پەیامەكانی پشت بۆردمانەكەی توركیا بۆ كەلار

:: PM:05:30:21/06/2022 ‌

هەینی رابردوو درۆنێكی توركیا لە بۆردمانێكی ئاسمانیدا ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی لە ناوچەی كەلار كردە ئامانج، دوای ئەوە دەركەوت كە لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا ژمارەیەك ئەندامی پەیەدە هەن كە یەكێكیان فەرهاد دێرك، جێگری هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری خۆسەری لە سووریا بوو، چاودێران دەڵێن بۆردمانەكە پەیامێك بووە بۆ پەیەدە و پەكەكە و یەكێتی و ئێران.

دوور لەوەی وردەكاریی هێرشەكە چییە؟، چەند خاڵێكی گرنگ هەن پێوەستن بەو بابەتەوە، كەلار زۆر لە سنوورەكانی توركیاوە دوورە، سەركردە كوژراوەكەی پەیەدە پۆستی باڵای هەبووە، پەیەدە دەڵێت ئەو بۆ چارەسەری پزیشكی لە عێراق بووە، توركیا دەڵێت لەلایەن سەركردایەتی پەكەكەوە بە ئەركێك لە عێراق راسپێردراوە، عێراق دەڵێت بەقاچاخ هاتووە و لەو حاڵەتەیش لە ئاسایشی بەرپرسیار نین، چاودێرانیش دەڵێن، بۆردمانەكە لە ناوچەی دەسەڵاتی ئێران لە هەرێمی كوردستان رووی داوە و پەیامەكە بۆ یەكێتی و ئێرانە، هاوكات وردیی پێكانی ئامانجەكە ئاماژەیە بۆ ئاستی ئاشكرابوونی بنكەكانی پەكەكە و دزەكردنی هەواڵگریی توركیا بۆ ناو ریزەكانی پەكەكەوە. 

پەیامی توركیا لەو كارە سەربازییەی جیا لە كوشتنی سەركردەیەكی باڵای نزیك لە پەكەكە، وریاكردنەوەی یەكێتی و ئێرانە بەوەی دەستسووكی لە كردنەئامانجی هیچ بەرپرسێكی پەكەكە ناكات لە ناوچەی دەسەڵاتی ئەوانەوە جموجۆڵ بكات، بۆیە دوودڵی ناكات لە وەشاندنی گورز لەو كات و شوێنەی خۆی دەیەوێت.
هێرشەكە ئاشكرای كرد كە هەواڵگریی توركیا دزەی كردووەتە ناو ریزەكانی پەكەكەوە
 لەلایەكی تر هێرشەكە هاوكاتە لەگەڵ ئامادەسازی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر ناوچە كوردییەكانی باكوری سووریا، بەمەبەستی دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لەژێر دەسەڵاتی خۆی و گرووپە توندڕۆكانی پاڵپشتیان دەكات، هەروەها بۆ هێنانەوەی ملیۆنێك ئاوارەی عەرەبی سووری بۆ ئەو ناوچانە و ئەنجامدانی گۆڕانكاریی دیموگرافی تیایاندا، مەبەستی تریش بەیەكگەیاندنی ئەو ناوچانەی لە دوو ئۆپراسیۆنی پێشوو داگیری كردبوون و لێكترازانی یەكجارەكی ناوچە كوردییەكانی باكوری سووریایە.

بەپێی هەندێك لە چاودێران هێرشە ئاسمانییەكەی هەینی رابردووی توركیا لە كەلار، فرەوانكردنی بێوێنەی چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی توركیایە لەگەڵ پەكەكە و گرووپەكانی پاڵپشتیان دەكات،  ئەو هێرشەی توركیایش رەنگە وەك پرسیارێكی توركیا بێت بۆ عێراق كە ئاخۆ سەركردەیەكی نزیك لە پەكەكە لەناو خاكی عێراق چی دەكات و چۆن بێ زانیاری ئەوان گەیشتووەتە ئەوێ، بەرپرسانی عێراق دەڵێن هەوڵ دەدەن هێزی زیاتر لەسەر سنوورەكانی سووریا بڵاو بكەنەوە بۆ رێگرتن لە دزەكردنی ئەندامانی پەكەكە لە حەسەكەوە بەرەو شنگال لە رێگەی سێگۆشەی سنوورییەوە، كە رێڕەوی سەرەكیی هاتوچۆی چەكدارانی پەكەكەیە لە نێوان هەردوو وڵات.

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، ئەو فەرماندەی پەیەدە بە شێوەیەكی نایاسایی هاتووەتە ناو عێراق، بەغدایش بەرپرسیارەتی پاراستنی ئەوانە ناگرێتە ئەستۆ كە بەو شێوەیە دێنە ناو خاكەكە جا لەهەر پۆستێكدا هەبێت، هاوكات حكوومەتی عێراق هەر كردەیەكی توركیا لەناو خاكی عێراق رەت دەكاتەوە و هەوڵ دەدات لەو بارەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئەنقەرەدا بكات، جیا لەوە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان بەنیازە چەند یەكەیەكی نوێی سەربازی لە شارەدێی سنونو و فیشخاپوور لەسەر سنووری سووریا بڵاو بكاتەوە بۆ رێگرتان لە دزەكردن و كاری قاچاخی، كە شەڕوانانی كوردی سووریا ئەنجامی دەدەن. 

بەشێك لە چاودێران پێیان وایە دەبێت ئەو پرسیارە لە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بكرێت، ئاخۆ دێرك و ئەوانیتر چۆن گەیشتوونەتە ناوچەكە، كە لە سنوورەكانی سووریاوە تا ئەوێ چەندان بازگەی هێزە تەناهییەكانی لێیە، جیا لەوە حەواندنەوەی سەرانی پەكەكە جارێكی تر كێشە لەگەڵ توركیا دروست دەكات، گرنگی كردە سەربازییەكی توركیا لەوەدایە كە لە دوورترین خاڵی سنوورەكانی لەناو خاكی عێراق ئەنجام دراوە، واتە لە دووری 275 كیلۆمەتر، ئەوەیش لەخۆیدا پەیامێكی ترە بۆ پەكەكە بەوەی هیچ شوێنێكی پارێزراوتان لەناو عێراق نییە.

ئەحمەد نعێمی، شارەزای سیاسی عێراقی دەڵێت، هێرشەكەی توركیا دەری دەخات كە بنكە و بارەگای پەكەكە لەناو عێراق ئاشكرا و دیارن، بۆیە ئەوان پەنا دەبەنە بەر ناوچەكانی دوور لە سنووری توركیا، هاوكات هێرشەكە ئەوەی ئاشكرا كرد كە هەواڵگری توركیا توانیویەتی دزە بكاتە ناو ریزەكانی پەكەكەوە، بۆیە هێرشەكەی كەلار دوایین نابێت. 

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا دەڵێت، ئەندام و سەرانی پەكەكە لە كاری تاوانكاری لە دژی خەڵكی شنگال و ناوچەكانیتری هەرێمی كوردستان تێوەگلاون، هەندێك لە سەرانی ئەو گرووپانەیش كە لەگەڵ پەكەكەدان، لە رێگەی دەروازەكانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی ئێران یان دەروازە نافەرمییەكان  دزە دەكەنە ناو خاكی عێراق، ئەگەرچی ئەو هێرشەی دوایی توركیا لە كەلار رەت دەكەینەوە، بەڵام دووپات لە بەردەوامیی دزەكردنی سەرانی سیاسی و شەڕوانی گرووپی ناعێراقی بۆ ناو خاكی عێراق دەكاتەوە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل