مستەفا كازمی بۆچی بە خێرایی سەردانی سعوودیە و تارانی كرد؟

:: PM:05:40:26/06/2022 ‌

دیوێكی هۆكاری ئەو ئاڵۆزییەكانی عێراق، دەستوەردانی دەرەكییە، بەتایبەتی لەلایەن ئێران و سعوودیە، وای كرد ململانێكانیان ناراستەوخۆ بە وەكالەت لەسەر گۆڕەپانی عێراق بكەن و بە جوانی لەسەر دۆخی ناوخۆیی ئەو وڵاتە رەنگ بداتەوە، یەكێك لە كارەكانی حكوومەتی مستەفا كازمی، راگرتنی هاوسەنگیی نێوان هەژموونی ئەو دوو وڵاتەیە، كە توانی تا ئاستێك نێوانیان هێور بكاتەوە، بەڵام چی لەپشت سەردانە بە پەلەكەی كازمییە بۆ ریاز و تاران؟

ململانێی ئێران و سعوودیە یەكێكە لە قووڵترین ململانێی ناوچەكە لە رووی كاریگەری لەسەر دۆخی عێراق، ئەوەیش لەبەر چەند هۆكارێكەوە، لەوانە جوگرافی، كە عێراق هەردوو وڵات لە رۆژهەڵات بەرەو رۆژئاوا بەیەكەوە دەبەستێتەوە، هەروەها سیاسی و كولتووری و مەزەوی و بیروباوەڕی، بۆ نموونە سعوودیە لایەنگرێكی ئەمەریكایە، لەو كاتەی ئێران نەیار و دوژمن، ئێران پاڵپشتیی بەرەی بەرگریكاری، واتە میلیشیاكان، لە دژی ئیسرائیل و ئەمەریكا لە ناوچەكە دەكات.

ئەوانە وایان كرد  نەیاریی گەورەی نێوانیان، وا بكات عێراق لە دۆخێكی ئاڵۆزدا بژیت، كە نەتوانرێت بێ باشتربوونی پێوەندیی نێوانیان ئەو كاریگەرییە خراپە لەسەر عێراق سووك ببێتەوە، هەردوو وڵات لە 2016ەوە لە دوای لەسێدارەدانی سعوودیە بۆ پیاوێكی ئاینی شیعە و هەڵكوتانی ئێرانییەكان بۆ سەر كونسوڵگەی سعوودیە، پێوەندی دپلۆماسیان پچڕا، بۆیە لە ساڵی رابردووەوە عێراق مێوانداریی زنجیرەیەك دیداری هەردوولا لە بەغدا دەكات بۆ دووبارە لێكنزیككردنەوەیان كە خەریكە بەرهەمەكەی نزیك بووە.
دوای پێنج گەڕی گفتوگۆ بڕیارە تاران و ریاز پێوەندییەكان ئاسایی بكەنەوە
مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەوەتەی هاتووەتە دەسەڵات، چەند دەسكەوتێكی بەدەست هێناوە، لەوانە گۆڕانكاریی ناوخۆیی لە بوارەكانی تەناهی و ئابووری، لە كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن و گۆڕینی نەخشەی سیاسی لەناو پەرلەمان، هەروەها دەرەكی و لە هەمووی گرنگتر لێكنزیككردنەوەی سعوودیە و ئێران بووە، كازمی شەوی رابردوو سەردانی سعوودیەی كرد و لەسەر ئاستێكی باڵا پێشوازی لێ كرا و ئەمڕۆیش گەیشتە تاران، ئەم جموجۆڵەیشی هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، بەتایبەتی دوای كشانەوەی موقتەدا سەدر لە پرۆسەی سیاسی و یەكلابوونەوەی دۆخەكە بۆ بەرژەوەندی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لایەنگری ئێران.

شەوی رابردوو كازمی گەیشتە سعوودیە و لەلایەن محەمەد كوڕی سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە  لە جەدە پێشوازی لێ كرا، دوای ئەوە گەیشتە تاران و لەوێ چاوی بە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئێران كەوت، بڕیاریشە لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی داهاتوو ئامادەی لووتكەی جەدە لە سعوودیە بێت، كە بە بەشداری جۆ بایدن و شا عەبدوڵا و عەبدولفەتاح سیسی و سەرانی وڵاتانی هاریكاریی كەنداو بێتە سازكردن. 

شارەزایان لەبارەی هۆكاری سەردانەكەی كازمی بۆ ریاز و تاران باسی چەند هۆكارێك دەكەن، دەیەوێ هەوڵەكانی رابردووی بۆ لێكنزیككردنەوەی هەردوو وڵات بە ئەنجام بگەیەنێت، لە رێگەی دەستپێكردنەوەی پێوەندیی دیپلۆماسی لە نێوانیان، لەگەڵ بەردەوامیی گفتوگۆكانیان كە دۆخی یەمەن و گفتوگۆكانی ڤیەنایش بگرێتەوە، جیا لە رازیكردنی ئێران بەوەی عێراق سوود لە سعوودیە ببینێت لە رووی وزەی كارەبا و بازرگانیشەوە، هۆكارێكی تر پێوەستە بەو لووتكەی جەدە كە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ساز دەكرێت، كاتێك هێزە سیاسییەكانی عێراق و میلیشیاكانی نزیك لە ئێران ئەوەیان بە سەرانی ئێران گەیاندووە لەو لووتكەیە عێراق دەبێتە بەشێك لە بەرەی نەیار بۆ ئێران، بۆیە كازمی دەیەوێ لە نزیكەوە ئەو گومانەی ئێرانییەكان بڕەوێنێتەوە.

ئیحسان شمەری، شارەزای ستراتیجی عێراقی دەڵێت، سەردانی كازمی بۆ ریاز چەند پرسێكی لەخۆی گرتووە، گرنگترینیان، تەواوكردنی پرەنسیپی هاوسەنگی و ئەو میانگیرییەی عێراق لە نێوان ریاز و تاران پێی هەستاوە بۆ لێكنزیكردنەوەیان، جیا لە رێكخستنی هەڵوێستەكان و نزیككردنەوەی بۆچوونەكان پێوەست بە لووتكەی جەدە لە مانگی داهاتوو.

لای خۆیەوە هادی ئەفقەهی، دیپلۆماتكاری پێشووی ئێرانی دەڵێت، دوای سەردانەكەی كازمی بۆ تاران گۆڕانكارییەكی دیپلۆماسی لە ناوچەكە روو دەدات، ئەو لە تاران باسی چارەسەركردنی كێشەكانی ئێران و سعوودیە دەكات، بەتایبەتی دۆسییەی یەمەن، ئاماژەی كرد كە كاتی هاتووە پێوەندیی دپلۆماسی نێوان تاران و ریاز بگەڕێتەوە و باڵوێزخانەی هەردوو وڵات بكرێتەوە، بۆیە سەردانەكەی كازمی بەپەلە دەبێت، بەڵام دوای ئەوە وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە و ئێران كردنەوەی باڵوێزخانەكانیان و دیداری هەردوو وەزیری دەرەوەیان رادەگەیەنن، لایەنێكی تری سەردانەكەیش هێوركردنەوەی ئاڵۆزییەكانی نێوان واشنتن و تارانە، بۆ كاریگەربوونی لەسەر گفتوگۆكانی ڤیەننا و سەركەوتنی.

ئەفقەهی روونی كردەوە، كازمی توانی كۆتایی بە پێنج گەڕی گفتوگۆی نێوان ریاز و تاران بێنێت بە گواستنەوەی پەیامێكی گرنگ لە ریازەوە بۆ تاران، سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی پێوەندیی دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵات و كردنەوەی باڵوێزخانەكانیان و كۆتاهێنان بە هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق لەو بارەوە، بۆیە چوونی كازمی بۆ سعوودیە و گەیشتنی بۆ تاران بەو خێراییە، ئەو پەیامێكی زارەكی یان نووسراوی لە بەرپرسانی سعوودیە هێناوە بۆ راگەیاندنی نیوچە فەرمی بۆ گەڕاندنەوەی پێوەندییە دیپلۆماسییەكانیان، كە ئێران هەوڵەكانی كازمی بەز دەنرخێنێت، عێراقیش زۆر سوود لەو هێوربوونەوەی پێوەندییەكان دەبینێت. 

ماوەی دەسەڵاتی كازمی لە بەغدا ئاسان نەبوو، لە دوای ناڕەزایەتییەكی خوێناوی و وەك كاندیدی ناچاری دەسەڵاتی گرتە دەست، توانی لەگەڵ ئەو هەموو گوشارە ناوخۆیی و دەرەكییانە هەڵ بكات، دەیەوێ بۆ جارێكی تر پۆستەكە بگرێتەوە دەست، بۆیە پشتی بە سەدرییەكان و شەقام و سوننە و كورد بەست و وەك كەسایەتییەكی عەلمانی نەیار بۆ میلیشیاكان دەركەوت، توانی ئێران و سعوودیە لێك نزیك بكاتەوە و هاوسەنگییەك لە پێوەندییە دەرەكییەكانی عێراق دروست بكات، پرسیارەكە ئەوەیە ئەو كارانەی دەبنە پەتی رزگاركردنی و دووبارە مانەوەی لە دەسەڵات، كە بۆچوونەكە وایە لە دوای كشانەوەی سەدرییەكان دۆخێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە، بەتایبەتی كە میلیشیاكان كازمی بە نەیاری سەرسەختی خۆیان دەزانن، ئێرانیشی لێ هان دەدەن بەوەی دەستی لە كوشتنی قاسم سلێمانی و موهەندیس هەبووە، دیاریشە ئێرانییەكان بەوە ناسراون كە ئارامگرن، بەڵام شت لەیاد ناكەن.          



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل