زمانی کوردی بەدەست بەکارنەهێنانی ڕێنووسەوە دەناڵێنێت نەک نەبوونی ڕێنووس

:: AM:10:48:27/12/2020 ‌

 

دیاکۆ هاشمی ڕێنوێنکاری زمان و شارەزا لە ڕێزمانی کوردی لەو چاوپێکەوتنەدا بۆ "وشە" تیشک دەخاتە سەر ئاستەنگییەکانی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی و ڕای دەگەیەنێت، بۆ ئەوەی زمانەکەمان ئامادە بکەین تا ببێتە بنەما بۆ کاری دیجیتاڵی و بتوانێت لە ڕەوتی بەدیجیتاڵیزەبووندا بەشداری بکات، دەبێت هەموومان بە یەک شێوە بنووسین، ئەگینا لەم ڕەوتەدا تووشی کێشە دەبین و دەکەوینە دواوە.

ڕێنووسێکی یەکجۆر بەر لە هەموو شتێک خۆمان لە دوودڵی دەردەهێنێت .

 

* زمانی کوردی بەدەست نەبوونی ڕێنووسێکی یەکگرتووەوە دەناڵێنێت، ئەگەرچی ئەو پرسە زۆر ورووژاوە، بەڵام چارەسەر نەبووە، هەبوونی ڕێنووسێکی یەکگرتوو بۆ زمان چ گرنگییەکی هەیە؟

لە پێشدا حەز دەکەم ئاماژە بەوە بکەم کە وەک چۆن لە هیچ زمانێکی تردا وشەی "یەکگرتوو" بەکار ناهێنرێت دەستەواژەی ڕێنووسی زمانی کوردی Kurdish orthography بۆ مەبەستەکە بەسە و واتاکە دەگەیەنێت.

هەروەها هاوڕای ئەوە نیم کە زمانی کوردی بەدەست نەبوونی ڕێنووسەوە بناڵێنێت، بەڵکوو بەدەست بەکارنەهێنانی ڕێنووسەوە دەناڵێنێت.

بۆ ڕێنووس بۆ زمان گرنگە؟مرۆڤ زۆر جار که شتێک لە هزریدا کۆ بووەتەوە ویستوویەتی خەڵکی تری لێ ئاگادار بکاتەوە، پێویست بووە بنووسرێن و پاشەکەوت بکرێن تا بتوانرێن بۆ کەسانێکی زیاتر بگوێزرێنەوە. هەر بۆیە کەم کەم بیر لە نووسین کرایەوە.

دەبێت ڕێک بکەوین کە وشەی لێکدراو و داڕێژراو چۆن بنووسین .

نووسینیش بە وشە دەکرێت و پێکهاتەی وشە جۆربەجۆرە: سادەیە، داڕێژراوە، لێکدراوە، داتاشراوە، قرتێنراوە، موتوربەکراوە، دەبێتە کردار، گەردان دەکرێت. جێناو دەکەوێتە نێوانیان، دەبنە ڕستە. بۆ درووستنووسین تەنانەت هێمای خالبەندیش زیاد کراوە. ڕێنووس گرێبەست و ڕێککەوتنێکە کە چۆن ئەوانە بە یەک شێوە بنووسرێن.

بۆ ئەوەی نووسینەکان بە سادەترین، خێراترین و بێهەڵەترین شێوە مەبەستەکە بنوێنن، نیشانە، هێما، ژمارە و پیت داهێنران کە بۆ نووسین کەڵک لەوانە وەردەگیرێت. لە دنیای ئایتیدا بە هەر کام لەوانە دەوترێت نووسە.character 

لەم سەردەمەدا نووسین تەنها لەسەر پەڕە کاغەزێکی دەستنووس نامێنێتەوە، نووسەکان دەکرێنە کۆد، تەنانەت دەکرێنە شەپۆلەدەنگ و بە کرتەیەک دەنێردرێن بۆ ئەملا و ئەولا، یان پاشەکەوت دەکرێن، بۆ نموونە لە پرۆگرامێکی سادەی نووسینەوە بگرە هەتا بنکەدراوە databaseیەک لە فەرمانگەکان و شوێنە فەرمی و نافەرمییەکان و تەنانەت لەسەر ئینتەرنێت و پلاتفۆرمەکان و هتد. دەکرێنە هەوێن بۆ وشەنامە، وەرگێڕان، پڕۆژەی زمانی و لێکۆڵینەوەیی و هەزاران شتی جۆربەجۆری تر. تەنانەت دەکرێنە بنەما بۆ گۆڕینی نووسین بۆ دەنگ. یان بەپێچەوانەوە دەنگ بۆ نووسین.

ئێستە لە (Google dokument)ێکدا لە باتیی ئەوەی بنووسیت، بەبێ ئەوەی دەست و پەنجە بەکار بهێنیت، دەتوانیت بەس بە قسەکردن، قسەکانت بگۆڕیت بۆ نووسین. ئەم ڕاژەیە بەخۆڕایی تەنانەت بۆ زمانی فارسی و عەرەبیش هەیە، بەس بەداخەوە هێشتا بۆ کوردی نەکراوە.

گەشەی زمان تێکەڵێکە لە یاسا و ڕێسای زمان و شارەزایی لە بواری ئایتی و کۆمپیوتەر .

بۆ ئەوەی زمانەکەمان ئامادە بکەین تا ببێتە بنەما بۆ کاری دیجیتاڵی و بتوانێت لە ڕەوتی بەدیجیتاڵیزەبووندا بەشداری بکات، دەبێت هەموومان بە یەک شێوە بنووسین، ئەگینا لەم ڕەوتەدا تووشی کێشە دەبین و دەکەوینە دواوە.

ڕێنووسێکی یەکجۆر، پێش لە هەر شتێک خۆمان لە دوودڵی دەردەهێنێت، کەوا بێت لە خاڵی دەستپێکەوە گیر ناکەین. ئەگەر ئەو وشەیە لە بنکەدراوەیەکی زەبەلاحی وەک ئینتەرنێت دابنێین، ئەگەر کەسێک کە بەدوای ئەوەدا بگەڕێت یەکسەر دەیدۆزێتەوە. ئەگەر وشەیەک کۆگا بکەین و بۆ خەڵک نەدۆزرێتەوە چ سوودێکی دەبێت؟

ئینتەرنێت زەبەلاحترین ڕایەڵەی جیهانە و هەموو ئەم دنیایە بە شتی جیاواز و شێوەی جۆربەجۆر خۆیان پێوە گرێ داوە، بۆ نموونە لەڕێی "گووگڵ" گەورەترین دابینکەری وێبگەڕ: www.google.com

وەک دەزانن وشەی سادەی (day) بە کوردی، بە دوو شێوە دەنووسرێت: ١. ڕۆژ. ٢. رۆژ.

تا ئێستە کاریگەریی زمانی تر بەسەر زمانی کوردییەوە دیارە .

ئێستە خۆتان لە گووگڵدا بەجیا دانە بە دانە بە شوێن ئەو دوو وشانەدا بگەڕێن. دەبینن کە دەرەنجامەکان وەکوو یەک نین، ماڵپەڕەکان و وێنەکان و نووسینەکانیش وەکوو یەک دەرناکەون. دوو شتی بەتەواو جیاواز دەردەکەون. ئێستە لە ساتی نووسینی ئەم وەڵامە ئەم دەرەنجامانە دەست دەکەون، بێگومان دەرەنجامەکان بەردەوام لە گۆڕاندان:

"day" نزیکەی (10480000000) دەرەنجام.

"رۆژ" نزیکەی (2087000) دەرەنجام.

 "ڕۆژ" نزیکەی (1077000) دەرەنجام.

زمانی دیجیتاڵی هەمووی لەسەر بنەمای سفر و یەکە .

واتە لە ئینگلیزیدا بەس یەک شێوە نووسین بۆ ئەو وشەیە هەیە و بە یەک جار نووسین هەموو دەرەنجامەکان دەرکەوتن. بە کوردی چونکە وشەکە بە دوو شێوەی جیاوازی (رۆژ) و (ڕۆژ) دەنووسرێن، هەموو وشەکان بە یەک گەڕان نادۆزرێنەوە.

ئەمە وشەیەکی زۆر سادە بوو، ئێستە وەرن وشەی (west) بە کوردی تاقی بکەینەوە. ئەم وشەیە لە کوردیدا بە شەش شێوەی جۆربەجۆر دەنووسرێت:

ڕۆژ ئاوا، ڕۆژئاوا، ڕۆژاوا، رۆژ ئاوا، رۆژئاوا، رۆژاوا

"west" نزیکەی (30340000000) دەرەنجام.

"ڕۆژ ئاوا" نزیکەی (431000) دەرەنجام.

"ڕۆژئاوا" نزیکەی (546000) دەرەنجام

"ڕۆژاوا" نزیکەی (124000) دەرەنجام.

"رۆژ ئاوا" نزیکەی (511000) دەرەنجام.

"رۆژئاوا" نزیکەی (253000) دەرەنجام.

"رۆژاوا"  نزیکەی (33008) دەرەنجام

بۆ هەر کام لەوانەش ماڵپەڕی جیاواز، وێنەی جیاواز دەرکەوتوون، ئەمە کارەساتێکی زۆر گەورەیە، دەبێت ڕێک بکەوین کە وشەی لێکدراو و داڕێژراو چۆن بنووسین، ئەگینا هەر وا بەردەوام دەبین، زەبری زمانیی لێ دەوەشێتەوە.

ئەمانە بەس چەند نموونەیەکی بچووک بوون کە ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر ڕێنووسی یەکدەست نەبێت چۆن زمان پەکی دەکەوێت.

 

* هۆکار چییە کە تا ئێستە زمانەکەمان نەبووەتە خاوەنی ڕێنووسێکی یەکدەست و یەکگرتوو؟

ئەگەر چاو لە دەقە کۆنە کوردییەکان بکەین دەبینین کە ڕێنووسی کوردی ڕەوتێکی دوورودرێژی بڕیوە. هەر لە شیعرەکانی نالییەوە بگرە هەتا نووسینەکانی سەردەمی شێخ مەحموود، نووسەرە پێشەنگەکان، کۆڕی زانیاریی کورد، کتێبی قوتابخانەکان، سەدان نووسەر، دەزگای چاپ و ڕاگەیاندن، زمانزان و شارەزا و مامۆستا، هەتا ئێستە کە ئەکادیمیای کوردی دوانامیلکەی لە ساڵی ٢٠١٣دا بڵاو کردووەتەوە. ئەم ڕێنووسە بەردەوام لە گۆڕاندا بووە.

پێویستە شارەزایانی زمان تەنیا خۆیان بە خاوەنی زمان نەزانن .

کێشە لەوەدا نییە کە زمانەکە لە گۆڕاندایە، چونکە ئەوە کردەیەکی سروشتییە و هەموو زمانێک دەگرێتەوە، کێشەکە لەوەدایە کە زۆر زۆر کتێبی جۆربەجۆری ڕێنووسمان هەیە بێ ئەوەی یەک شوێنی تایبەتی بکەینە سەرچاوەی بنەڕەتی. گۆڤارەکانمان وەکوو یەک نانووسن، چاپەمەنییەکانمان یەکدەست نین، ڕاگەیاندنەکانمان جیاواز دەنووسن. ڕێنووسی کتێبی قوتابخانەکانمان وەکوو یەک نین.

کێشەکە ئەوەیە خەڵک لە دەوری ڕێنووسەکەی ئەکادیمیا خۆی کۆ ناکاتەوە، یان لێی ئاگادار نین یان لەبەر هەندێک کەموکووڕی بایەخی پێ نادەن. ئەکادیمیاش خۆی لەو بارەوە زۆر چالاک نییە و ئەم ناچالاکبوونە خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵک هەر نەزانێت ئەکادیمیا ڕێنووسێکی هەیە.

دەرچوویەکی زانکۆ بەتەما بوو کتێبێکی ڕێنووس بنووسێت، کاتێک باسی ڕێنووسەکەی ئەکادیمیام بۆ کرد زۆری پێ سەیر بوو، هەر نەیبیستبوو ئەکادیمیا نامیلکەی ڕێنووسی هەیە. بۆیە زۆر کەس بە چێژی خۆیان دەکەونە بیری نووسینی کتێبی ڕێنووس. خەڵکی دوودڵیش لەوەی کە هەیە زیاتر سەریان لێ دەشێوێت. ئەگەر دەرچوویەکی زانکۆی کوردی کە کتێبی ڕێنووس دەنووسێت ئاگاداری نامیلکەی ئەکادیمیا نەبێت خەڵکی تر دەبێت چۆن بن؟

هەر کەسێک بە چێژی خۆی دەنووسێت. ئەوەی ئەکادیمیاش (بەڕۆژ update) ناکرێتەوە و بە شێوەی (سەرهێڵ online)و (بزۆکdynamic) و بووژاو نییە، هەر بۆیە خەڵک بەپێی نامیلکەی جۆربەجۆر، یان بەپێی حەزی تاکەکەسی و چێژی خۆی، ڕێنووسێکی پرشوبڵاوی گرتووەتە بەر. خەڵک بەگشتی پێی وا نییە کە ڕێنووسێکی یەکدەست بوونی هەیە.

 

* ئێوە وەک کەسێکی پسپۆڕ کە چەند دەیەیە لەبواری یەکدەستکردنی ڕێنووسدا کار دەکەن، چ پێشنیازێکتان هەیە بۆ ئەوەی ڕێنووسێکی یەکگرتوو بۆ زمانی کوردی پێڕەو بکرێت؟

ئەمڕۆ گەشەی زمان تێکەڵێکە لە یاسا و ڕێسای زمان و شارەزایی لە بواری ئایتی و کۆمپیوتەر.

زۆر ئاسایییە کە زمانەوانێک کە لە سەردەمی کتێبدا بڕوانامەی وەرگرتووە و بووە بە پسپۆڕی زمانی کوردی و ئێستەش تەمەنی چووەتە سەرەوە ئاگاداری ئایتی و تەنانەت کۆمپیوتەریش نەبێت، زۆریش ئاسایییە کە ئایتیزانێک کە هەموو کاتی خۆی بۆ ئەم بوارە تەرخان کردووە، بەو ڕادەیە ئاگاداری یاسا و ڕێسای زمانی کوردی نەبێت.

لە پلەی یەکەمدا دەبێت ئەکادیمیا لێژنەیەکی تایبەت بۆ ڕێنووس دابنێت، لێژنەیەک کە پێک بێت لە شارەزایانی زمان و شارەزایانی ئایتی و کۆمپیوتەر. ئەم لێژنەیە دەتوانن دواتریش هەر لەو چوارچێوەدا دەیان کاری گرنگی تر جێبەجێ بکەن کە ئەوانەش هەر پێوەندییان بە زمان و ڕێنووسەوە هەیە، بەداخەوە ئێستە بیریشی لێ نەکراوەتەوە کە ئەو شتانە چین. مەرج نییە هەموو ئەندامانی لێژنەکە لە یەک شوێن بن، لەم سەردەمەدا بۆ هیچ کۆبوونەوەیەک بەربەست نییە.

سەرچاوەیەکی بەربڵاوی دەوڵەمەندی هەمەلایەنەی ڕێنووس بە شێوەی (سەرهێڵ online) و (دەرهێڵ offline) ئامادە بکرێت. بڕیارێکی فەرمی دەربکرێت کە هەموو دامودەزگا حکوومییەکان و قوتابخانەکان دەبێت ئەو ڕێنووسە بەکار بهێنن. ئەگەریش بەپێویست بزانرێت خولی تایبەتی بۆ مامۆستایان دابنرێت (بۆ نموونە خولی سەرهێڵ) بۆ ئەوەی هەموو ڕابهێنرێن کە بە یەک ڕێنووس بنووسن و پرس و کێشەکانیان وەڵام بدرێتەوە و دوودڵییەکانیان بڕەوێتەوە.

ڕێنووسەکە بخەنە بەردەستی چاپخانە و چاپەمەنییەکان و ڕاگەیاندنەکان کە ئەوانیش هەوڵ بدەن هەمان شت بەکار بهێنن.

هەمان ڕێنووس بکرێتە بنەما بۆ وەرگێڕان و وشەکانی بواری ئایتی و وەرگێڕانی مەکینەیی. لەسەر هەمان ڕێنووس پرۆگرامی هەڵەگری دیجیتاڵی درووست بکرێت.

ئەو کاتە دەبینین کە ئەو ڕێنووسە گشتاندنی بۆ دەکرێت و پێڕەو دەکرێت.

 

*جیا لە رێنووس زمانی کوردی کێشەی رێزمانیشی هەیە، کتێبخانەی کوردی و میدیاکان کە راستەوخۆ دەچنە بەردەستی خوێنەری کورد، هاوشێوەی رێنووسەکە گرنگییەکی ئەوتۆ بە رێزمان نادەن، ئەوە بۆ داهاتوو چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر زمانی کوردی؟

بێگومان هەر زمانێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە و دەبێت هەوڵ بدرێت لەژێر کاریگەریی زمانی تر بهێنرێتە دەرەوە و بەپێی ڕێزمانی خۆی دابڕێژێتەوە. بەداخەوە هێشتاش هەست دەکەیت کاریگەریی زمانی تر بەسەر زمانی کوردییەوە دیارە.

ئەگەر سێ وشەی (هەڵەبجە، سوور، هەنار) بدەیتە نەخوێندەوارێکی ئاساییی کورد و پێی بڵێیت بەمە ڕستەیەک درووست بکە، بەدڵنیایییەوە پێت دەڵێت: "هەناری سووری هەڵەبجە"، ڕەنگیشە بیری بۆ "سوورەهەناری هەڵەبجە" بچێت. بەڵام هەرگیز ناڵێت "هەناری هەڵەبجەی سوور" چونکە دەزانێت هەنارەکە سوورە، نەک هەڵەبجە.

واتە لە پێشدا ناوی شتەکە باس دەکات، پاشان ئەو ئاوەڵناوەی کە باسی ناوەکە دەکات و پاشان ناوی شوێنەکە دەهێنێت.

ئەگەر سێ وشەی تریشی وەک ئەوانە بدەیتێ هەر لەسەر هەمان بنەما بیر دەکاتەوە: "زانکۆی پزیشکیی هەولێر" نەک "زانکۆی هەولێری پزیشکی"، زانکۆکە زانکۆیەکی پزیشکییە کە لە هەولێردایە، خۆ هەولێر پزیشکی نییە تا بڵێیت زانکۆی هەولێری پزیشکی. هەر بۆیە ئەمە دەبێت ڕاست بکرێتەوە بە: "زانکۆی پزیشکیی هەولێر.

وەک چۆن بەختەوەرانە ناوی "فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی گۆڕا بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دەبێت زۆر ناوی تریش بکوردێنرێن.

هەروەها "سەنتەری پزیشکیی میدیا" نەک "سەنتەری میدیای پزیشکی".

یان "قوتابخانەی سەرەتاییی قەدەمخێر" نەک "قوتابخانەی قەدەمخێری سەرەتایی"، خۆ قەدەمخێر سەرەتایی نییە، بەڵکوو قوتابخانەکەیە کە سەرەتایییە.

نموونەی ئەو ناوانەی کە لەسەر تایپۆلۆجیی عەرەبی داڕێژراون زۆرن، دەبێت هەموویان چاک بکرێنەوە و بکوردێنرێن و ڕێزمانی کوردی لە هەموو ڕوویەکەوە ڕەچاو بکرێت، ئەگینا زمانەکە ناتوانێت لەسەر بنەمای خۆی گەشە بستێنێت و بەدرووستی بگوازرێتەوە بۆ نەوەی داهاتوو.

 

* بەو حاڵەشەوە کە خاوەنی ڕێنووس و ڕێزمانێکی یەکدەست نین و دەستوورێکمان نییە بۆ زمانی کوردی، کورد بەو زمانەوە چووەتە ناو سۆشیال میدیاوە، ئەوە تا چەند دوورتری خستووینەتەوە لە دەستەبەرکردنی ڕێنووسێکی یەکدەست بۆ زمانی کوردی؟

زمانی دیجیتاڵی هەمووی لەسەر بنەمای سفر و یەکە. دەبێت یەکدەست بین تا بکرێت بە کرتەیەک بۆ ڕاژەی وەرگێڕان و بنکەدراوە کەڵکی لێ وەربگیرێت. بۆ نموونە وەرگێڕانی گووگڵ وەرگێڕانێکی مەکینەیییە واتە بە مەکینە و لەسەر بنەمای ئەو شتانەی لە ئینتەرنێت بڵاو بوونەتەوە وەرگێڕان دەکات. ئەگەر چەند شێوازی جۆربەجۆری یەک وشە بڵاو ببێتەوە کاری وەرگێڕانەکە تێک دەدات و هەرگیز ناتوانین چاوەڕێ بین کە وەرگێڕانێکی باشی مەکینەیییمان بۆ بکرێت. دەبێت میلیۆن میلیۆن دەقی دروستی کوردیمان لەسەر ئینتەرنێت هەبێت تا سوود بگەیەنین بە زمانەکەمان.

 

* چۆن بتوانین ئەو شێواوییەی زمان کە بەهۆی سۆشیالۆمیدیاوە دروست بووە کۆنتڕۆڵ بکەین و ڕێگە لەوە بگرین نەوەیەک دروست نەبێت کە لەسەر ئەو شێواوییەی زمان رابێت؟

وەک پێشتریش ئاماژەم پێ کرد، هەموو شتێک لە بنەماوە دەست پێ دەکات. ئەگەر لە قوتابخانەوە بایەخ بەو شتانە بدرێن پاش چەند ساڵ نەوەیەک بار دەهێنین کە هیچ کێشەی ڕێنووسیان نەبێت، نە لە سۆشیالمێدیا و نە لە ئینتەرنێت و نە لە هیچ شوێنیکی تر.

بۆ گەورەکانیش درەنگ نەبووە، لەڕێی دابینکردنی یاسا و ڕێسای ڕێنووس و لەڕێی کەڵكوەرگرتن لەوانەی لە بواری ئایتیدا شارەزان بەزووترین کات پرۆگرامی هەڵەچنی زمانی کورد دەکەوێتە بەردەستی هەمووان و بەردەستی سیستەمە خۆکارەکان و کێشەکان چارەسەر دەبن. هیچ کێشەیەک ئەوەندە ئاڵۆز نییە کە نەکرێت چارەسەر بکرێت.

ئەگەر لایەنە فەرمییەکانی زمان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئەگەر شارەزاکانی زمان تەنیا خۆیان بە خاوەنی زمان نەزانن و کەڵک لە زانستی نوێ بەتایبەت زانستی ئایتیی نەوەی نوێ وەربگرن، من دڵنیام کە تا چەند ساڵی تر کێشەی ڕێنووسمان نامێنێت و ئەو کاتە دەتوانین بە ئاسوودیییەوە بچینە سەر ڕاژەی تری زمان.

فیلم و ژێرنووس و دۆبلاژ دەورێکی گرنگ دەبینن لەسەر جێگیربوونی زمان. تەنانەت نەخوێندەوارێکیش کە قەت نەچووەتە قوتابخانە تەنیا لەڕێی پێوەندی لەگەڵ ئەو شتانەدا زمانەکەی دەتوانێت گەشە بستێنێت. ئێمە لە بواری دۆبلاژدا لە قۆناغێکی سەرەتاییداین، بەشێک لە دۆبلاژەکانمان باشن، بەڵام بەداخەوە بەشێکی تریش کارەکەیان هیچ بەهەند وەرنەگرتووە، قسەی ڕۆژانە دەخەنە سەر دەنگی ئەکتەرەکان کە لە ناوەڕۆک و ژینگەی فیلمەکە زۆر دوورە. دەنگەکان نەگونجاون، نەپۆڕن و زۆر بە دەستکرد دەوترێن. زیاتر لە خوێندنەوەی کتێب دەچێت تا وتووێژێکی نێوان دوو کەس. باشترە زۆر زۆر زیاتر لەسەر ئەو کارانە ڕاهێنان بکەن، پێش لەوەی دەست بکەن بە دۆبلاژکردن.

 


 



وشە - هیدایه‌ت جان