ئەگەر خۆراكی ماوەبەسەرچوو بخورێت چی دەبێت؟

:: PM:08:11:21/07/2026 ‌

زۆرینەی كاڵاكان لە خۆراك و دەرمان و تەنانەت ئەوانەشی ناخورێن، كاتی بەسەرچوونیان لەسەرە، شارەزایان پێیان وایە رەنگە ئەوەی لەسەریان دەنووسرێت ورد نەبێت، بەڵام مرۆڤەكان وریا دەكاتەوە لە بەكارهێنانی، بەتایبەتی مادە خۆراكییەكان، كە ئەگەر لە شوێنی دروست هەڵبگیرێت، رەنگە راستەوخۆ دوای تەواوبوونی ئەو ماوەی لەسەریان نووسراوە زیانی گەورەیان نەبێت.

بەپێی شارەزایان ئەو وادە بەسەرچوونەی لەسەر مادە خۆراكییەكان دەنووسرێت بریتییە لە خەمڵاندنی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێن بۆ كۆتاهاتنی زیاترین ئاستی سوود و كوالێتییەكەی نەك سەلامەتی، بۆیە خواردنی خۆراكی ماوەبەسەرچوو مانای تووشبوون بە نەخۆشییەكان نییە، ئەگەرچی رەنگە هەندێك نیشانەی سووك بەهۆی گۆڕانی چێژ و كوالێتییەوە دروست بكات.  

بەپێی شارەزایان بابەتی ژەهراویبوون بە خۆراك زیاتر بەهۆی پیسبوونی خۆراكە بە بەكتریای زیانبەخش، وەك سالمۆنێلا، نەك شیبوونەوەی سروشتیی خۆراكەكە، ئەوەی جێی نیگەرانییە رەنگە پیسبوونەكە بێ گۆڕانكاری لە شێوە و بۆن و چێژی خۆراكەكە دروست ببێت، بۆیە بۆ زانینی تێكچوونی خۆراك و سەلامەتییەكەی، پێویستە پشت بە هەستەكانیش ببەسترێت، وەك شێوە و بۆن و چێژ، هەروەها ئەگەر خۆراكەكە وەك پێویست ئەمبار نەكرابێت و بەر پلەی بەرزی گەرمی كەوتبێت، یان لەقوتوونراوەكان ئاوساو بن، هەندێك خۆراكیش هەن هەستیارترن بۆ تێكچوون، وەك گۆشت و ماسی و هێلكە و پەنیر و ماست شەربەت و میوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل