"عێراق چاوەڕوانی دەستپیشخەریی سەرۆك بارزانییە"

:: PM:05:32:12/05/2022 ‌

زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا تێپەڕ دەبێت و تا ئێستە پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتە گەیشتووەتە داخران و هێزە سیاسییەكانی ئامادەی رێككەوتن و تەنانەت دیدار و كۆبوونەوەیش لەگەڵ یەكتر نین، لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا كێشەكان بە رێككەوتنی دەرەكی، واتە ئێران و ئەمەریكا كۆتایی دەهات، بەڵام ئەوجارە پێكهێنانی حكوومەت زۆر زەحمەتە، چونكە هەمووان پێیان وایە ئەوەی لەناو حكوومەت نەبێت لەناو دەچێت، بەڵام چارەسەر چییە؟

ئێستە ململانێكە لەناو ماڵی شیعەیە، ئەوان دەیانەوێ بە باسكردنی كێشە لە نێوان كورد، واتە لە نێوان یەكێتی و پارتی، چاوی میدیا و رای گشتی لەسەر كێشە سەرەكییەكە لابدەن، كە نەیاریی چەندان ساڵەی نێوانیانە تا ئاستی ئێسك شكاندن و یەكتر كوشتن لەلایەك، لەلایەكی تر جیاوازیی مەزەویان لە عێراقی و ئێرانی، لەپاڵ كێبەركێ لەسەر پۆست و دەسەڵات و پارە، شتی تریش لە هەر هەموویشیان گرنگتر كە ئێستە هاتووەتە پێش، نەمان و لاوازبوون و لەناوچوونی ئەو لایەنەیە كە لە حكوومەت و دەسەڵات و چەكی دەستی دوور دەكەوێتەوە، بۆیەیش میلیشیاكان و حزبەكانیان سوورن لەسەر مانەوە لە حكوومەت لە ژێر ناوی حكوومەتی سازان، بەتایبەتی گرتنەدەستی وەزارەت و كایە تەناهییەكانی دەوڵەت.

بەهۆی بێدەنگیی مەرجەعیەتی باڵای نەجەف، لاساری و لادانی ئاشكرا لەناو ماڵی شیعەدا هەیە، بۆیە چارەسەر لە ناو ئەو ماڵە نییە و نابێت، مەگەر ئێران و ئەمەریكا و بەریتانیا رێكیان بخەنەوە، كە رەنگە ئەوەیش پێوەست بێت بە سەركەوتنی گفتوگۆكانی ڤیەننا لەبارەی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران، كە تا ئێستە دیار نییە كەی بە ئەنجام دەگات، بۆیە لایەنە شیعەكان، بەتایبەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە گوشارێكی تەواوی خستووەتە سەر پارتی و هەرێمی كوردستان پێوەست بە دۆسییەی نەوت و بودجە، چاوی لەسەر هەڵوێستی سەرۆك بارزانییە بۆ دەستپێشخەریكردن و دەربازكردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەو داخرانە، لە رێگەی چارەسەرێكی كردەنی هەمووان پێی رازی بن، كە هەر ئەوەیش خواستی گەل و تەواوی شەقامی عێراقە لە هەموو پێكهاتەكان. 

عەلی فەیلی، ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد كە سەرۆك بارزانی بەنیازە دەستپێشخەرییەكی نوێی سیاسی بۆ كۆتاهێنان بە ناكۆكیی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بخاتە روو، دەستپێشخەرییەكە كردەنی دەبێت بۆ چارەسەركردنی تەنگژە و چەقبەستوویی سیاسی لەو وڵاتەدا.  

فەیلی روونی كردەوە، ئێمە پاڵپشتی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكەین ببێتە هۆی دەركردنی وڵات لەو تەنگژە سیاسییەی هەیە، ئامادەشین بۆ سازشكردن و دەستبەرداربوونی گەورە بۆ كۆتاهێنانی تەنگژەی ئێستە، روونی كردەوە، هەموو دەستپێشخەرییەكانی تا ئێستە خراونەتە روو نەیانتوانیوە داخرانی سیاسی لە عێراق چارەسەر بكەن، بۆیە سەرۆك بارزانی بەنیازە دەستپێشخەری رابگەینێت، كە لە رووی بۆچوونەوە لەوەی موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدرەوە جیاوازە.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی كرد كە دەسپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی چارەسەری كردەنی لەخۆ دەگرێت و خواستی هەموو لایەنە سیاسییەكانیش لەبەرچاو دەگرێت، ئەو پێی وایە پێویستە سەرۆك وەزیرانێكی رێككەوتن لەسەركراو لەناو ماڵی شیعە دیاری بكرێت، دووپاتی كردەوە كە پێویستە هەر دەستپێشخەرییەك كە دەخرێتە روو مەترسی و خواستی لایەنی بەرانبەر لەبەرچاو بگرێت.  

پێشتر د. ساڵح عومەر، توێژەر و مامۆستانی زانكۆ لەبارەی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی رای گەیاندبوو، مەبەست لە دەستپێشخەرییەكە لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكانە لە نێوان هێزە سیاسییەكانی شیعە و كۆتاهێنانە بەو داخرانە سیاسییەی لە عێراق هەیە، پێشتر سەرۆك بارزانی دەستپێشخەری بۆ لێكنزیككردنەوەی هێزە سوننەكان هەبوو، ئێستەیش پێمان وایە رەگی كێشەكە لەناو ماڵی شیعەدایە، بۆیە دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ هەریەك لە رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنەگی دەخرێتە روو.

لەو بارەوە د. ماجد شنگالی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەویش گوتبووی، دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی لە چوارچێوەی زۆرینەی نیشتمانییەوە دێت، باسی ئەوە دەكات هاوپەیمانیەتییەك هەبێت حكوومەت پێك بێنێت، هاوكات رێگەیش هەبێت بۆ ئەوانەی دەیانەوێ ببنە ئۆپۆزسیۆن بۆ بینینی رۆڵی چاودێریكردن لە رێگەی لیژنەكانی پەرلەمانەوە.

زیاتر گوتی، پێویستە رۆڵی ئۆپۆزسیۆن كارا بكرێتەوە، بە شێوەیەك حكوومەت و ئۆپۆزسیۆن هەبێت، بەڵام راستییەكەی تا ئێستە هیچ كەس بە شێوەیەكی فەرمی ئاگەداری ناوەڕۆكی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی نییە، بەڵام دوای راگەیاندنی گفتوگۆی چڕ لەگەڵ هەموو لایەنەكان دەبێت، بۆ رازیكردنیان یان ئەنجامدانی هەندێك گۆڕانكاری تیایدا بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری.

پێوەست بەو بابەتە عائید هیلالی، ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە  لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا سەرۆك بارزانی رۆڵێكی گەورە و كارای لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەبێت، كاتێك لەپاڵ دەستپێشخەرییەكانی چوارچێوە و رەوتی سەدر، چاوەڕوان دەكرێ سەرۆك بارزانیش دەستپێشخەری هەبێت.

روونی كردەوە، رەنگە دەستپێشخەرییەكە بتوانێت بۆچوونی هاوبەشانی سیاسی لێك نزیك بكاتەوە و بۆشایی نێوانیان كەم بكاتەوە، ئەوكاتیش بتوانین بەرەو دۆزینەوەی لێكگەیشتنی نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشی بچین نەوەك سازان، بۆیە سەرۆك بارزانی قورسایی و كاریگەری لەسەر هاوبەشانی سیاسی هەیە و پێمان وایە لە رۆژانی داهاتوودا رۆڵێكی گەورە و كارای دەبێت و ئەو پرۆسەی سیاسی رزگار دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل