پێوەندی لە نێوان زۆر دانیشتن و شێرپەنجە چییە؟

:: PM:08:20:04/07/2026 ‌

یەكێك لە كێشەكانی ئەو سەردەمە ناچاربوونی مرۆڤ بۆ زۆر دانیشتن لە شوێنی كارەكەی، یان كەسانێك بە هۆكاری جیاواز حەز بە جووڵانەوە ناكەن و لە بری ئەو زۆر دادەنیشن، كە بێگومان چەند زیانێكی هەیە، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە زۆر دانیشتن مەترسیی تووشبوون بە هەندێك جۆری شێرپەنحە زیاد دەكات.

توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە دانیشتن بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ مەترسیی تووشبوون بە هەندێك جۆری شێرپەنجە و مردن بەو هۆیەوە زیاد دەكات، 91.292 هەزار كەس بەشدارییان لە توێژینەوەكە كرد، ئەوان ئامێری پێوانەكردنی چالاكیی جەستەییان بۆ ماوەی حەوت رۆژ لێ بەسترا، ماوەی 12.4 ساڵ چاودێری كران، دەركەوت هەر سەعاتێك لە دانیشتنی بەردەوامی زیاتر، مەترسی مردنی بەهۆی شێرپەنجە بە رێژەی 9% زیاد كردووە.

ئەوە جیا لە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە چەند جۆرێكی شێرپەنجە، بەتایبەتی ئەوانەی پێوەندییان بە قەڵەوییەوە هەیە، وەك شێرپەنجەی سورێنچك و جگەر و گورچیلە و پەنكریاس و قۆلۆن و مەمك و هێلكەدان و رژێنی دەرەقی، جیا لە شێرپەنجەكانی پێوەست بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە.

لە بەرانبەردا توێژینەوەكە دەری خست كە گۆڕینی رۆژانەی یەك سەعاتی دانیشتن بە جووڵانەوە و چالاكیی سووكی جەستەیی، مەترسی مردنی بە شێرپەنجە بە رێژەی 12% كەم كردووەتەوە، ئەگەرچی توێژەران ئاماژەیان كرد كە توێژینەوەكە بوونی پێوەندییەكی راستەوخۆ وەك هۆكار لە نێوان هەردوو حاڵەت ناسەلمێنێت، بەڵام دووپات لە گرنگیی كەمكردنەوەی ماوەی دانیشتنی بەردەوام و زیادكردنی جووڵانەوە و چالاكی جەستەیی وەك ئامرازێك بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە دەكاتەوە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل