بۆچی بەشێك لەوانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە دەمرن؟

:: PM:08:08:27/11/2021 ‌

لێرە و لەوێ هەواڵی ئەوە هەیە كە كەسانێك سەرەڕای وەرگرتنی ژەمەكانی تەواوی ڤاكسین، بەڵام بە كاریگەریی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن، لەوانە كۆلن پاوڵ، وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمەریكا، كە لە 18ی مانگی رابردوو گیانی لەدەست دا، بەڵام ئەوانەی ڤاكسین وەردەگرن بۆچی دەمرن؟

بابەتی مردنی پاوڵ لە ئەمەریكا مشتومڕێكی زۆری دروست كرد، بەتایبەتی لەلایەن ئەوانەی دژی وەرگرتنی ڤاكسینن، پرسیاریان كرد كە ئەگەر ڤاكسینیش وەربگری هەر بمری، بۆچی وەری بگرن؟، د. لیانا وین، مامۆستا لە كۆلێجی تەندروستی لە زانكۆی جۆرج واشنتن دەڵێت، ڤاكسینەكان بۆ رێگرتن لە تووشبوون بە نەخۆشییەكان كاریگەرن، بەتایبەتی حاڵەتە سەختەكان.
چارەسەر ئەوەیە زیاترین كەس بكوترێ و ئەگەری تووشبوون كەم بكرێتەوە
زیاتر گوتی، توێژینەوەكان دەریانخستووە ڤاكسین ئەگەری تووشبوون شەش هێند و ئەگەری مردن 11 هێند كەم دەكاتەوە، لەگەڵ ئەوەیش 100% ناتپارێزێت و هیچ ڤاكسینێك نییە بەو شێوەیە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە ڤاكسین كاریگەری نییە و نابێ وەری بگریت، هاوكات كەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، ئەگەری هەیە دوای تووشبوون بە كۆرۆنا دۆخیان زۆر خراپتر بێت، بۆیە ئەوانەی كێشەی كەمی بەرگریان هەیە نەهامەتی زیاتریان هەیە.

ئەو پزیشكە پێی وایە، ئەوەیش پێویست بە وەرگرتنی سێیەم ژەم لەلایەن ئەوانەوە دەكات، یان پێویست بە رێوشوێنی زیاتری خۆپارێزیان دەكات، دەتوانین وا سەیری ڤاكسین بكەین كە چاكەتێكی باشە و لە باران دەمانپارێزێت، بەڵام ئەگەر رەشەبایەك هات ئەگەری تەڕبوونت زیاتر دەبێت، ئەوە مانای ئەوە نییە چاكەتەكەت خراپە، بەڵكو دۆخەكە خراپە و چاكەتەكە بەتەنیا بەس نییە بۆ پاراستنت. 

ئەو پزیشكە ئاماژەی كرد، واتە ئەگەر لەناو كەسانێكی زۆری تووشبوو بیت، هەلی تووشبوونت زیاترە، بۆیە لێرە كێشە لە ڤاكسین نییە، بەڵكو لە زۆری ڤایرۆسەكەیە لە دەوروبەرت، چارەسەرەكە ئەوەیە زیاترین كەس بكوترێن و ئەگەری تووشبوون كەم بكرێتەوە، بەو شێوەیە پارێزراوی بۆ هەمووان فەراهەم دەبێت، بۆیە ئەگەر لە ناوچەیەك بووی و تووشبوویەكی زۆری تیادا بێت، بەستنی ماسك، بەتایبەتی لە شوێنە داخراوەكان، زیاتر پارێزراوت دەكات. ناشبێ پێدانی ڤاكسین بەوانە لەبیر بكەین كە مەترسی زیاتریان لەسەرە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل