موزیكوانێكی دیاری كورد هەڵكەوت زاهیر دەداتە دادگا

:: AM:10:56:25/11/2021 ‌
ئومێد محەمەد كە یەك لە موزیكوانە دیارەكانی كوردە، خەڵكی كەركووكە و ئێستە لە سوید نیشتەجێیە، ئەو "هەڵكەوت زاهیر بە دزینی بیرۆكەی بەرنامەیەی كوردستان ستار تۆمەتبار" دەكات، كە ماوەیەك بەر لە ئێستە لە كەناڵی "كوردستان تی ڤی" پەخش كرا. 

ئەو هونەرمەندە بە بەڵگە دەیسەلمێنێت كە بیرۆكەی بەرنامەكە هی خۆیەتی و هەڵكەوت بێ ئاگاداركردنەوەی ئەو بردوویەتی، بۆیە ئێستە دۆسیەكەی بردووەتە دادگا بۆ یەكلاكردنەوەی مافی خۆی. هاوكات هەڕەشەی ئەوەیش دەكات كە هەمان سكاڵای لە دادگاكانی سوید و ئەڵمانیا تۆمار كردووە.

بڕیارە سایتی "وشە"  لە داهاتوودا دیمانەیەكی چڕ لەگەڵ هونەرمەند ئومێد محەمەد ئەنجام بدات و تێیدا تەواوی وردەكارییەكانی ئەو كێشەیە بە هاوسەنگی بخرێتە روو، بەڵام لەم هەواڵەدا ئەو هونەرمەندە ئاماژە بە بەرنامەی "بازنەی سوور" لە كەناڵی ئێن ئاڕ تی دەكات كە پێشتر دیمانەی لەگەڵ هەڵكەوت زاهیر كردبوو، وەك خۆی دەڵێ، "لەوێ زۆر بێ شەرمانە گوتی كێشەی لەگەڵ كەسدا نییە، لە كاتێكدا كێشەی هەڵكەوت و دزینی بیرۆكەكەی من، كەوتووەتە ناو دادگاوە".

بە گوتەی ئومێد محەمەد، بەرنامەی "كوردستان ستار" وەك بیرۆكە و تەنانەت بەرهەمهێنانیشی هی خۆی بووە، بەڵام بەرنامەكە تایبەت بوو بەو دەنگخۆشانەی هەر چوار پارچەی كوردستان كە لە دەرەوە دەژین".

ئاماژەی بەوەیش دا كە ئەوان بەرنامەكەیان تۆمار كرد و بڵاویان كردەوە، بۆیە لە سەردانێكدا بۆ كوردستان كە بۆ ساڵانێك بەر لە ئێستە دەگەڕێتەوە، ویستی هەمان بیرۆكە لە كوردستانیش ئەزموون بكرێ و بەڵێنیشیان پێ دابوو، "هەموو ئەمانە بە بەڵگە و دۆكیۆمێنت پارێزراون"، لەڕێی هاوڕێیەكیەوە سەردانی هەڵكەوت زاهیر لە ماڵی خۆی دەكەن و باسی بیرۆكەكەی بۆ دەكەن. وە ئومێد دەڵێ "لەبری هاوكاریكردن، بیرۆكەكەی دزی و كردی بە هی خۆی".

ئەو موزیكوانە دیارەی كورد دووپاتی كردەتەوە كە لە 30/3/2021 كۆتا دانیشتنی دادگا بوو لە نێوان خۆی و هەڵكەوت، تا بسەلمێ خاوەنی راستەقینەی بەرنامەكە كێیە، زیاتر گوتی، "من بەڵگەی زۆرم لە بەردەستە كە بیرۆكەكە و كاركردنیش لەسەری هی من بووە، بۆ هەڵكەوتیش كە بەڵگەی نییە، تەنانەت حاكم قوباد قەساب چەندان جار و لە چەندان دانیشتنی دادگایی ئەو دۆسیەدا، داوای بەڵگەی لە پارێزەرەكەی هەڵكەوت كرد، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی نەبوو، نەیتوانی بیسەلمێنێ كە خاوەنی بەرنامە و بیرۆكەكەیەتی".

ئەو موزیكوانەی كورد و گوتەبێژی "كوردستان ستار" لە سوید كە لەنجە عەبدولواحیدە، رای دەگەیەنن، "ئێمە نەك تەنیا لە كوردستان، بەڵكو لە سویدیش بەتۆمەتی دزینی بیرۆكەی بەرنامەكەمان سكاڵامان لەسەر تۆمار كردووە، لەڕێی باڵوێزخانەی ئەڵمانیاوە لە ستۆكهۆڵم، لە ئەڵمانیاش سكاڵامان لەسەری تۆمار كردووە".

لە داهاتوودا وێڕای دیمانە لەگەڵ ئەو موزیكوانەی كورد بۆ ئاشكراكردنی وردەكارییەكانی كێشەكە، لەگەڵیدا بەڵگە و دیكیۆمێنتەكان بڵاو دەكەینەوە.

ئومێد محێدین محەمەد كە لە كاری هونەریدا بە "ئومێد محەمەد" دەناسرێتەوە، لە ساڵی 1964 لە كەركووك لەناو خێزانێكی هونەریدا لە دایك بووە، دەكاتە برای هونەرمەندان عەبدولئیلا محێدێن موزیكژەن و كەمال محێدین گۆرانیبێژ، خۆیشی لە بواری موزیك وەك مامۆستا دەناسرێتەوە. لە ساڵی 1985ەوە لە سوێد دەژی و پەیمانگەی موزیكی خوێندووە، زیاتر پسپۆریی لە ئامێری "پیانۆ" وەرگرتووە.

لە زانكۆی ئارفیكە و میلەردالین لە ڤێستەرۆس و ئیسكلستونە، نۆ كۆرسی لەبارەی گۆرانی خوێندووە. لە 1992 تا 1998 وەك مامۆستا وانەی گوتووەتەوە. لە 2008یشدا كۆلیژی ئەندازیاریی میكانیكی تەواو كردووە. ماوەی 11 ساڵ بۆ رێكخراوی یونیسێف كاری كردووە و چەندان كۆنسێرتی لەگەڵ ئاسۆ كەریم زەندی شاعیر بۆ منداڵانی كورد ساز كردووە. 
ئومێد ساڵی 2016 بەرنامەی "كوردستان ستار" كە بیرۆكەی خۆی بووە، بۆ دەنگخۆشانی هەرچوار پارچەی كوردستان لە ستۆكهۆڵم بەرهەم هێناوە.

ئومێد محەمەد تا ئێستە دوو كتێبی بە چاپ گەیاندووە، یەكەمیان "چەرخ و مێژووی موسیك لە ئەوروپا"، ئەویتریان بەناوی "لیتەرە توری جیهانی". جیا لە هەموو ئەوانە وەك موزیكوانێك چەندان ئاهەنگ و كۆنسێرتی لە وڵاتان ساز كردووە، ئاوازدانەری چەندان بەرهەمە تایبەت بە نیشتمان و ئاڵای كوردستان و بۆنە نەتەوەییەكان. 

ئاوازدانەری سروودێكی تایبەت بە ئاڵای كوردستانە بە دەنگی هونەرمەندی ناودار "محەمەد تەها ئاكرەیی". ئێستەیش لەگەڵ خێزانەكەی لە سوید دەژی. لەگەڵ دەیان میلۆدیی تر.






وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د