دەرمانی پەیجەكان قۆڵی خانمێكی كوردی سووتاند

:: PM:08:30:25/06/2022 ‌
بەهۆی ئەوەی خانمێك شوێنەواری تاتۆی كۆن لەسەر جەستەیەتی، پەنای بردووەتە بەر ئەو "مەلهەمانە"ی كە لە پەیجەكانی ئۆنلاین رێكلامی بازرگانیی بۆ لابردنی شوێنەواری تاتۆی كۆن دەكەن و بەهۆیەوە تووشی سووتانی كیمیاویی بووەتەوە. 

"دكتۆر هەڤین كەمال" پسپۆری بەنج و ئازار شكاند لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك وێنەی قۆڵی خانمێكی بڵاو كردووەتەوە و نووسوویەتی " ئەم وێنەیە قۆڵی خانمێكی جوانە كە ئەم خانمە جوانە تەنیا باجی دڵسافی و باوەڕكردنیەتی بە پەیجی ئۆنلاین، كە رێكلام بۆ هەزارەها جۆرە مەلهەم و دەرمان دەكەن" 

دكتۆر هەڤین لە درێژەی نووسینەكەیدا ئاماژەی بەوەدا كە ئەمڕۆ تونرا نەشتەرگەری پاككردنەوەی بۆ ئەنجام بدەن كە تەنیا بەم نەشتەرگەرییەش برینەكەی چارەسەر نابێت چونكە وەك خۆی ئاماژەی داوە "بە هۆی ئەم دەرمانەی كڕوویەتی قۆڵی بە پلەی سێ بۆ چوار سووتاوە"

"قۆڵی ئەم خانمە لەوانەیە چەندین جار پێویستی بە پاككردنەوە هەبێت و لە كۆتاییشدا پێویستی بە لێدانی پێست بێت كە لە ناوچەیەكی تری جەستەیەوە بۆی لێبدرێت" دكتۆر هەڤین وای نووسیوە. 

لە كۆتایی نووسینەكەیدا دكتۆرە "هەڤین كەمال" لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەی قۆڵە سووتاوەكەی خانمەكە "تكایەكی هاوڕێیانە" دەكات و نووسیوویەتی " جەستەت دیارییەكی پیرۆزە، تكایە پارێزگاری لێ بكە، بە رێكلامی بازرگانی پەیج و سایتەكان تێمەكەوە و لە خۆتەوە بێ پرس و شارەزایی پزیشكانی پسپۆڕ دەرمان و مەڵهەم و هەزارەها گیراوەی تر كە بە ناوی سرووشتییەوە خەڵكی پێ دەخەڵەتێنن، بەكار مەهێنە" 

"دكتۆر هەڤین" پێی وایە ئەم سەردەمە سەردەمی سیستمی سەرمایەدارییە و مرۆڤیش وەك كاڵا سەیر دەكرێت و نرخی بۆ نەماوە، تەنیا نرخی مرۆڤ لای سەرمایەداران ئەوە كە چۆن دەتوانن سوودت لێ وەربگرن و كاڵاكانیان بەسەرتدا ساغ بكەنەوە. 





وشە - وشه‌