توێژینەوەیەكی نوێ لە ئەمەریكا لەبارەی سوود و زیانەكانی كافاین كراوە، تێیدا دووپات كراوەتەوە كە كافاین بەشێوەیەكی تەندروست بەكار بهێنرێت و زێدەڕۆیی زۆری تێدا نەكرێت، نەك هەر زیان بە تەندروستیی مرۆڤ ناگەیەنێت، بەڵكو سوودەكانی بۆ دڵ و شەكرە و دەمارە خوێنییەكان زیاتر دەبێت.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەو توێژینەوە نوێیەی لەبارەی سوود و زیانەكانی كافاین بڵاو كردووەتەوە كە كۆمەڵەی دڵی ئەمەریكی، بە ناونیشانی "كافاین و نەخۆشییەكان دڵ و دەمارە خوێنییەكان" كراوە، تێیدا بە وردی باس لەوە كراوە كە كافاین زیانمەند نییە ئەگەر زێدەڕۆیی لە بەكارهێنانی نەكرێت، چونكە پێشتر زیاتر باس لە زیانەكانی كراوە، بەڵام بەو توێژینەوە نوێیەیە بەوە گەیشتوون كە ئەگەر زێدەڕۆیی لە بەكار هێنانی نەكرێت، ئەوان سوود بە دڵ و شەكرە و دەمارەكان و مێشكیش دەگەیەنێت.
لەبارەی رێژەی كافاین ئەگەر رۆژانە بەكار بهێنرێت، توێژەران دەڵێن، ئەگەر رۆژانە بڕی 400 ملیگرام كافاین بەكار بهێنرێت كە دەكاتە سێ تا پێنج فنجانی قاوە، بێگومان ئەویش بەپێی قەبارەی فنجانەكە و جۆری قاوەكە دەگۆڕێت، ئەوا بۆ خواردنەوەی ئەو قاوەیە و ئەو رێژە و بڕە، بە سەلامەت هەژمار دەكرێت، بەو مەرجەی قاوەكە شەكری زۆری تێدا نەكرێت. ئەوكات ئەو كافاینە نەك هەر زیانی نابێت، بەڵكو ئاستی نەخۆشییەكانی دڵ و شەكرە و مێشكیش دادەبەزێنێت و سوودی زیاتر دەگەیەنێت.
بۆیە توێژەران دووپاتی دەكەنەوە كە ئەگەر زێدەڕۆیی لە رێژەی كافاینی رۆژانە نەكرێت و بڕی 400 ملیگرام بەكار بهێنرێت، ئەوكات سوودی بۆ نەخۆشییەكانی شەكرەی جۆری دووەم، دڵ بەشێوەی گشتی، وەستانی دڵ و مێشك، هەروەها تێكچوونی سیستمی لێدانی دڵ دەبێت.
دواتریش دكتۆر گریگۆری ئێم- ماركۆس كە مامۆستایە لە كۆلیژی پزیشكی لە زانكۆی كالیفۆرنیا دەڵێت، ئەو كافاینەی لەناو قاوەدا هەیە، وای لێ هاتووە رۆژانە ملیۆنان كەس لە دنیادا دەیخۆنەوە. ئەوەیش دەڵێ كە بەپێی بەڵگە زانستییەكان ئەگەر زێدەڕۆیی لە بەكارهێنانی ئەو كافاینە نەكرێت، كاریگەریی لەسەر نەخۆشییەكانی دڵ نابێ و بەڵكو سوودی پێ دەگەیەنێت.
ئەو پزیشكە دووپاتی دەكاتەوە كە ئەگەر رێژەی ئەو كافاینەی بەكار دەهێنرێت زۆر بێت وەك لە خواردنەوە وزەبەخشەكاندا هەیە، ئەوكات كاریگەریی نەرێنیی لەسەر دڵ دەبێت و پاڵەپەستۆی خوێن بەرز دەكاتەوە و سیستمی لێدانی دڵ تێكدەدات، بۆیە باشترین رێگە بۆ سوودوەرگرتن لە كافاین كە لەناو قاوە و چایدا هەیە، زێدەڕۆیی لە خواردنەوەیان نەكرێت بۆ تەندروستییەكی باشتر.