فەرهاد زیرەك و پەرۆشیی هەوادارانی

:: AM:11:23:03/01/2022 ‌
"هەی لە منتان نەكەوی نووسەران"، لەسەر سەتان هونەرمەندتان نووسی و هەڵسەنگاندنتان بۆ كردوون، كەچی حەیف كە ئەو دەنگە بەرزە لە هەوادارانی دوور كەوتەوە و لە گۆرانیگوتن كەوت، وەك نووسین و شەنوكەوكردنی گۆرانییەكانی، كەوتووەتە پەراوێزەوە. ئەمە لە كاتێكدایە ئەو دەنگە ملیۆنان هەوادار بە پەرۆشەوە چاوەڕێی كۆپلەیەكی گۆرانی بە دەنگی خۆی  لێ دەكەن. ئەوەی دەیڵێم خەوش و گلەییە پێشتر لە خۆم، ئەوجا ئەو نووسەرانەی لە بوارەكەدا جارجارە سەرەتاتكێ دەكەن.

ئەوەی باسی دەكەم "فەرهاد زیرەك"ـە.. ئەو كە لە سەرەتای هەشتاكانەوە گۆرانی دەڵێ و لە دوای 2008ـەوە خۆی لێ دوور خستەوە، سەیر لەوەدایە تا ئێستە لە ناوەندی گۆرانیی كوردیدا لە ژمارە یەكەكان هەژمار دەكرێت. واتە بێ ئەوەی مامۆستا بێت، بووەتە مامۆستا، بێ ئەوەی بیەوێ قوتابخانەیەكی هونەریی دابمەزرێنێ، لە نەستی خەڵكدا بووەتە قوتابخانە. فەرهاد بەڕاست زیرەكە كە تا ئێستە هەوادارانی نەك هەر چاوەڕێی دەنگی گۆرانیی لێ دەكەن، بەڵكو بە بڵاوكردنەوەی وێنەیەكی، دەكەونە هەلەكەسەما و رەنگە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەزاران لایك و كۆمێنتی بۆ بكەنە دیاری.

ئەوەی مەبەستمە بیخەمە بەر رۆشنایی، هەڵسەنگاندنی بەرهەمەكانی نییە كە پێم وایە بابەتێكی تایبەتی دەوێ، بەڵكو وێرانیی ئەو بوارە هونەرییەیە كە تێی كەوتووین و ئەستەمە بە ئاسان بۆمان راست بێتەوە. زۆرن ئەوانەی لە بواری موزیك و گۆرانیی كوردیدا خۆیان بە مامۆستا دەزانن، زۆریان نەك ئێستە، بۆ داهاتوویش هەر بە قوتابی دەمێننەوە. نەك هەر ئەوە، هەیە لە موزیك و میلۆدیی كوردیدا خۆی بە ئیمپراتۆر دەزانێ، كەچی نەیتوانیوە ببێتە مامۆستایەكی باشیش. ئەوەی جێی سەرنجە فەرهاد زیرەك بە دەنگی خۆی و خۆشەویستیی هەوادارانی، وەك مامۆستایەكی بە سەلیقە لە بوارەكەدا دەركەوت.

فەرهاد لەناو كورد و دروستتریش لەناو جەماوەرەكەی لە هەولێردا، لەگەڵ زەكەریا و زیاد ئەسعەد بە ژمارە یەكەمەكان هەژمار دەكرێت. تا ئێستەیش چەندان گۆرانیبێژ بە لاساییكردنەوەی گۆرانییەكانی دەركەوتوون، لەلایەن چەندان گۆرانیبێژەوە گۆرانییەكانی وەك "بێرییە- دڵی پڕ خەم- لە كۆچی خەم- گریان و فرمێسك" و دەیان گۆرانیی تر، لاسایی دەكرێنەوە و بە گۆڕانكارییەكی كەمی موزیكەوە تۆمار دەكرێنەوە.

نوێكاری لە هونەری موزیك و گۆرانیی كوردیدا ئەوە نییە ئێستە بەرچاو دەكەون، چەرخی خێرا و مۆدێرنیتەیش لە بوارەكە ئەوە نییە رۆژانە بەرهەمی نوێ بەو ناوانەوە دەبینین. ئەگەر هەشبێت، كەمتر دەكەونە بەر رۆشنایی كە پێم وایە گەشەكردنی تەكنۆلۆجیا بە شێوە نەرێنییەكەی كاریگەریی لەسەر ئەو بوارەیش كردووە، بۆیە دەبینین گۆرانییەكانی فەرهاد زیرەكیش بەر ئەو شەپۆلە نەرێنییەی گۆرانیبێژە نوێیەكانی ئێستە كەوتوون. ئەوە لە كاتێكدایە فەرهاد خۆی نوێیە و پێویستیی بە نوێبوونەوە نییە، نەك گەنجێك بەناوی نوێكاری لە موزیكەكانی، گۆرانییەكی ئەو هونەرمەندە بە دەنگی لاواز بڵاو بكاتەوە.

فەرهاد زیرەك جیا لە دەیان گۆرانیی خۆی كە بڵاوی كردوونەتەوە، دەیان گۆرانیی حەسەن زیرەك و فۆلكلۆری خستووەتە سەر بەرهەمەكانی تری، بۆیە وێڕای دووركەوتنەوەی لە بوارەكەی، هەر بە نوێ تەماشا دەكرێت. 
راستە لاسایی گۆرانییەكانی لەلایەن گۆرانیبێژە گەنجەكانەوە تا ئاستێك خزمەتی ئەو هونەرمەندەیان كردووە و باڵاتریان كردووە، بەڵام كەم نین ئەوانەی لەبری خزمەتی فەرهاد و تەنانەت خۆیشیان، گۆرانییە جوانەكان بێزراو دەكەن.

ئەوەی من بزانم ئێستە فەرهاد زیرەك لە هەولێرە و خەریكی كاروكاسبی بۆ بژێویی خۆیەتی، رەنگە كەسانێك هەوڵیان دابێ دیسان بگەڕێتەوە بۆ كارە هونەرییەكانی و نەیانتوانبێ رازی بكەن، ئەگەر دروست نیشانەم پێكابێ، ئەركی سەندیكای هونەرمەندانی هەولێرە ئەو ئەركە بخاتە ئەستۆی خۆی، ئەو رێیانە تاقی بكاتەوە كە دەتوانن فەرهاد بۆ گۆرانیگوتن رازی بكەن، چونكە گەڕانەوەی ئەو هونەرمەندە، رۆشناییەكە هەموومان پێویستیمان پێیەتی.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د