د. محەمەد سەیدعەلی بەرزنج پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی، گوتارێكی لەبارەی ترشەڵۆكی گەدە نووسیوە و تێیدا ئاماژە بەوە كات، ترشەڵۆكی گەدە هێندە بەهێزە دەتوانێ بزمار دابڕزێنێت، بەڵام بۆچی ناتوانێ بەكتریای گەدە لەناو ببات؟
د.محەمەد سەیدعەلی بەرزنجی دەڵێت، بەهێزیی ترشەڵۆكی گەدە لە نێوان 1.5 بۆ 3.5 پلەی PH ـدایە، ئەم ترشەڵۆكەیەش هێندە بەهێزە نەك هەر بزمار، بەڵكو دەتوانێ تەنانەت هەندێك جۆری كانزای توندیش دابڕزێنێت ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر لەناویدا بمێنێتەوە.
نیشانەكانی تووشبوون بە بەكتریای گەدە
بەكتریای گەدە یەكێكە لە نەخۆشییە بڵاوەكان و لە دنیادا ملیۆنان كەس هەڵگر یان تووشبووی نەخۆشییەكەن و بەدەست نیشانەكانی تووشبوون بە بەكتریای گەدەوە دەناڵێنن، لەوانە:
1. هەوكردنی گەدە
2. ئازاری گەدە
3. هەندێك جار برینی گەدە
4. دڵپڕی و كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن
5. دڵەكزێ و گەڕانەوەی ترشەڵۆكی گەدە
6. غازات و ئاوسانی سك
7. بۆنی ناخۆشی ناودەم
بەكتریای گەدە چۆن دەتوانێت خۆی ترشەڵۆكی گەدە رزگار بكات و لەناو نەچێت؟
د. محەمەد سەیدعەلی بەرزنجی ئاماژە بەوە دەكات، ڕەنگە زۆرینەمان بپرسین ئایا بەكتریای گەدە چۆن دەتوانێ لە ئەم ترشەڵۆكەیە بەهێزەی گەدە و لەم ناوەندە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
بەبڕوای ئەو پسپۆڕە هۆكارەكانی مانەوەی بەكتریای گەدە بریتین لە:
1.بەكتریاكە قەڵغانێكی كیمیایی دروست دەكات كە ئەنزیمێكە بەناوی یوریەیز، ئەم ئەنزیمە هەڵدەستێت بە شیركردنەوەی مادەی یورییا كە لە گەدەدا هەیە و دەیگۆڕێت بۆ ئەمۆنیا و دووەم ئۆكسیدی كاربۆن. لەبەرئەوەی ئەمۆنیا مادەیەكی تفتە، وەك قەڵغانێكی كیمیایی پارێزەری تفت لە دەوری بەكتریاكە كار دەكات، ئەم قەڵغانە تفتییە ترشەڵۆكەییەكەی دەوری بەكتریاكە هاوسەنگ دەكاتەوە و نایەڵێت زیان بە بەكتریاكە بگات.
2.ترشەڵۆكی گەدە زیاتر لە ناو بۆشایی گەدەدایە، بەكتریای گەدە بەهۆی شێوە لوولپێچەكەی و ئەو كلكانەی هەیەتی، مەلە دەكات و خۆی دەگەیەنێتە ژێر پەردەی لینجی دیواری گەدە كە لە بنەڕەتدا بۆ پاراستنی خانەكانی گەدە بەكار دێت. لەو ناوچەیەدا ڕێژەی ترشەڵۆكی گەدە زۆر نزیكە لە ترشەڵۆكی هاوسەنگ و هێندە بەهێز نییە، بۆیە بەكتریاكە دەچێتە ئەوێ و خۆی دەشارێتەوە و خۆی لەو ترشەڵۆكەیە بەهێزە دەپارێزێت.
لە كۆتاشدا نووسیویەتی، هەر كاتێك هەست بە دەركەوتنی نیشانەكانی تووشبوون بە بەكتریای گەدە كرا، وا باشترە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێت و پشكنینی پێویست بۆ كەسەكە ئەنجام بدرێت، چونكە ئەگەر بەكتریای گەدە چارەسەر نەكرێت، ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی برینی گەدە، هەوكردنی توندی دیواری گەدە و تەنانەت لە هەندێك باری زۆر دەگمەندا ببێتە هۆی شێرپەنجەی گەدە.