ئاماژە بەوە دراوە، كەمبوونەوەی هۆرمۆنی تستۆستیرۆن لەلای پیاوان، هۆكارێكی تری تووشبوون بە شێرپەنجە جۆراوجۆرەكانەوە هەیە، جیالەوەی بوونی ئەو هۆرمۆنە بۆ تەندروستیی گشتیی مرڤ گرنگە، چونكە جیا لە كاریگەریی لەسەر منداڵ خستنەوە لەلای پیاوان دەبێت، هاوكات كاریگەریی رژدی لەسەر ماسولكەكان بەگشتی دەبێت.

توێژەرانی توێژینەوەكە بۆ پێگە رووسییەكە دووپاتی دەكەنەوە، بۆ ماوەیەكی درێژ پشكنینی ژمارەیەكی زۆری پیاوانیان كردووە و لە ئەنجامدا بۆیان دەركەوتووە، زۆربەی ئەوانەی هۆرمۆنی تستۆستیرۆن تێیاندا كەم بووەتەوە، تووشی شێرپەنجە بوون بەتایبەتی شێرپەنجەی پرۆستات، بەڵام ئەوانەی ئەو هۆرمۆنە تێیاندا ئاسایی بووە، لەو نەخۆشییە دوور بوون.

هاوكات تیمی توێژینەوەكە ئاماژەیان بەوە داوە كە مەرج نییە پێوەندی لە نێوان ئەو هۆرمۆنە و نەخۆشیی شێرپەنجە بە راستەوخۆ هەبێت، بەڵام بەپێی توێژینەوەكانی تریش كە كراون دووپاتی دەكەنەوە، كەمبوونی هۆرمۆنی تستۆستیرۆن لەلای پیاوان، ئەگەر بە رێژەی كەمیش بێت، هۆكارێكی ترە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكە.

هاوكات توێژەران هۆشداریی دەدەن كە نەخۆشان پەنا نەبەنەبەر وەرگرتنی چارەسەری هۆرمۆن بۆ قەرەبووكردنەوەی هۆرمۆنی تستۆستیرۆن، بەڵكو پێویستە بە رێنوێنیی پزیشكی پسپۆر چارەسەر وەربگرن، چونكە تا ئێستەیش بەڵگەی زانستیی بۆ ئەو حاڵەتە زۆر لە بەردەست نییە كە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆرمۆنی سێكس لەلای پیاوان، نەخۆشیی شێرپەنجە بەتایبەتی پرۆستات دوور دەخاتەوە یان لە گەشەی دەوەستێنێت.

هۆرمۆنی تستۆستیرۆن پێوەستە بە سێكس لەلای پیاوان و لە رێگەی ئەو هۆرمۆنەوە تۆوی پیاوان منداڵ دروست دەكات، جیا لەوەی هۆكارێكی تریشە بۆ تەندروستیی ماسولكەكان بەشێوەیەكی گشتی.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د