شتێكی ئاساییە مرۆڤ هەندێك جار شت لەبیر بكات، وەك ناو و شوێن و شتەكان، رەنگە دوای بیركردنەوە بۆ چەند خولەكێك بیری بێتەوە و رەنگە زیاتر و لەوانەیە هەر بیری نەیەتەوە، شارەزایان چەند نیشانەیەكیان دیاری كردووە و پێیان وایە بەدەر لەوانە لەبیركردن شتێكی ئاسایی بێت.
مرۆڤ لەبەر چەندان هۆكارەوە تووشی شتلەبیركردن دەبێت، لەوانە چوونە ناو تەمەن یان نەخۆشی و شەكەتی و جەنجاڵی بیر و بیركردنەوە و كەمخەوی و رارایی، د. ناسانیال چین پسپۆڕی پزیشكیی پیری و بەڕێوەبەری توێژینەوەكانی ئەلزەهایمەر لە زانكۆی ویسكۆنسنی ئەمەریكی دەڵێت، لەگەڵ چوونە ناو تەمەن كەمبوونەوە خێرایی بیركردنەوە و بیرهاتنەوەی زانیارییەكان شتێكی ئاساییە، بەتایبەتی ئەگەر ئەو كەسە بتوانێت كاروباری دارایی خۆی و پابەندی بە وادە ناسینەوەی شوێنەكان بەڕێوە ببات و كاری نەكردبێتە سەر كاروباری رۆژانەی.
د. چین دەڵێت، سێ ئاماژەی سەرەكی هەن پێویست دەكات ئەوكات مرۆڤ سەردانی پزیشك بكات، دووبارەبوونەوەی حاڵەتەكە بۆ چەند جارێك لە رۆژێكدا، دووەم بەردەوامبوونی حاڵەتەكە سەرەڕای بەكارهێنانی ئامرازی یارمەیدان بۆ بیرهاتنەوە وەك دانانی كلیلەكان یان مۆبایل لە شوێنێكی دیاریكراو، سێیەم كاری لە بەجێگەیاندنی چالاكییەكانی رۆژانە كردبێت، یان بەتەواوەتی ئەو كەسەی بێزار كردبێت.
جیا لەوانە جیاوازییەك لە نێوان شێوە و قەبارەی شتە لەبیركراوەكان هەیە، وەك ئەوەی لە ناوەڕاستی قسەكردن سەرەداوی بابەتەكە لەبیر بكەیت یان بەتەواوەتی نەزانیت ئاخۆ ئەو قسەیەت كردووە یان نا، كە رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ شێوانێكی مەترسیدارتر، بۆیە شارەزایان دەڵێن، نابێت لەبیركردن فەرامۆش بكرێت، بەتایبەتی ئەگەر چەند نیشانەیەكی لەگەڵدا بێت، لەوانە گۆڕانی كتوپڕ لە بینین یان نوستن یان توانای بڕیاردان.