داوای پێداچوونەوە بە یاسای ئاڵای كوردستان دەكرێ‌

:: AM:09:58:25/11/2021 ‌

بەهۆی ئەو بێڕێزییەی لەلایەن چەند كەسێكی گێرەشێوێن كە سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان كرا، داوای پێداچوونەوە بە یاسای ئاڵای كوردستان دەكرێ‌.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی تشرینی دووەم، گوڵیزار ڕەشید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێشنیارمان كردووە دەبێ پێداچوونەوە بەیاسای ئاڵای كوردستان بكرێت، چونكە لە یاساكەدا دیارمان نەكردووە ئەو كەسەی سووكایەتی بەئاڵا دەكات سزاكەی چییە.

زیاتر گوتی، لە یاساكەدا كەلێن هەیە، ئەویش بریتییە لە نەبوونی سزا، لەو كاتەش یان دەبێ بگەڕێینەوە بۆ مادەی 202 لە یاسای سزادانی عێراق، باسی ئەوە دەكات ئەگەر كەسێك سووكایەتی بەئاڵا بكات سزاكەی چییە، یان پێداچوونەوە بەیاسای ئاڵا بكرێ‌.

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، لە هەرێمی كوردستان كەلێنی یاسایی هەیە، لە ڕابردووشدا چەند مادەیەكی یاسایی كەلێنیان دروست كردبوو، پێویستە چارەسەر بكرێن و یاسایان بۆ دەربچێت.

لە ماوەی چوار ڕۆژی خۆپێشاندانەكانی سلێمانی، سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان كرا، ئەوەیش ڕای گشتی دروست كرد كە نابێت موڵكی گشتی و ئاڵای كوردستان بهێنرێتە ناو كێشەكان.



وشە - رامیار جەواد