حەلبووسی یەكلا بووەوە.. ئەوانیتر كێ دەبن؟

:: PM:07:53:10/01/2022 ‌

بە بەردەوام رووداوەكانی عێراق بەشی زۆری لە دەرەوەی ئەو وڵاتە بڕیاری لەسەر دەدرێ و رێڕەو و ئاراستەیان دیاری دەكرێت، ئەوانەی لەناو عێراقیشن لە دەستەبژێری سیاسی، وەك كارەكتەر و ئەكتەر رۆڵ دەبینن، پێ دەچێت ئەوەی ئەجارەیش هەر وابێت، بۆیەیش لوولەی تفەنگی میلیشیاكان و كاتیۆشا و درۆن و هەڕەشە و نمایشە سەربازییەكانیان لە شەقامەكانی بەغدا كپی كردووە و بە متبووندا دەڕوات، دیارە ئەوجارەیش یارییەكە لە دەرەوەی سنوورەكان، بەتایبەتی لەنێوان ئەمەریكا و ئێران، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ چەند وڵاتێكی كەنداو، بەتایبەتی ئیمارات، دۆخی عێراق یەكلا بكاتەوە.

ئەوەی شەوی رابردوو لەناو پەرلەمانی عێراق رووی دا، لە بەڕێوەچوونی بێ كێشەی پرۆسەی دیاریكردنی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی تەواو لەسەر خواستی موقتەدا سەدر و دوور لە خواستی میلیشیاكان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە، ئەو ئەگەرە بەهێز دەكات كە دەبێت دۆخەكە بەو شێوەیە بڕوات كە سەدرییەكان دەیانەوێت، چونكە لەو قۆناغەی ئێستە دەبێت موقتەدا سەدر واجیهەی پرۆسەی سیاسی و شیعە بێت، تەواو وەك ئەوەی لە لبنان حەسەن نەسروڵا ساڵانێكە واجیهەیە و قسەی یەكەم و دوایین هەر بۆ خۆیەتی، لە ساڵانی دوایی، بەتایبەتی دوای هاتنی جۆ بایدن بۆ كۆشكی سپی، ئێران سیاسەتێكی نەرمتر و هەڵكردن و خۆگونجانی لەگەڵ كێشە دەرەكییەكان دەست پێ كردووە، لەوانە دەستكردن بە گفتوگۆ لەگەڵ سعوودیە و وڵاتان لە ڤیەنا، بۆ لابردنی سزاكانی سەری و كپكردنەوەی ئەو ناڕەزایەتییە گەورەی لە ناوخۆی ئەو وڵاتە هەیە، بە كورتی دوای هاتنی ئیبراهیم رەئیسی بۆ دەسەڵات، ئێران هاوشێوەی چین بەبێ دەنگی كار دەكات.

سەبارەت بۆ پۆستە سەرەكییەكانی عێراق، دوێنێ سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی وەك پێشبینی دەكرا یەكلا بوونەوە، محەمەد حەلبووسی، سەرەڕای ناڕەزایەتی شیعەی نزیك لە ئێران، دوای رێككەوتنی لەگەڵ موقتەدا سەدر، سەرۆكایەتی خولێكی تری پەرلەمانی عێراقی وەرگرتەوە،  بەوەیش سەدر پاڵپشتی زۆرینەی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بۆ تێپەڕاندن و دەركردن و نەكردنی هەر یاسایەك مسۆگەر كرد، ئێستەیش دەرگە بۆ خۆكاندیدكردنی سەركۆمار واڵا كرا، كە لە پشكی كورد.
ساڵانی دوایی بۆ سەدر زێڕین بوو و دەسەڵاتی رەهای لە عێراق وەرگرت، بۆیە دەستبەرداری كارەكتەرەكانی نابێت
بەدەر لە پێشبینی ئەوەی ئەو پۆستەیش بە هاوشێوەی سەرۆكی پەرلەمان بە رێككەوتن یەكلا كرابێتەوە و بە هاوشێوەی سیناریۆكەی شەوی رابردووی سوننە یەكلا دەبێتەوە، ئەمڕۆ مەهدی كەریم، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند كە پارتی و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان پۆستی سەركۆماریان یەكلا كردووەتەوە، ئەوان لەسەر كاندیدكردنی دوو كاندید بۆ پۆستەكە رێك كەوتوون، هەردوو كاندیدەكەیش لەلایەن یەكێتییە پێشكەیش دەكرێن.  

روونی كردەوە، بابەتەكە كۆتایی هاتووە، جا لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە یان هێزەكایتر وەك رەوتی سەدر و تەقەدوم، واتە وەك چۆن سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی لەناو پەرلەمان بە زۆرینە تێپەڕ كران، كاندیدی كوردیش بۆ پۆستی سەركۆمار بە ئاسانی و بێ كێشە تێپەڕ دەبێت.

لە دوای 2003ەوە پۆستی سەرۆك كۆمار بە نەریتێكی پێڕەوكراو بە كورد دراوە، لەو ساتەوەی كاندیدانی یەكێتی پۆستەكەیان وەرگرتووە، لە دوای هەڵبژاردنەكان پارتی بەهۆی ئەو ئەنجامە گەورەی لە هەڵبژاردن بەدەستی هێنا، نەیشاردەوە كە خواستی وەرگرتنی پۆستەكەی هەیە، بەڵام دوای ئەوەی لە دانیشتنی دوێنێ كاندیدی پارتی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرت، ئەگەری وەرگرتنەوەی پۆستی سەركۆمار لەلایەن یەكێتی زیادی كردووە، بەڵام كێشەكە لە كاندیدەكەیە كە دەبێت پارتی لەسەری رازی بێت، هاوكات لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی یەكێتی دووپاتی دەكەنەوە كە بەرهەم ساڵح، تاكە كاندیدی ئەوانە بۆ پۆستەكە و نووسراوی خۆكاندیدكردنەوەی پێشكەیش دەكات، وەك سۆزان مەنسوور، پەرلەمانتاری یەكێتی ئاماژەی بۆ دەكات.

لەو كاتەی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە پێویستە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەركۆماری عێراق تا 8ی شوباتی داهاتوو بەڕێوە بچێت، غەیاس سوورچی، سەركردە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرای كرد كە رێككەوتنیان لەگەڵ پارتی لەبارەی پۆستی سەركۆماری عێراق هەیە بەوەی بۆ یەكێتی بێت، هاوكات پارتی بەرهەم ساڵح بۆ خولێكی تری سەرۆكایەتی رەت دەكاتەوە، بۆیە تا ئێستە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر كاندیدەكە نەكراوە.

بەپێی پێشبینییەكان پارتی پۆستی سەركۆماری بۆ یەكێتی جێ هێشتووە، بەڵام لە بەرانبەر بە چی؟، بە پێی راپۆرتەكانی هەواڵ پارتی بە دانانەوەی بەرهەم ساڵح رازی نییە، واتە یەكێتی دەبێت كاندیدێكی تر دیاری بكات، باسی پۆستی پارێزگاری كەركووكیش دەكرێت كە پارتی لە بەرانبەر بە پۆستی سەركۆماری دانابێت، جیا لەوانە وەرگرتنی پۆستی سەركۆمار لەلایەن یەكێتییەوە رەنگە تەواوی سەنگی كورسییەكانی بەرانبەر بە پۆستەكان ببات، زۆرینەی پۆستەكانی تر بۆ پارتی بن، ئەوە ئەگەر رێككەوتن نەكرابێت هەرسێ پۆست بە پاكێجێك تێپەڕ بكرێن، واتە كاندیدان لەلایەن رەوتی سەدر و سوننە و كوردەوە دیاری كرابن، بەتایبەتی كە هەڵبژاردنی سەركۆمار پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمان هەیە.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە بەهۆی دەسەڵاتی فرەوانی جێبەجێكارییەوە، زۆر گرنگە و موقتەدا سەدر بەهیچ شێوەیەك ئامادە نییە ئەوجارە لەدەستی خۆی بدات، هاوكات بۆ لاوازكردنی نەیارەكانی بەكاری دێنێت، چەند ناوێك تا ئێستە لە راگەیاندنەكان خراونەتە روو، دیارترینیان مستەفا كازمی و جەعفەر سەدرن، لەوانەی لە سەدرەوە نزیكن، ئەمڕۆ عائید هیلالی، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوور لە خواست و كاندیدانی خۆیان، پێشنیازی كرد كە بۆ ئەو قۆناغە با كەسایەتییەكی قبووڵكراو لەلایەن هەمووان دیاری بكرێت، ناوی جەعفەر سەدری ئامۆزای موقتەدا سەدری هێنا، بەوەی لە نەوەی سەدرە و لەلایەكی تر كوڕی محەمەد باقر سەدری دامەزرێنەری حزبی دەعوەیە، بۆیە گونجاوترینە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لە چوار ساڵی داهاتوودا، زیانیشی نییە ئەگەر بۆ ئەو بابەتە راوێژ بە خاوەن ئەزموونەكان بكرێت. 

چاودێران پێیان وایە دوور لەوەی بڕیاری دەرەكی چی بێت، بەڵام لە تویتەكەی دوێنێی سەدر و بێ دەنگی میلیشیاكان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پێ دەچێت بابەتەكە بەو شێوەیە بەڕێوە بچێت كە سەدر بڕیاردەر و واجیهە بێت، مستەفا كازمیش، لە ماوەی بوونی وەك سەرۆك وەزیران توانی هاوویست و شێوەی سەدر بە بەڵێنەكانی شەقام هێور بكاتەوە، هاوكات بە نەرمی و بێ رووبەڕووبوونەوەی گورزی گەورە لە میلیشیاكان بدات و وا بكات لە هەڵبژاردن شكستی گەورە بێنن، كازمی شتێكی دەست پێ كردووە كە تەواو لە بەرژەوەندی سەدر بووە، بۆیە بۆ بەردەوامبوونی، دەبێت لە دەسەڵات بمێنێتەوە، بەتایبەتی كە خواستێكی گەورەی دەرەكی لەسەر مانەوەی هەیە و لەو بێدەنگییەی میلیشیاكان و ئێران و سەردانەكەیشی بۆ ئێران پێش هەڵبژاردن، هەموو ئەوانە ئەگەری مانەوەی زیاتر دەكەن.
   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل