ئێستە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بە گەرمترین مانگەكانی ساڵ تێپەڕ دەبن، رەنگە لەسەر خۆت یان لە كەسانی دەوروبەرت تێبینی ئەوت كردبێت كە لەگەڵ هەڵكشانی پلەكانی گەرما، توڕەیی و هەڵچوون و شەڕانگێزیی ئەوانیش زیادی كردووە، ئەوەش پرسیار دروست دەكات ئاخۆ هۆكارەكەی چییە؟
بەپێی چەند
راپۆرتێكی زانستی، لەگەڵ زیادبوونی پلەی گەرما هەستی دڵتەنگی و شەكەتیی دەروونی و شەڕانگێزیی مرۆڤ زیاد دەكات، كاتێك لەشی مرۆڤ هەوڵ دەدات پلەی گەرمی ناوەوەی لەش لە نزیك 37 پلەی سەتی جێگیر بكات، بۆیە ئەوكاتانەی پلەی گەرمی دەوروبەر بەرز دەبێتەوە، لەش ئەركی زیاتر دەكێشێت بۆ ساردككردنەوەی لەش لە رێگەی ئارەقەكردن و رەوانەكردنی خوێنی زیاتر بۆ پێست، ئەو ئەركە بەردەوامەش بەشێك لە وزەی لەش دەبات، بۆیە ئەو كەسە هەست بە شەكەتی و رارایی دەكات.
شارەزایانی تەندروستی پێیان وایە گەرمی زۆر، شەكەتی و وشكهەڵگەڕان و شێوانی خەو دروست دەكات، كە ئەوانەش راستەوخۆ پێوەندییان بە كەمبوونەوەی كۆنترۆڵكردنی هەست و هەڵچوون و كاردانەوە هەیە، رەنگە بۆ كاریگەربوونی میزاجی كەسێك، پێویست بەوە نەكات تێنووی بێت، چونكە لەدەستدانی بڕێكی كەمی شلەی لەش بەهۆی گەرمییەوە كار لە فەرمانەكانی مێشك و تەركیزی مرۆڤ دەكات، بۆیە وشكهەڵگەڕان سەرئێشە و شەكەتی و لاوازیی تەركیز و گۆڕانی میزاج دروست دەكات، ئەوانەش وا دەكەن ئەو كەسە دەمارگیر و توڕە بێت.
رەنگە بەهۆی گەرمییەوە شەو خەوت لێ نەكەوێت یان لەخەو خەبەرت بێتەوە، ئەو كاتەشی مێشك حەسانەوەی پێویستی لە خەو نابێت، توانای كۆنترۆڵكردنی كاردانەكانی كەم دەبێتەوە، كار لە میزاجی ئەو كەسە دەكات و زیاتر لە هەڵوێستەكانی هەستیار دەبێت، بۆیە لە نیشانەكانی ئەوەی گەرمی كاری تێ كردوویت، زوو تووڕەبوون و هەڵچوون و زەحمەتیی تەركیز لە كار و خوێندن و هەستكردن بە شەكەتی بێ پاساو و زیادبوونی رارایی و نیگەرانی و سەرئێشە و لاوازیی توانای بڕیاردان.