شووتیی سوور زیان بە نەخۆشانی گورچیلە و شەكرە دەگەیەنێت

:: PM:03:33:08/07/2026 ‌
پزیشكێكی پسپۆری گورچیلە دەڵێت، خواردنی شووتیی سوور بۆ ئەوانەی كێشەی گورچیلە و بەردیان تێدا هەیە، زیانیان پێ دەگەیەنێت، بەتایبەتی ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنی بكەن، هاوكات كێشە بۆ ئەوانەیش دروست دەكات كە نەخۆشیی شەكرەیان هەیە.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری لەبارەی زیانی شووتیی سوور بۆ ئەوانەی كێشەی گورچیلە و شەكرەیان هەیە، لێدوانی د. ئۆلگا یامیلۆڤای وەرگرتووە كە وانەبێژی بەشدارە لە زانكۆی ئۆقیانووسی هێمنی تەندروستی و دووپاتی دەكاتەوە، زێدەڕۆیی لە خواردنی شووتیی سوور، زیانی زۆر بەوانە دەگەیەنێت كە نەخۆشیی گورچیلە و شەكرەیان هەیە، بەتایبەتی ئەگەر بەردی گورچیلەیان هەبێت.

ئەو پزیشكە زیاتر دەڵێت، خواردنی شووتیی سوور رۆڵی زۆری هەیە زۆر میزكردن و ئەوەیش كێشە بۆ ئەركی میزەڕۆ دروست دەكات، بەهەمانشێوە كاتێك ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنی بكرێت. هەروەها ئەوانەی بەردی گورچیلەیان هەبێت، خواردنی زۆری شووتیی سوور رۆڵی هەیە بۆ جووڵاندنی بەردەكە و ئازاری زۆر بە نەخۆش دەگەیەنێت.

ئەوەیش دەڵێ كە شووتیی سوور سەرچاوەیەكە بۆ شەكر و هاوكات رۆڵی زۆری هەیە بۆ ئەركی هەرس، بەڵام كاتێك زێدەڕۆیی لە خواردنی دەكرێت، ئاستی شەكر لە خوێن بەرزتر دەكاتەوە، بۆیە زۆر گرنگە ئەوانەی نەخۆشیی شەكرەیان هەیە، بە وریاییەوە شووتیی سوور بخۆن و زێدەڕۆیی لە خواردنی نەكەن.

دواتریش پزیشكەكە گوتی، بۆ ئەوانەی كێشەی شەكرەیان هەیە، باشترە لە خواردنی شووتیی سووردا، 150 تا 200 گرام بخۆن و بۆیان ئاسایی دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی رێنوێنیی پزیشكی پسپۆر وەردەگرن لەبارەی چاودێریكردنی ئاستی گلۆگوز.

 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د