بۆچی بەیانیان تووشبوون بە دڵەنۆرە زیاترە؟

:: PM:08:59:05/07/2026 ‌

رەنگە گوێبیستی بووبیت كە تووشبوونی كتوپڕ بە دڵەنۆرە لە بەیانیان زیاترە، بەتایبەتی لەوانەی كێشەی دڵیان هەیە، ئەگەرچی لە كاتەكانی تریش ئەگەری روودانی هەیە، بەڵام چەندان توێژینەوە باسی روودانی لە بەرەبەیان دەكەن، پزیشكێك ئاماژە دەكات كە ئەو بابەتە پێوەندیی بە كاتژمێری بایۆلۆجی لەشی مرۆڤەوە هەیە.

د. ئەمیر عادل راوێژكاری نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن ئاماژە دەكات، دڵەنۆرە بەهۆی نەگەیشتنی خوێن بۆ دڵ لە ئەنجامی مەیینی خوێن لەناو خوێنبەری تاجی روودەدات، بەوەش ئۆكسجین ناگاتە دڵ و دەبێتە هۆی لەناوچوونی ماسولكەی دڵ.

روونی كردەوە، كاتژمێری بایۆلۆجی لە لەشی مرۆڤ هەیە، كە كۆنترۆڵی فەرمانەكانی لەش، وەك نوستن دەردانی هۆرمۆنەكان و پلەی گەرمی لەش و پەستانی خوێن دەكات، لەشی مرۆڤ لە بەیانیان و لەگەڵ هەستان لە خەو، خۆی بۆ رۆژێكی نوێ ئامادە دەكات، هۆرمۆنەكانی ئەدرینالین كۆرتیزۆل بۆ زیادبوونی هۆشیاری و چالاكی لەش دەردەدات، ئەوانەش بارگرانی لەسەر دڵ دروست دەكەن و لێدان دڵ زیاد دەكەن و پەستانی خوێن بەرز دەكەنەوە، وا دەكەن لەش بۆ چالاكی ئامادە بێت.

زیاتر گوتی، ئەو گۆڕانكارییانە مەترسییان لەسەر ئەوانە نییە كە دڵێكی ئاساییان هەیە، بەڵام مەترسی سەر خاون دڵە نەخۆشەكان زیاتر دەكەن، لەوانە دوای لەخەوهەستان پەستانی خوێن كتوپڕ بەرز دەبێتەوە، ئەوەش گوشار دەخاتە سەر دڵ و لوولەكانی خوێن، بۆیە لە كاتی بوونی تەسكبوونەوەی پێشتر لە خوێنبەرەكان بەهۆی كەڵەكەبوون و نیشتنی چەوری، دەبێتە هۆی پارچەبوونی ئەو نیشتەنییە و دروستبوونی جەڵتەی خوێن و داخرانی خوێنبەرەكە و دروستبوونی دڵەنۆرە لە بەیانیان زیاتر لە كاتەكانی تری رۆژ.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل