دڵ ئەو ترومپایەیە كە وابەستەی ژیانی مرۆڤە، بە لێدانی ژیان دەست پێ دەكات و بە وەستانیشی كۆتایی دێت، تەندروستی دڵ واتە تەندروستی مرۆڤ، تووشی چەند كێشەیەك دەبێتەوە و تا ئێستەش ئەو كێشانە هۆكاری یەكەمی گیانلەدەستدانی مرۆڤن لە دنیا، لەوانە لاوازیی ماسولكەی دڵ، كاتێك دڵی ئەو كەسە بە زەحمەت دەتوانێت خوێن بۆ ئەندامەكانی لەش رەوانە بكات.
چەند
نیشانەیەك هەن بۆ لاوازیی ماسولكەكانی دڵ، لەوانە ئازاری سینگ، بەتایبەتی ئەگەر زەحمەتیی هەناسەدان هەناسەسواری لەگەڵدا بێت، ئازاری قۆڵ و باسكی چەپ یان دووبارەبوونەوەی ئەو ئازارە، سەرسووڕان، بەتایبەتی ئەگەر ئازاری سینگ و هەناسەتەنگی لەگەڵدا بێت.
هەروەها ئازاری قورگ بە هاوشێوەی سەرمابردوویی و ئینفلەوەنزا، بەتایبەتی ئەگەر كاریگەریی گەیشتە شەویلاك و پەستان لەسەر سینگ زیاد بوو، پرخەپرخی شەوانە بە دەنگی بەرز، ئاماژەیە بۆ پچڕانی هەناسە، كە مەترسیدارە و رەنگە بگاتە ئاستی دڵەنۆرە، ئەو كەسە توانای جووڵانەوە و رۆیشتنی بە شێوەی ئاسایی كەم دەبێتەوە و تووشی شەكەتی دەبێت، ئاوسانی قاچەكان و لەهۆشخۆچوون و كەوتن نیشانەی تری ئەو حاڵەتەن.
چەند هۆكارێك مەترسیی تووشبوون زیاد دەكەن، لەوانە جگەرەكێشان و قەڵەوی و كێشەی خوێنبەری تاجی و بەرزی پەستانی خوێن بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، مەیینی خوێن و نەخۆشی شەكرە و كێشەی دەمەوانەكانی دڵ و هەندێك نەخۆشی ڤایرۆسیی دڵ، وەك تای رۆماتیزم.