شووتی و كاڵەك دوو بەرهەمی هاوینەن و خەڵكێكی زۆر لە گەرمای هاویندا بە بژارەیەكی زۆر گونجاو و تەندروستیان دەزانن بۆ شێداركردنەوەی جەستە و باشتركردنی پرۆسەی هەرس، بۆیە خواستێكی زۆری لە هاویندا لەسەر هەیە، بەڵام لە ڕووی پزیشكی و تەندروستییەوە ئەو دوو بەرهەمە هاوینەییە كامەیان سوودیان بۆ جەستە و تەندروستی مرۆڤ زیاترە؟
هەردوو بەرهەمە دەوڵەمەندن بە ڕێژەیەكی زۆری ئاو، ئەمەیش وا دەكات ببن بە بژارەیەكی باش بۆ شێداركردنەوەی جەستە و قەرەبووكردنەوەی ئارەقكردنەوە كە لە هاویندا بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرما ڕوو دەدات.
كاڵەك دەوڵەمەندە بە مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم و سۆدیۆم، هەروەها ڕێژەیەكی زیاتر لە ڕیشاڵ و ئەلیكترۆلیتاتی تێدایە، ئەوەیش یارمەتی كۆئەندامی هەرس و شێداركردنەوەی جەستە دەدات، هەروەها ڕیشاڵ یارمەتی باشكردنی جووڵەی گەدە و ڕێگرتن لە سكچوون دەدات. لە بەرانبەردا شووتیش پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم و ئەلیكترۆلیتاتی تێدایە، بەڵام بە ڕێژەیەكی كەمتر لە كاڵەك، هەروەها شووتی پێكهاتەی پۆلیڤینۆلی تێدایە كە یارمەتیی گەشەی بەكتریا سوودبەخشەكان لە گەدە دەدات.
هەردوو
بەرهەمەكە دەوڵەمەندن بە دژە ئۆكسید، شووتی ڕێژەیەكی باشی لیكۆبینی تێدایە كە یارمەتی تەندروستی دڵ و كەمبوونەوەی ئەگەری تووشبوون بە چەندان جۆری شێرپەنجە دەكات، لە بەرانبەردا كاڵەك ڤیتامین سی و كارۆتینات و زیاكسانسینی تێدایە كە ڕەگەزی گرنگن بۆ مانەوەی چاو بە تەندروستی و پاراستنی خانەكانی جەستە و بەهێزكردنی تەندروستی پێست.