خواردنی برنج چۆن كار لە چەوری جگەر دەكات؟

:: PM:07:00:11/07/2026 ‌

پزیشكێك ئاماژە دەكات كە خواردنی برنج بۆ ئەو كەسانەی چەوری جگەریان هەیە قەدەغە نییە، بەڵام زۆر خواردنی كەڵەكەبوونی چەوری لەسەر جگەر زیاتر دەكات، بەتایبەتی ئەگەر چەندان ژەم لە هەفتەیەك برنج بێت.

د, مریەم مەشهوور پسپۆڕی چارەسەری خۆراك ئاماژە دەكات كە برنجی سپی لە كاربۆهیدارتە پاككراوەكانە، بەشێكی زۆر لە ریشاڵ و بەها خۆراكییەكی لە كاتی پاككردنەوەی لەدەست دەدات، جیا لەوە پێوەرە گلایسیمییەكەی بەرزە، ئەوەش وا دەكات ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای ئاستی شەكر لە خوێن و زیاد دەردانی ئەنسۆلین.

روونی كردەوە، بەردەوامیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنسۆلین و بوونی سیستمێكی ناتەندروستی خۆراك، وا دەكەن لەش گلوگۆزی زیاد لە پێویستی لەش بۆ چەوری بگۆڕێت، كە لەسەر جگەر و لە ناوچەی سك كۆ دەبێتەوە، ئەوەش كێشەی چەوری جگەر زیاتر دەكات، بەتایبەتی لەو كەسانەی بەدەست بەرگری بۆ ئەنسۆلین و قەڵەویەوە دەناڵێنن.

بۆیە خواردنی برنجی بێ زیادەڕۆیی لە چوارچێوەی سیستمێكی تەندروستی خۆراك، كێشە بۆ نەخۆشانی چەوری جگەر دروست ناكات، بەڵام وا باشترە بە ژەمی دانەوێڵەی تەواو بگۆڕدرێت، چونكە رێژەیەكی زۆر ریشاڵی تیادایە و یارمەتی كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێنی دەدات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل