بۆ تەندروستیی سییەكان.. سپێناخ و برۆكلی باشترین خۆراكن

:: PM:01:00:28/06/2026 ‌
توێژینەوەیەكی نوێ كە تیمێك لە زانكۆی ئیدیس كوان لە ئوسترالیا ئەنجامیان داوە، ئاشكرایان كردووە كە ئەوانەی بایەخی زۆر بە خواردنی سەوزەكان بەتایبەتی گەڵادارەكان دەدەن و بە ڤیتامین "كەی1" دەوڵەمەندن، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی سییەكانیان لەسەر كەم دەبێتەوە.

بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی "شەرق ئەوسەت" كە هەواڵەكەی لە گۆڤاری تەندروستیی ئەمەریكی وەرگرتووە و لەوێدا توێژینەوە نوێیەكە بڵاو بووەتەوە، ئاماژە دراوە كە توێژەران لە ئەنجامی توێژینەوەكە بەوە گەیشتوون، زۆر گرنگە سەوزەواتەكان بەتایبەتی گەڵادارەكان لە ژەمەكانتان زیاد بكەن، هۆكاری رژدن بۆ دووركەوتنەوە لە نەخۆشییە درێژخایەنەكانی سییەكان، بەتایبەتی بۆ ئەوانە چوونەتە ناو تەمەنەوە. لەناو سەوزەكانیش نموونە بە سپێناخ و برۆكلی كراوە.

توێژەران دووپات دەكەنەوە كە لە توێژینەوەكەیاندا زۆربەی سەرنجەكانیان لەسەر ڤیتامین "كەی" بووە، بۆ ئەوەیش ئاماژە بە ڤیتامینەكانی "كەی1" و "كەی2" دەكەن كە ئەوانە بۆ تەندروستیی سییەكان زۆر گرنگن، لە ڤیتامین "كەی1" ئاماژە بە سپێناخ و برۆكلی دەكەن، لە ڤیتامین "كەی2"یش باس لە گۆشت و بەرهەمەكانی شیر و هێلكە دەكەن.

هاوكات توێژەران بۆ دووركەوتنەوە لە گیرانی درێژخایەنی سییەكان كە زۆرجار ئەوانەی زیاتر دەچنە ناو تەمەنەوە تووشی دەبن، دووپات لە ڤیتامین "كەی1" دەكەنەوە واتە سپێناخ و برۆكلی و تەواوی سەوزە گەڵادارەكان بۆ ئەو نەخۆشییە زۆر گرنگن، ئەو خۆراكانە رۆڵیان دەبێت لە هەناسەدان بەشێوەیەكی تەندروست و رێگە لە گیرانی سییەكان دەگرن.

دواتریش باس لەوە دەكرێ كە زیاتر لە نیو ملیۆن ئوسترالی تووشی گیرانی سییەكان بوون كە نەخۆشییەكی درێژخایەنە، بۆ ئەوەیش كێشەی هەناسەدانیان بۆ دروست دەبێت، زۆرجاریش هەیە نەخۆشییەكە دەبێتە هۆی پشووسواریی بەردەوام و دواتریش مردن. 




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د