ڤیاگرا یەكێكە لە دەرمانەكانی بۆ چارەسەركردنی لاوازیی رەقبوونی ئەندامی نێرینە بەكار دەهێنرێت، واتە بابەتەكە پێوەندیی بەوانەوە هەیە كە كێشەیان هەیە، بەڵام هەندێك كەس سەرەڕای بەكارهێنانی ئەو دەرمانە هێشتا كێشەكەیان بەردەوامە و پێیان وایە دەرمانەكە وەك پێویست كار ناكات، شارەزایانی تەندروستی چەند هۆكارێك بۆ ئەو حاڵەتە باس دەكەن.
لەو هۆكارانەی وا دەكەن كە ڤیاگرا بە شێوەیەكی باش كار نەكات، بەكارهێنانیەتی بە هەڵە یان بە بڕێكی كەمتر لە پێویست، یان بوونی كێشەیەكی شاراوە و وەرگرتنی هەندێك دەرمانی تر لەگەڵیدا، رەنگە ئەو كەسە بەر لە 30 خولەك لە خواردنی سێكس بكات، واتە هێشتا كاری نەكردووە، یان ماوەیەكی زۆر دوای وەرگرتنی، بەتایبەتی وەرگرتنی لەگەڵ ژەمێكی چەوری خۆراك كاركردنی سست دەكات، یان وەرگرتنی لەگەڵ كحول كە لاوازیی رەقبوون دروست دەكات، یان وەرگرتنی لەگەڵ مادەی هۆشبەر كە ئەویش بە هەمان شێوە كێشە بۆ رەقبوون دروست دەكات.
رەنگە هۆكارێكی تر وەرگرتنی بڕێكی كەمتر لە پێویستی
ڤیاگراكە بێت، یان بەهۆی حاڵەتێكی شاراوە لە لەش ڤیاگراكە ناتوانێت چارەسەری بكات، وەك بەرزیی پەستانی خوێن یان جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە و كێشەی دڵ و لوولەكانی خوێن، لەوانە رەقبوونی خوێنبەرەكان یان نەخۆشییەكانی دەمار و گورچیلە و چارەسەری شێرپەنجەی پرۆستات و كەمبوونەوەی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن.
هەروەها شێوازی هەڵەی ژیانكردن، وەك زۆر سەیركردنی فیلمی پۆرن و جگەرەكێشان و كەمجووڵانەوە و قەڵەوی، كاریگەریی لاوەكیی وەرگرتنی هەندێك دەرمان وەك دژەخەمۆكی و پەكخەری ئارەزووی خواردن و دەرمانەكانی بەرزیی پەستانی خوێن و برینی گەدە و ئازارشكێنەكان، لایەنی دەروونیش هۆكارێكی ترە، وەك خەمۆكی و رارایی و ترس لە شكستهێنانی سێكسی.