هەمیشە ئەو كەسانەی بە سروشتی مووی قژ و جەستەیان سوورە بە كەسانی دەگمەن هەژمار كراون، دووپات لەوە كراوەتەوە، ئەو جۆرە قژە سروشتییە لە دنیادا ڕوو لە كەمبوونن و لە داهاتوودا مرۆڤ وەچەی لەمجۆرە ناتوانێ بخاتەوە، بەهۆی لەناوچوونی جیناتی بەرپرس لە سووربوونی قژ بەشێوەیەكی سروشتی.
زانایان ئەو باوەڕەی كە قژسوورەكان لەناو دەچن و بوونیان نامێنێت، بە تەواوی رەت دەكەنەوە و دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەو دەنگۆیەی باس لە نەمانیان دەكات، هیچ بنەمایەكی زانستی نییە.
بەگوێرەی
توێژینەوەكان، لە دنیادا یەك تا دوو لە سەدی مرۆڤەكان بە سروشتی قژیان سوورە، ئەو ڕێژەیەیش زۆری كەوتووەتە سكۆتلاند و ئێرلەندا، كە ڕێژەی 10% دانیشتووانی بەشێوەیەكی سروشتی قژ و موویان سوورە. بەهۆی كەمیی ڕێژەیان، بوونیان بە حاڵەتێكی دەگمەن دادەنرێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەك هەڕەشەی نەمانی ئەمجۆرە تایبەتمەندییە لە مرۆڤەكان بوونی نییە.
هۆكاری سووربوونی سروشتیی قژ و مووی جەستەی ئەو جۆرە كەسانە، بۆ جۆرە جیناتێك دەگەڕێتەوە بە ناوی MC1R كە بەرپرسە له بەرهەمهێنانی ڕەنگ لە جەستەدا، ئەگەر كەسێك دوو كۆپی ئەو جیناتەی لە دایك و باوكیەوە پێ بگات كە لە دوو پۆلێنی جیاواز بن، ئەوا جەستەی منداڵەكە ڕێژەیەكی یەكجار زۆری بۆیەی فیومیلانین دروست دەكات، بەمشێوەیەیش ڕەنگی مووی منداڵەكە سوور یان زەرد دەبێت، لەبری ئەوەی بۆیە تاریك و تۆخەكان كە بریتین لە یۆمیلانین.
لەگەڵ ئەوەیشدا لادانی بەردەوامی ئەو جیناتە وایكردووە كە هەندێ كەس خاوەنی ئەو جیناتەیش بن، بەڵام قژی منداڵەكانیان سوور نەبێت، بەڵام لە نەوەكانی داهاتوو، ئەو جیناتە دووبارە گۆڕانكاری بەسەردا دێ و منداڵی نهوهكانیان قژسوور دەبن، بۆیە هەڕەشەی لەناوچوونیان بە تەواوی دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەكی زانستی نییە.