لەگەڵ بەسەرچوونی تەمەندا، نەخۆشیی پرۆستات بۆ پیاوان بە ئاسایی دەبینرێت و لەگەڵیدا پێویستە چاودێریی گەورەبوونی بكرێ و چارەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی نەگاتە ئاستی نەشتەركاری. پزیشكی پسپۆر لەبارەی نیشانەكانی پێشوەختەی پرۆستات زانیاریی دەخاتەڕوو كە زۆرجار پیاوان حاڵەتەكانی پرۆستات فەرامۆش دەكەن.
بەشی زانست و تەندروستیی پێگەی
"شەرق ئەوسەت" كە زانیارییەكانی لە پزیشكانی پسپۆر وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، ئەگەری هەیە لەگەڵ بەسەرچوونی تەمەن، نەخۆشیی پرۆستات روو لە پیاوان بكات بەتایبەتی دوای ئەوەی تەمەن دەكەوێتە سەرووی 50 ساڵ، لەو قۆناغەی تەمەنی پیاواندا ئەگەری زۆرە پرۆستات گەورە بێت و وردە وردە نیشانەكانی دەربكەون، زۆرجاریش پیاوان نیشانەكانی ئەو نەخۆشییە فەرامۆش دەكەن و رەنگە ئاكام بۆ چارەسەركردنی تووشی نەشتەركاری ببێت.
پزیشكان لەبارەی نیشانەكانی پرۆستات زانیاریی زیاتر دەخەنەڕوو كە زۆر گرنگە پیاوان بایەخی زۆری پێ بدەن، بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی نیشانەكان. بۆ نموونە زۆر میزكردن، یان لاوازیی میزكردن و زۆر جاریش بەرلەوەی میزڵدان بەتاڵ بێت، كەسەكە هەست دەكات بەتاڵ بووە و ئیتر میزی نایەت، لە كاتێكدا وا نییە و جارێ میزڵدان بەتاڵ نەبووە.
لەبارەی نیشانەكانی پرۆستات زیاتر دەڵێن كە نیشانەكانی گەورەبوونی وردە وردە دەردەكەون، رەنگە ئەوەیش هۆكار بێت كە زۆرجار پیاوان فەرامۆشی دەكەن. نیشانەی پێشوەختەی پرۆستات وەك زۆر میزكردنی شەوانە، دەرچوونی میز بە لاوازی و ئەستەمی لە میزكردن، هەموو ئەوانە هی ئەوەن كەسەكە سەردانی پزیشك بكات و پشكنین بۆ حاڵەتەكەی بكات.
لەبارەی نیشانەكانی پێشوەختەی نەخۆشییەكە پزیشكان دووپاتی دەكەنەوە، شەوانە چەندان جار هەستان بۆ میزكردن. میزكردن ئاسایی نابێت و زۆر بە لاوازی دەردەچێت. زۆرجار ماوەیەكی زۆر دەوێت تا كەسەكە دەتوانێ میز بكات و ئەوەیش تووشی كزانەوەی میزڵدان و بۆڕیی چووك دەبێت. جاریش هەیە كەسەكە هەست دەكات میزی دێت و لە كاتی میزكردندا میز دەرناچێت، یان دڵۆپ دڵۆپ میز دەردەچێت، بەوەیش میزڵدان بەتاڵ نابێت و كەسەكە بەردەوام هەست دەكات میزی دێت.
لەبارەی حاڵەتی مەترسیش دەڵێن، ئەگەر بینرا لەگەڵ میزكردندا خوێن دەردەچێت، یان گەیشتە ئەو ئاستەی كەسەكە بەهیچ شێوەیەك ناتوانێ میز بكات، لەوكاتانەدا پێویستە راستەوخۆ سەردانی پزیشكی پسپۆر بكات.
لەبارەی چارەسەری پرۆستات دووپاتی دەكەنەوە، پێویستە چاودێریی و گۆڕانی جۆری ژیانی كەسەكە بكرێت، لە هەمووی گرنگتر ئەگەر گەیشتە ئاستی دەرنەچوونی میز، پێویستە نەشتەركاریی بۆ بكرێت بۆ كردنەوەی رێڕەوی میز، بێگومان ئەوەیش دوا قۆناغی نەخۆشییەكەیە.