هه‌ردوو یانه‌ی ریال مه‌درید و بایرن میونشن په‌یامی پشتگیریی خۆیان بۆ لویس ڤان خالی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندا نارد، دوای ئه‌وه‌ی ئاشكرای كرد دووچاری نه‌خۆشی شێرپه‌نجه بووه.
یانه‌ی ریال مه‌درید له توویته‌ر رای گه‌یاند: "له ریال مه‌دریده‌وه هه‌موو پاڵپشتی و خۆشه‌ویستی خۆمان بۆ لویس ڤان خالی راهێنه‌ری هۆڵه‌ندا ده‌رده‌بڕین".
هه‌روه‌ها نووسیویانه "ئه‌و هێزه‌ی هه‌میشه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كاندا پێشانت داوه، وات لێ ده‌كات به‌سه‌ر ئه‌م نهخۆشییهشدا زاڵ بیت".
ڤان خال له‌م رۆژانه‌دا ئاشكرای كرد، دووچاری نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی پرۆستات بووه، 25 جاریش بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی كردووه، به‌ڵام له ده‌رگه‌ی پشته‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌ك چووه‌ته ژووره‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س به نه‌خۆشییه‌كه‌ی نه‌زانێت.
ڤان خال ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ری مردن به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی پرۆستات زۆر نییه، به گشتی مرۆڤ به هۆكاری نه‌خۆشییه‌كانی دواوه‌ی شێرپه‌نجه ده‌مرێت".
له لایه‌كی تر یانه‌ی بایرن میونشن له توویته‌ر په‌یامی بڵاو كرده‌وه و نووسیویانه "یانه‌كه‌مان هیوای زۆری هه‌یه راهێنه‌ره‌كه‌ی پێشوومان به‌ره‌نگاری شێرپه‌نجه ببێته‌وه".
هه‌روه‌ها بۆیان نووسیوه "تۆ كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێزیت، هیوای سه‌ركه‌وتن و چاره‌سه‌ری خێرات بۆ ده‌خوازین".
لویس ڤان خال یه‌كێكه له ناسراوترین راهێنه‌ره هۆڵه‌ندییه‌كان له ئاستی جیهان و ئێسته ته‌مه‌نی 70 ساڵه، پێشتر مه‌شقی به یانه‌كانی بارسێلۆنا و بایرن میونشن، مانچێسته‌ر یونایتد و چه‌ند یانه‌یه‌كی هۆڵه‌ندا داوه، له‌وانه ئه‌یاكس و ئهلكمار، هه‌روه‌ها ئێسته راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندایه و پێشتریش دوو ماوه‌ی تر راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه بووه.