ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا
گواستنه‌وه‌ی لیۆنێل مێسی بۆ پاریس سانجێرمان، رووداوێكی مێژووییه و له دیرۆكی تۆپی پێدا به هێڵێكی پان و زێڕین ده‌نووسرێته‌وه، چونكه ره‌هه‌ندێكی قووڵی هه‌یه و له داهاتووشدا كاریگه‌رییه‌كانی ده‌بینین.
پاریس سانجێرمان به هێنانی مێسی، رامۆس، حه‌كیمی، دۆناڕووما و ڤایناڵدۆم، كه چوار له‌وانه به‌بێ به‌رامبه‌ر و ته‌نیا به مووچه هاتوون، به به‌ردێك ده‌یان چۆله‌كه‌ی كوشت و تیپێكی ركابه‌ریی زۆر به‌هێز دروست ده‌كات، چونكه خۆیشی كۆمه‌ڵێك ئه‌ستێره‌ی گه‌وره‌ی هه‌یه "نه‌یمار، ئیمباپێ، دی ماریا، ڤیێراتی و ئه‌وانی تر"
ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره، پاریس چۆن توانی ئه‌و هه‌موو یاریزانه بگوازێته‌وه و بۆچی ئه‌و یانه‌یه به پێچه‌وانه‌ی یانه گه‌وره‌كانی تر، پاره‌ی هه‌یه و كێشه‌ی له‌گه‌ڵ یاسای دارایی "یاریی خاوێن" نییه و كۆرۆنا بێ بازاڕی نه‌كردووه؟
پاریس سانجێرمان 10 ساڵه كار بۆ دروستكردنی "تیپی خهونهكان" ده‌كات و ئامانجیشی بردنه‌وه‌ی چامپیۆنزلیگه له‌سه‌ر ئاستی ركابه‌ریی وه‌رزشی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه كاره گه‌وره‌كه‌یه، بره‌ودانه به رۆڵی قه‌ته‌ڕ له وه‌به‌رهێنانی وه‌رزشی له ئه‌وروپا و ریكلامكردنه بۆ مۆندیالی 2022، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌یان سپۆنسه‌ری گه‌وره و كۆمپانیای ناودار، له ئێسته‌وه ركابه‌رییانه بۆ ئه‌وه‌ی لۆگۆیان له‌سه‌ر درێسی پاریس سانجێرمان و یاریگه‌كه‌ی بێت، به تایبه‌تی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه قه‌ته‌ڕییه‌كان خاوه‌ندارییه‌تی ده‌كه‌ن و له‌وانه‌یه هه‌ر بۆ موجامه‌له‌ی میری قه‌ته‌ڕ و خانه‌واده‌ی میر، به پاره‌ی زۆر بێنه نێو یاریی سپۆنسهرایهتییهوه.
ئه‌گه‌ر به تایبه‌تییش باسی مێسی بكه‌ین، ئه‌وا یانه‌كه سوودی له بارودۆخی دارایی خراپی یانه‌ی بارسێلۆنا و ته‌وقیتی كۆتاییهاتنی گرێبه‌ستی مێسی وه‌رگرت، كه ئه‌مه بۆ رامۆس و دۆناڕووماش هه‌مان بارودۆخ بوو.
بۆ نموونه به هاتنی مێسی، ته‌نیا ئه‌مڕۆ له‌وانه‌یه بایی نیوه‌ی مووچه‌ی ساڵێكی، درێسی یاریزانه‌كه فرۆشرابێت، كه تاكه درێسێكی به 158 یۆرۆیه.
ئه‌وه جگه له‌وه‌ی پاریس له داهاتی "ریكلام، ئینتهرڤیۆ، سپۆنسه‌ر، كۆمپانیای بازرگانی، مافی به‌كارهێنانی وێنه، یارییه ڤیدیۆییه‌كانی كۆمپانیا گه‌وره‌كان" و ده‌یان بازاڕ و كاری تر، ده‌بێته به‌شه شه‌ریكی مێسی و داهاتی زۆری ده‌بێت.
هه‌روه‌ها به هاتنی مێسی بۆ پی ئێس جی، نرخ و به‌های یانه‌كه له بۆرسه‌ی جیهانی هه‌ر ئه‌مڕۆ 20% به‌رز بووه‌وه، له‌وه‌ش گه‌ڕێن پاریس به هێنانی ئه‌و یاریزانه ناودارانه، بره‌وێكی گه‌وره به خولی فڕه‌نسا ده‌دات و بینه‌ر و گه‌شتیاری بۆ زیاد ده‌كات، هه‌روه‌ها له مافی په‌خشی ته‌له‌ڤزیۆنیدا پاره‌ی زیاتر وه‌رده‌گرێت و ته‌نانه‌ت ئه‌مه سوودی بۆ یانه‌كانی تری خولی لیگ ئای فڕه‌نساش ده‌بێت.
شتێكی تریش هه‌یه، پێویسته ئاماژه‌ی پێ بكه‌م، مانه‌وه‌ی ریال مه‌درید، بارسێلۆنا و یوڤێنتوس له پرۆژه‌ی "سوپه‌ر لیگ"، هه‌روه‌ها ده‌رچوونی سه‌رۆكی یوڤێ له فیدراسیۆنی ئه‌وروپا، كه دواتر ناسڕ خلێفی چووه شوێنی، وای كردووه ده‌ستی یانه پاریسییه‌كه واڵاتر بێت له گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی و دوور نییه له هه‌ندێك بابه‌تی داراییدا فیدراسیۆنی ئه‌وروپا یارمه‌تیده‌ری یانه‌ی پاریس بێت و چاوپۆشی له هه‌ندێك ورده‌كاری بكرێت، چونكه راستییه‌كه‌ی قسه و گومان له‌سه‌ر په‌ڕاوی یانه‌ی پاریس سانجێرمانیش هه‌یه له بابه‌تی یاسای دارایی "یاریی خاوێن".
به كورتی، ئه‌مه كاسبی و بازاڕه و ئه‌م پرۆژانه له سه‌رووی چێژی یاری و ركابه‌رییه وهرزشییهكهیه، ئه‌م بارودۆخه، وا ده‌كات فرمێسكی گه‌رمی ماڵئاوایی، زۆر به خێرایی ببێته پێكه‌نین و شادی و گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕكێ!