رووسیا هەڕەشە لە فنلەندا و سوید دەكات

:: PM:09:21:12/05/2022 ‌

بڕیارە لە كۆتای ئەم مانگە هەریەك لە فنلەندا و سوید داواكاری بوونە ئەندام لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی پێشكەیش بكەن، كە ئەمەریكا بەتوندی پاڵپشتی لە داواكارییەكەیان دەكات و ناتۆیش رای گەیاند بە خێرایی ئەوان وەردەگرێت، گەورە بەرپرسێكی رووسیا ئاماژە دەكات ئەگەر ئەوە رووبدات، ئەگەری هەیە ببنە ئامانجی رووسیا.

دیمیتری بۆلیانسكی، جێگری نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان رای گەیاند كە خاكی هەریەك لە فنلەندا و سوید دەبێتە ئامانجێكی گریمانكراوی هێزە چەكدارەكانی رووسیا، ئەوە ئەگەر بوونە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ، ئەو بەرپرسەی رووسیا لە وەڵامی ئەگەری چوونی ئەو دوو وڵاتە بۆ ریزەكانی ناتۆ بەمنزیكانە بە رۆژنامەی " UnHerd News "ی راگەیاند، ئەو كارە نابێتە گورزێكی گەورە بۆ ئاسایشی رووسیا، چونكە مۆسكۆ ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ناتۆ. 

بۆلیانسكی روونی كردەوە، ئەوكاتەی ئەو دوو وڵاتە دەبنە ئەندام لە ناتۆ، ئەوكات خاكەكانیان دەبێتە ئامانجێكی گریمانكراوی هێزە چەكدارەكانی رووسیا، ئەگەریش یەكەكانی سەربازی ناتۆ لەسەر خاكی ئەوان جێگیر كران، ئەوكات رەنگە ببنە ئامانجی هێرشەكانمان، فنلەندا و سوید دەزانن كە چوونیان بۆ ناو ناتۆ پێویستی بە وەڵامێكی دیاریكراوی رووسیا هەیە. 

شایەنی باسە لە ماوەی دواییدا هەریەك لە فنلەندا و سوید رایان گەیاند كە تاوتوێی ئەگەری چوونیان بۆ ناو هاوپەیمانی ناتۆ دەكەن و ئەگەری هەیە بۆ ئەو مەبەستە لە هەفتەی داهاتوو داواكاری پێشكەیش بكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل