لە هاوینان گرنگی بەم خۆراكانە بدەن

:: PM:03:57:14/07/2026 ‌
لەگەڵ زیادبوونی شەپۆلەكانی گەرما لە وەرزی هاویندا، پاراستنی ڕێژەی ئاو لە جەستەدا دەبێتە گرنگترین هەنگاو بۆ دووركەوتنەوە لە مەترسییەكانی وشكبوونەوە و ماندوویەتیی گەرما.

د. محەمەد میرزا پسپۆری فسیۆلۆجی پزیشكی جەستە، لە ڕێگەی "وشە"وە كۆمەڵێك رێنوێنی دەخاتە ڕوو. 

د. محەمەد میرزا ئاماژە بەوە دەكات كە لە كاتی كەشوهەوای گەرمدا، جەستە بەهۆی ئارەقكردنی زۆرەوە بڕێكی زۆر لە ئاو و ئەلیكترۆلایت (كانزا گرنگەكان) لەدەست دەدات، بۆیە خواردنی ئەو خۆراكانەی ئاویان زۆرە و پێكهاتەی بەپێزیان تێدایە، ڕێگر دەبێت لە تووشبوون بە بێهێزی و لێدانی گەرما.

ئەو پسپۆڕەی فسیۆلۆجی جەستە، دیارترین ئەو خۆراكانەی دەستنیشان كردووە كە پێویستە لە هاویندا گرنگییان پێ بدرێت:

شووتی و خەیار: چونكە ڕێژەیەكی ئێجگار زۆر ئاویان تێدایە نزیكەی 90٪ بۆ شووتی و جەستە سارد دەكەنەوە.

مزرەمەنییەكان و تەماتە: یارمەتیی جێگرتنەوەی ئەو پۆتاسیۆم و كانزایانە دەدەن كە لە ڕێگەی ئارەقەوە لە دەست چوون.

ماست: بەهۆی بوونی پرۆبایۆتیكەوە تەندروستی كۆئەندامی هەرس دەپارێزێت و جەستە فێنك دەكاتەوە.

سەوزە گەڵادارەكان و تووەكان: سووكن بۆ هەرسكردن و پڕن لە دژەئۆكسان و مەگنیسیۆم.

ئاوی گوێزی هیندی: باشترین جێگرەوەی سروشتییە بۆ دەستكەوتنەوەی ئەلیكترۆلایتەكان.

ماسی (سەلەموون): پرۆتینێكی سووك و ئۆمیگا 3 بە جەستە دەبەخشێت بێ ئەوەی قورسایی لەسەر گەدە دروست بكات.

ئەو خۆراكانەی پێویستە سنووردار بكرێن:
دكتۆر محەمەد میرزا هۆشداریی دەدات لەوەی لە كاتی گەرمای زۆردا، دوور بكەوینەوە لە خواردنی زۆری بەهارات، سووركراوەی قورس، خواردنەوە گازییەكان، كافاینی زۆر (چای و قاوە)، چونكە پرۆسەی وشكبوونەوەی جەستە خێراتر دەكەن.

ڕێنوێنییە گشتییەكانی ئەم پسپۆڕە بۆ هاووڵاتییان ئەوەیە كە:
1-ڕۆژانە خواردنەوەی دوو بۆ سێ‌ لیتر ئاو (یان زیاتر ئەگەر لە دەرەوە بیت یان كار بكەیت).

2-خواردنی چەند ژەمێكی سووك و بچووك لە جیاتی ژەمە گەورە و قورسەكان.

3-دووركەوتنەوە لە بەركەوتنی ڕاستەوخۆی تیشكی خۆر لە سەعاتەكانی نیوەڕۆدا.



وشە - وشه‌