پسپۆرانی بواری دەروونی ئاماژە بەوە دەدەن كە كاتێك پلەكانی گەرما بەرز دەبنەوە و كەش زۆر گەرم دەبێت، راستەوخۆ كاریگەرییەكەی لەسەر دۆخی دەروونی مرۆڤ دەبێت، ئەوەیش وا دەكات مرۆڤ بەئاسانی كۆنترۆڵی تووڕەیی پێ نەكرێت و حاڵەتی بیركردنەوەی ناجێگیر بێت.
پێگەی "ئەهرام"ی میسری كە هەواڵەكەی لە پێگەی
"سكای نیوز" وەرگرتووە كە پسپۆرانی بواری دەروونی، قسەیان لەبارەی كاریگەریی بەرزبوونەوەی گەرما لەسەر دۆخی دەروونیی مرۆڤ بۆ كردووە، ئاماژە بەوە دەدەن كە كاتێك پلەكانی گەرما زۆر بەرز دەبنەوە، كۆنترۆڵی مێشك ئاسان نابێت و مرۆڤ زووتر تووڕە دەبێت، بۆ ئەوەیش بە هۆكارگەلێك كە لە دەوروبەری روو دەدەن، مرۆڤ بە ئاسانی ناتوانێ كۆنترۆڵی مێشكی بكات و كاردانەوەی بە تووڕەیی دەبێت.
پسپۆران بەپێی ئەو توێژینەوانەی پێشتر ئەنجام دراون باس لەوە دەكەن، شەپۆلەكانی گەرما تەنیا كاریگەرییەكەی لەسەر جەستە نابێت، بەڵكو كاردانەوەی لەسەر حاڵەتی میزاجیش دەبێت و تووڕەیی و هەستكردن بە پشووسواری لەلای مرۆڤ زیاتر دەكات.
توێژینەوەكان بەوە گەیشتوون كە هاوكێشەكانی تووڕەیی لە كاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و كردەی توندوتیژی و تەنانەت لە كاتی سەردانی نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن زیاتر دەردەكەون، هەموو ئەوانە پێوەندیدارن بە كێشە دەروونییەكان كە تەواویان لە كاتی بەرزبوونەوەی گەرمادا زۆر زیاتر هەڵدەكشێن.
لەبارەی كەشی گەرماوە پسپۆران ئامۆژگاری دەكەن كە زۆر پێویستە لە كاتی زۆر گەرمیی كەشدا هەرچی پێتان دەكرێ نەچنە دەرەوە، بەتایبەتی لە سەعات 10ی بەیانی تا شەشی ئێوارە كە ئەوكاتانە كەش زیاتر گەرم دەبێت، بۆیە باشترە بەڕێوەبردنی كارەكانتان بكەوێتە بەیانیی زوو و لەو كاتانەدا مێشك ئارام و هێمنتر دەبێت.
دووپاتی دەكەنەوە كە كاتێك لە دەرەوەن و كەشیش زۆر گەرم دەبێت، باشترە خۆتان بدەنەبەر بەر هەوای فێنك وەك ساردكەرەوە "موبەریدە" و سپلیت، یان زووزوو دەموچاوتان بە ئاوی سارد بشۆن. باشترە لە كاتی كەشی گەرمادا بەردەوام جانتایەكتان پێ بێت كە بوتڵێك ئاو و باوەشێن و خاولیی تێدا بكرێت.
دواتریش دەڵێن لە كەشی زۆر گەرمادا زیاتر مەترسییەكەی لەسەر منداڵ و كەسانی بەساڵاچوو دەبێت، ئەگەری زۆرە تووشی بوورانەوە و سەرئێشە و تووڕەیی زیاتر ببن، بۆیە لەو كاتەدا پێویستە بگوازرێنەوە بۆ شوێنێكی فێنكتر تا مەترسییەكەیان لەسەر كەمتر ببێتەوە.