یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیامێك ئاراستەی لاهوور جەنگی دەكات و ڕای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ بۆ دواجار لاهوور جەنگی بورهان ئاگادار دەكرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی تشرینی دووەم، سۆشیال میدیای یەكێـتی بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ بۆ دواجار لاهوور جەنگی بورهان ئاگادار دەكرێتەوە، كە بۆی نییە نە بەناوی یەكێتییەوە لێدوان و بڵاوكردنەوە بڵاو بكاتەوە، نە بۆی هەیە بەناوی یەكێتییەوە كۆبوونەوەی جەماوەری ساز بكات.
لە پەیامەكەی كە ئاراستەی لاهوور كراوە، ئەوەیش باس كراوە كە پیلانی دوژمنانە بەرانبەر سەركردەكانی یەكێتی، قاچاخچێتی و سەرانە وەرگرتن، بە موزایەدەكردن بەسەر خۆپێشاندانی خوێندكارانیش كاڵ ناكاتەوە، بەڵكو سزاكانی توندتر دەكات.
ئەو پەیامەی یەكێتی بۆ لاهوور لە كاتێكدایە، دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، قوتابیان وەك مافێكی رەوای خۆیان خۆپێشاندانیان ئەنجام دا بەمەبەستی خستنەڕووی چەند داواكارییەك، هێزە تەناهییەكانیش ئەركی سەرشانی خۆیان جێبەجێ دەكرد لە پارێزگاری و پاراستنی ئاسایشی خۆپێشاندەران، بەداخەوە چەند كەس و لایەنێك بۆ مەرامی سیاسی و ناڕەوای خۆیان، لەرێی چەند كەسێكی گومانلێكراوەوە، هەوڵیان دا ئاراستەی خۆپێشاندان و داخوازی خوێندكاران بەلاڕێدا بەرن.
ئەو پەیامە لە كاتێكدایە، لە ماوەی چوار ڕۆژی خۆپێشاندانی هاووڵاتییان، چەند كەسێك بەشێوەی بەرنامەداڕێژراو، پەلاماری داودەزگا حكوومییەكان دەدەن، ئەمڕۆش قوتابیانی زانكۆ بڕیاری ڕاگرتنی خۆپێشاندانیان دا بەهۆی هەوڵی دەستگرتن بەسەر خۆپێشاندانەكانەوە لەلایەن كەسانێك.