هەستی بۆنكردن پێوەندی بە كێشەكانی مێشكەوە چییە؟

:: PM:10:25:15/07/2026 ‌

شارەزایانی تەندروستی ئاماژە دەكەن كە لاوازی و نەمانی هەستی بۆنكردن لە نیشانە سەرەتاییەكانی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دەمار و مێشكە، وەك ئەلزەهایمەر و پاركنسۆن، كە لەوانەیە 10 ساڵ زووتر لە دەركەوتنی نیشانەی تری ئەو نەخۆشییانە كێشە لە بۆنكردن دروست ببێت.

بەپێی توێژینەوەیەكی پێشوو 90%ی تووشبووان بە پاركنسۆن و 85%ی تووشبووان بە ئەلزەهایمەر لە قۆناغێكی زوودا تووشی كێشەی بۆنكردن بوونە، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە لاوازبوونی بۆنكردن، رەنگە نیشانەیەكی دیاری كێشە لە مێشك بێت، بۆیە ئەوان بۆنكردنیان كردووەتە تاقیكردنەوەیەك بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانكردنی ئەو نەخۆشییانە، وەك رۆژنامەی "واشنتن پۆست" باسی كردووە.

دێڤید ڤانس مامۆستای دەروونناسی لە زانكۆی ئەلاباما لە بێرمنگهام دەڵێت، ئەگەر هەستی بۆنكردنی كەسێك زۆر لاواز بوو، رەنگە ئەوە وەك زەنگێكی ئاگەداركردنەوە بۆ ئەگەری دەركەوتنی كێشە لە مێشك لە داهاتوو بێت، ئەوە لەوكاتەی شارەزایان ئاماژە دەكەن كە دەتوانرێت توانای بۆنكردن لە رێگەی راهێنان لەسەر بۆنكردن بگەڕێندرێتەوە.

ئەوەش لە رێگەی راهێنان لەسەر بۆنكردنی بۆنە جیاوازەكان و بە شێوەیەكی دووبارەبووەوە، جا هەستی بۆنكردن ئاسایی بێت یان نا، راهێنانەكەش وەك ئەوە وایە راهێنان بە مێشك بكرێت، چونكە لەدەستدانی هەستی بۆنكردن بەهۆی بچووكبوونەوەی چەند بەشێكی مێشك دەبێت و راهێنانی بۆنكردن قەبارەی ئەو ناوچانە و چالاكییان زیاتر دەكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل