شارەزایان پێیان وایە قەڵەوی سەرچاوەی زۆرێك لە نەخۆشی و كێشە تەندروستییەكانە، یەكێك لەوانە هۆكارێكی مەترسیدارە بۆ سەر تەندروستی جگەر، چونكە ئەگەری نیشتنی چەوری لە جگەر زیاد دەكات، ئەوەش كار لە فەرمانەكانی دەكات.
كاتێك مرۆڤ زیاتر لە پێویستیی لەشی كالۆری لە رێگەی خۆراكەوە وەردەگرێت، ئەوەی زیادە لەسەر شێوەی چەوری ئەمبار دەكرێت، تەنیا چەوری ژێر پێست نا، بەڵكو لە جگەریش كۆ دەبێتەوە، بۆیە كاتێك چەوری لەناو خانەكانی جگەر كۆ دەبێتەوە، توانای خۆرزگارنی لەو چەورییە كەم دەبێتەوە و تووشی حاڵەتی چەوری جگەر دەبێتەوە.
چەوری جگەر دوو جۆری سەرەكی هەیە، چەوری جگەری كحولی، كە بەهۆی زۆر خواردنەوەی كحول دروست دەبێت، چەوری جگەری پێوەست بە كێشە لە میتابۆلیسم، كە جۆرە بڵاوەكەیە و پێوەندیی بە قەڵەوی و شێوانی میتابۆلیسمەوە هەیە، قەڵەوی یەكێكە لە گرنگترین هۆكارەكانی تووشبوون بە چەوری جگەر بەهۆی شێوانی میتابۆلیسم و دوو لەسەر سێی تووشبووان لە قەڵەوی تووشیان بووەتەوە.
زۆرینەی نەخۆشانی چەوری جگەر جۆرە سادەكەیان هەیە، واتە نیشانەی روون و كاریگەریی گەورە لەسەر فەرمانی جگەر نییە، بەڵام لە 20%ی حاڵەتەكان رەنگە بەرەو هەوكردنی چەوری جگەر پەرە بستێنێت، كە قۆناغێكی مەترسیدارترە و دەبێتە هۆی هەوكردنی درێژخایەنی جگەر و بە ریشاڵبوونی یان پەككەوتن و پێویستیی چاندنی جگەر.
بۆ خۆپاراستن لە چەوری جگەر و كاریگەرییەكانی پێویستە مرۆڤ كێشی لەشی كەم بكاتەوە و سیستمێكی تەندروستی خۆراكی هەبێت و بە بەردەوام وەرزش و چالاكیی جەستەیی هەبێت، كۆنترۆڵی چەوری و شەكرەی خوێن بكات و شێوازی ژیانی بگۆڕێت.