ئەو هۆكارانەی وا دەكەن شەوانە چەند جارێك لە خەو بە ئاگا بێنەوە.. چارەسەر

:: PM:03:19:04/07/2026 ‌
زۆرن ئەوانەی شەوانە و لە كاتی خەوتندا چەند جارێك بە ئاگا دێنەوە و زۆرجاریش بە ئەستەم دەتوانن جارێكی تر بخەونەوە، ئەویش وا دەكات لە رۆژدا كێشە بۆ چالاكی و ئەركەكانیان دروست دەكات. ئەگەر حاڵەتەكە یەك یان دوو جار بێت ئاساییە، بەڵام چەند جارێك ئەو روو بداتەوە، ئەوكات نیشانەی فاكتەری تەندروستی و دەروونییە و پێویستی بە چارەسەر هەیە.

پسپۆرانی بواری خەو و دەروونی بۆ پێگەی "ئەهرام"ی میسری قسەیان لەوبارەیەوە كردووە، ئاماژە بەوە دەدەن كە زۆر گرنگە مرۆڤ شەوانە كەمتر لە حەوت تا هەشت سەعات كەمتر نەخەوێت، لەوە كەمتر كاریگەریی نەرێنیی لەسەر مێشك و چالاكییەكانی دەكات، كەم نین ئەوانەی شەوانە و لە كاتی خەوتندا چەند جارێك بە ئاگا دێنەوە و جارێكی تر ئەستەم دەبێ بخەونەوە، خۆ ئەگەر حاڵەتەكە بەردەوام بێت، ئەوكات نیشانەی تەندروستیی جەستەیی دەروونییە و چارەسەری رژدی پێویستە.

ئەوان باس لە دڵەڕاوكێ و بیركردنەوەی زۆر دەكەن كە رۆڵی گەورەی هەیە بۆ ئەوەی لە شەودا چەند جارێك بە ئاگا بێنەوە و بە ئەستەم بتوانن بخەونەوە، چونكە لە دڵەڕاوكێدا مێشك بەردەوام لە خەویشدا بە ئاگا دەبێت، ئەوەیش وا دەكات مرۆڤ زوو زوو بە ئاگا بێتەوە، ئەوەیش هۆكارە لە رۆژدا كەسەكە نەتوانێ بە ئاسانی ئەركەكانی جێبەجێ بكات.

هەروەها زوو بە ئاگاهاتنەوە لە خەودا، پێوەندیی بە چەندان هۆكار هەیە وەك ئارەقكردنەوەی درێژخایەن، وەستانی پچڕپچڕی هەناسە لە خەودا، تێكچوونی كاتژمێری بایۆلۆجی. هەندێك جاریش پڕخەی زۆر و هەستكردن بە ماندوویی كاری رۆژانە، تەنانەت ئەگەر كەسەكە خەوی پێویستیش خەوتبێت. جاریش هەیە بەهۆی زۆر خواردنەوەی ئاو و خواردنەوە كافاینەكان، هەمان هۆكارن بۆ زوو بەئاگاهاتنەوە لە خەودا، ئەگەریش هەیە ئەوانە پێوەندییان بە نەخۆشییەكی شاراوە هەبێت كە پێویستە پزیشكی پسپۆر پشكنینی بۆ بكات.

ژینگەی شوێنی خەوتن هۆكارێكی تری زوو بەئاگاهاتنەوەیە لە خەودا، پلەی گەرما ژوورەكە و رووناكی و ژاوەژاویش هۆكاری ترن، بۆیە پسپۆران ئامۆژگاری دەكەن شوێنی خەوتن پێویستە هێمن و ئارام و نیمچەتاریك بێت، جیا لە پلەی گەرمای ئاسایی. هاوكات بەساڵاچوویی تەمەنیش هۆكارێكی ترە، وێڕای هەموو ئەوانەیش ئەگەر حاڵەتەكە بەردەوام بێت، پێویستە پزیشكی پسپۆر هۆكار و چارەسەرەكەی دەستنیشان بكات.

دواتریش پسپۆرانی بواری خەو دووپاتی دەكەنەوە كە بۆ ئەوەی خەوتان قووڵ و ئاسوودە بێت و تووشی زوو بەئاگاهاتنەوە لە خەو نەبن، گرنگە وریای كاتی خەوتن و بەئاگاهاتنەوە بن، هەروەها چەند سەعاتێك بەر لە خەوتن، خواردنەوە دەوڵەمەند بە كافاینەكان نەخۆنەوە، لەگەڵیدا گرنگە شەوانە مۆبایل و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان زۆر بەكار نەهێنن. بەر لە خەوتن خواردنی قورس نەخۆن و ژووری خەوتنیش هێمن و ئارام و نیمچەتاریك بێت.

 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د