مه‌زن محه‌مه‌د ناودارترین راهێنه‌ری یاریی فوتساڵه بۆ تیپه‌كانی كچان له ئاستی كوردستان و عێراقدا، خاوه‌ن ده‌یان نازناو و پاڵه‌وانیه‌تییه.
ئه‌و ئێسته له یه‌ك كاتدا، راهێنه‌ری یانه‌ی ئافره‌تانی هه‌ولێر و یانه‌ی زه‌وڕایه، ساڵانێكی زۆریشه له هه‌ڵبژارده‌ی عێراق كار ده‌كات و ده‌یان كچه یاریزانی پێگه‌یاندووه، به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌دا له هه‌ڵبژارده‌كه دوورخرایه‌وه و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، سته‌مێكی گه‌وره‌ی لێ كرا.
"وشه سپۆرت" له چاوپێكه‌وتنێكدا مه‌زن محه‌مه‌دی دواند و باسی له كێشه و گرفته‌كانی كرد، هه‌روه‌ها تیشكی خسته سه‌ر ئه‌و سته‌مه‌ی لێی كراوه.
بۆچی له هه‌ڵبژارده‌ی عێراق دوورخرایه‌وه، به تایبه‌تی بۆ پاڵه‌وانیه‌تیی رۆژئاوای ئاسیا؟
له ساڵی 2014 تا 2019 وه‌ك یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر له هه‌ڵبژارده‌ی فوتساڵی عێراق كارم كردووه، له 2019-2020 بوومه راهێنه‌ری یه‌كه‌می هه‌ڵبژارده‌كه، بڕیار بوو به‌شداریی پاڵه‌وانیه‌تیی كه‌نداو بكه‌ین له كوێت، به‌ڵام به هۆی كۆرۆناوه نه‌كرا.
له‌م ماوه‌یه‌شدا كه بوومه راهێنه‌ری یانه‌ی زه‌وڕا له پاڵه‌وانیه‌تیی عێراق، سه‌رۆكی لیژنه‌ی فوتساڵ له فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق (دكتۆره ره‌نا) پێی راگه‌یاندم وه‌ك یاریده‌ده‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده ده‌ست به‌كار ده‌بم بۆ پاڵه‌وانیه‌تیی رۆژئاوای ئاسیا، كه ئێسته له سعوودیه به‌ڕێوه ده‌چێت.
ئه‌ی بۆچی دواتر له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كه سه‌فه‌رت نه‌كرد؟
راستییه‌كه‌ی من به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیشم كرد له به‌غدا، كه شه‌وێك دره‌نگ ته‌له‌فۆنیان بۆ كردم بچمه به‌غدا، رۆژی دواتر گه‌یشتمه به‌غدا و له‌گه‌ڵ ئه‌و پسپۆڕه ئینگلیزه دانیشتین، كه سی ڤی راهێنه‌ره‌كان سه‌یر ده‌كات و بڕیار ده‌دات، سی ڤی منی له ناو هه‌موو سی ڤی راهێنه‌ره‌كان هه‌ڵبژارد و گوتی من ئه‌و راهێنه‌ره‌م ده‌وێت، ئیتر بڕیار درا من یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه بم، كه خانمه راهێنه‌رێكی ئێرانی راهێنه‌ری یه‌كه‌مه، به‌لام دواتر كه گه‌ڕامه‌وه هه‌ولێر، پێوه‌ندییان پێوه كردم، كه ناوم له ستافه‌كه لابراوه.
پێت وایه هۆكاری ئه‌مه چی بوو؟
ئێمه پاڵپشتیمان نییه له لایه‌ن به‌رپرسانی وه‌رزشیی كوردستانه‌وه، به تایبه‌تی له به‌غدا، هه‌ر بۆ ئه‌م كێشه‌یه پێوه‌ندیم به گۆڤه‌ند عه‌بدولخالیق كرد، كه ئه‌ندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقه، 17 جار ته‌له‌فۆنم بۆ كرد، وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه، دواتر له ماڵه‌وه سه‌ردانی باوكیم كرد، كه نه‌خۆشه، له‌وێش بینیم و ته‌نانه‌ت هه‌ر نه‌یگوت ته‌له‌فۆنیشت كردووه، ئیتر منیش بێده‌نگ بووم.
دوای ئه‌وه پێوه‌ندیم به شێخ شاكر ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌رزش كرد، سه‌ردانیشم كرد، بارودۆخه‌كه‌م بۆ باس كرد، گوتی خۆم پێوه‌ندیی به عه‌دنان درجالی سه‌رۆكی فیدراسیۆنه‌وه ده‌كه‌م، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی من نه‌وه‌ستام و چاوه‌ڕێم نه‌كرد چی ده‌كات، هه‌ر له‌وێش به‌ڵێنم دا كه جارێكی تر ناچمه‌وه هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خودی عه‌دنان درجال بێته ماڵه‌كه‌م، من ناگه‌ڕێمه‌وه هه‌ڵبژارده‌كه.
هه‌ڵوێستی شێخ شاكر چی بوو دوای ئه‌مه؟
من چاوه‌ڕێم نه‌كرد ئه‌و چی ده‌كات، ئێسته زیاتر له 25 رۆژ به‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته تیپه‌ڕیوه، به‌ڵام هیچ پێوه‌ندییه‌كیشی به من نه‌كردووه‌ته‌وه.
پێت وایه كوردبوون هۆكاری دوورخستنه‌وه‌ت بێت؟
ده‌مه‌وێت راشكاوبم، ئێمه جگه له‌وه‌ی پاڵپشتیمان نییه، له به‌غدا به هاووڵاتی پله دوو سه‌یر ده‌كرێین، چونكه ئه‌گه‌ر وانه‌بووایه، ده‌بوو من له شوێنی خۆم بم، ئه‌و یاریزانانه‌ی ئێسته له هه‌ڵبژارده‌ی عێراقن، له كۆی 14 یاریزان 9 یان كوردن و یاریزانی ئێمه‌ن و ئێمه پێمان گه‌یاندوون، به‌ڵام دیسان ده‌ڵێم، كه‌س پاڵپشتمان نییه، ته‌نانه‌ت له لیژنه‌ی فوتساڵی عێراق هیچ كوردێكی تێدا نییه، له كاتێكدا زۆرینه‌ی هه‌ڵبژارده‌كه له یاریزانه كورده‌كان پێكهاتووه.
راستییه‌كه‌ی ده‌بوو به‌رپرسانی وه‌رزشی كوردستان وه‌ڵامیان هه‌بووایه و رێگه نه‌ده‌ن 9 كچه یاریزانی كورد به‌بێ راهێنه‌ره‌كه‌یان پێوه‌ندیی به هه‌ڵبژارده‌كه بكه‌ن، ئه‌گه‌ر وایان بكردایه، ئێسته به‌رپرسانی تۆپی پێی عێراق خۆیان ده‌هاتنه هه‌ولێر و ناچار ده‌بوون هه‌رچیمان بویستایه بۆیان جێبه‌جێ ده‌كردین، به‌ڵام كه‌س به لایه‌وه گرنگ نییه.
من ده‌بوو ئێسته راهێنه‌ری یه‌كه‌می هه‌ڵبژارده‌ی فوتساڵی كچانی عێراق بم، به‌ڵام به‌هۆی سته‌م و بێئاگابوونی به‌رپرسانی ئێمه، ده‌بینن كه به یاریده‌ده‌ریش قبوڵمان ناكه‌ن.
ئه‌ی سه‌باره‌ت به یانه‌ی زه‌وڕا و كاركردنی تۆ له به‌غدا، چی ده‌ڵێیت؟
من به هۆی ده‌ستكه‌وت و كار و ره‌وشتم، رێزێكی زۆرم هه‌یه له به‌غدا و به تایبه‌تی له یانه‌ی زه‌وڕا، هێشته گرێبه‌سته‌كه‌م له‌گه‌ڵیاندا ماوه.
دوای چه‌ندان ساڵ كاركردن و پێگه‌یاندنی ژماره‌یه‌ك كچه یاریزان، له كوردستان چۆن مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت؟
راستییه‌كه‌ی هیچ پاڵپشتییه‌ك بۆ فوتساڵی كچان و منیش نییه، به‌رپرسانی وه‌رزشی هیچیان بۆ نه‌كردووین، كه‌س پاڵپشتیمان ناكات، ته‌نانه‌ت جارێك مه‌دالیایه‌كی 250 دینارییان به گه‌رده‌ن وه‌نه‌كردووم، من هیچ بڕوایه‌كم به به‌رپرسانی وه‌رزشی كوردستان نییه.
وه‌رزش دوو شته، ئه‌نجام و ئه‌خلاق، ئه‌نجام و به‌رهه‌مه‌كانی من دیارن، ئه‌خلاقیشم دیاره و هه‌موو خه‌ڵك ده‌زانن من كێم، چونكه كاركردن له‌گه‌ڵ كچان زۆر سه‌خته و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا تا ئێسته زۆر سه‌ركه‌وتووم.
بڕیار وایه فیدراسیۆنی تۆپی پێی فڕه‌نسا یارمه‌تی تۆپی پێی كچانی كوردستان بده‌ن و ئاستیان پێشبخه‌ن، سه‌رنجت له‌سه‌ر ئه‌مه چییه؟
هێشته هیچ دیار نییه و نازانین به‌رنامه‌كه چییه، به‌ڵام ئێمه ده‌بێت به‌رده‌وام بین و له ئاستی ناوخۆی كوردستان زیاتر یارییه‌كه و كچانمان به‌ره‌و پێش ببه‌ین، ئێمه له ئاستی عێراق پێشكه‌وتووین، كه ئه‌مه به هۆی به‌ڕێوه‌چوونی خولی كوردستانه، به‌ڵام پێویسته خوله‌كان زیاتر بكرێت و پله‌ی جیاوازی هه‌بێت، ئێمه بۆچی ده‌چینه به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام بین و یاری و به‌ریه‌كه‌وتن زیاتر بێت، بۆیه هیوادارم له كوردستان زیاتر بایه‌خ به فوتساڵ و كچه یاریزانه‌كان و راهێنه‌رانیش بدرێت.
پرۆفایل
مه‌زن محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا
بڕوانامه‌ی دبلۆمی له وه‌رزشدا هه‌یه.
پیش‌تر یاریزانی تۆپی پێ بووه و له چه‌ند یانه‌یه‌كی شاری هه‌ولێر یاریی كردووه.
له ساڵی 2002 وازی له یاریكردن هێناوه.
دواتر رووی له بواری راهێنه‌رایه‌تیی كردووه و سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ تیپه‌كانی كوڕان بووه، به‌ڵام دواتر بووه‌ته تایبه‌تمه‌ند له یاریی فوتساڵی كچان.
مه‌شقی به یانه‌كانی جیهان، ئافره‌تانی هه‌ولێر، چۆمان، قه‌ڵای توركمان، پیرمه‌گروون، هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ولێر، غازی شیمال و چه‌ند تیپێكی تر داوه.
له 2014 تا 2019 یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بووه.
له 2020 تا 2021 راهێنه‌ری یه‌كه‌می هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بووه.
خاوه‌نی ده‌یان بڕوانامه‌ی مه‌شق و راهێنانه
براوه‌ی ده‌یان نازناوه له ئاستی تیپه‌كانی لاوانی كوڕان و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ تیپه‌كانی كچان له یاریی فوتساڵ.
دوانازناوی، وه‌رزی رابردوو له خولی فوتساڵی كوردستان پله‌ی یه‌كه‌می بۆ یانه‌ی ئافره‌تانی هه‌ولێر به‌ده‌ست هێنا.
هه‌روه‌ها له پاڵه‌وانیه‌تیی عێراق وه‌ك راهێنه‌ری یانه‌ی زه‌وڕا، پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ست هێنا.