كاریگەرییە لاوەكییەكانی دەرمانەكانی خۆلاوازكردن مەترسیدارن

:: AM:10:27:12/07/2026 ‌
توێژینەوەیەكی زانستی دووپاتی لەوە كردەوە، ئەو كەسانەی كێشیان زیادە و حەب و دەرمانی خۆلاوازكردن دەخۆن، دوای ماوەیەك بەردەوامبوون لە خواردنیان، ژیانیان باشتر نابێ و كاریگەرییە لاوەكییەكانی دەرمانەكانی خۆلاوازكردنیش بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ بە گشتی و كۆئەندامی هەرس بە تایبەتی مەترسیدارن.

دەرئەنجامی توێژینەوەكە لە گۆڤاری پزیشكی بەریتانیا بڵاو كراوەتەوە و تێیدا ئاماژە دراوە، نزیكەی 100 هەزار كەس بە ڕێژەی گشتی تەمەنی 49 ساڵی خراونەتە ژێر چاودێرییەوە، كە سەرجەمیان دەرمانە جۆراجۆرەكانی خۆ لاوازكردنیان بەكار هێناوە.

ئاماژە بەوەیش دراوە، سەرەڕای خواردنی دەرمانەكانی خۆلاوازكردن بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك، بەڵام بەكارهێنەران هەستیان بە باشبوونی ژیان و دۆخی تەندروستییان نەكردووە.

هاوكات گیرۆدەبوون و زۆر خواردنی ئەو دەرمانانە، كاریگەریی لاوەكی لەسەر جەستە و تەندروستی بەكارهێنەران دروست كردووە و زیانی بە تەندروستیی گەیاندوون، بەتایبەت كۆئەندامی هەرس، ئەمەیش وایكردووە كە بەشی زۆری بەكارهێنەران دوای ماوەیەك خواردنی ئەو جۆرە دەرمانانە بەهۆی كاریگەرییە لاوەكییەكانیان، ناچار دەسبەرداری بوون.


وشە - باز ئه‌حمه‌د