كۆگاكانی هەرێم پڕ خۆراكن و ترس هەیە پێش ساغكردنەوەیان بەسەر بچن.. حكوومەت چی كردووە؟

:: PM:11:10:28/06/2022 ‌

دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باجی لەسەر مادە خۆراكییە سەرەكییەكانی رۆژانەی هاووڵاتییان لابرد، ئێستە نرخی ئەو مادانە بە بەراورد بە پێشتر دابەزیووە، بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی باس لەوە دەكات، ژمارەیەكی زۆر مۆڵەت دراوەتە بازرگانان و بڕێكی زۆری مادەی خۆراكیش لە كۆگاكان هەیە، بۆیە هەرێمی كوردستان كێشەی خۆراكی نییە.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا باج لەسەر 15 مادەی خۆراك كە پێویستی رۆژانەی هاووڵاتییانە لاببات، ئەمەیش لە پێناو دابەزاندنی نرخ لە بازاڕ  و سووككردنی ئەركی سەرشانی هاووڵاتییان و رێگریكردن لەو گرانییەی لە دوای شەڕی ئۆكراینا سەری هەڵداوە، بۆیە ئێستە سەرەڕای درێژكردنەوەی ماوەكە، مادە خۆراكییەكان نرخیان دابەزیووە.
رێوشوێنەكان تا كۆتای مانگی ئەیلوولی داهاتوو بەردەوام بێت نرخەكان زیاتر دادەبەزن
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی 11ی نیسانی رابردوو بڕیاری دا باج لەسەر ئەو مادە خۆراكییە پێویستانە لاببات كە رۆژانە و بەردەوام لە لایەن هاووڵاتییانەوە بەكاردەهێنرێت، ئەوەیش لەپێناو هەرزانی و رێگریكردن لە گرانی، لە 17ی نیسانیش بڕیارەكە چووە بواری جێبەجێكردن و سەرجەم مەرزەكان بڕیارەكەیان جێبەجێ كرد كە بۆ ماوەی دوو مانگ بوو، بەڵام حكوومەت جارێكی تر ئەو ماوەیەی تا 30ی ئەیلوولی داهاتوو درێژ كردەوە.

زیاتر گوتی، بە شێوەیەكی مەیدانی سەردانی مەرزەكانمان كردووە و بەدواداچوونمان كرد، بۆمان دەركەوت لە دوای لابردنی باج لەسەر ئەو مادە خۆراكییانەی رۆژانە بڕێكی زۆری هاوردە دەكرێت، هەروەها پێش بڕیارەكە نرخی سەرجەم ئەو خۆراكانەمان وەرگرت كە لە بازاڕدا بوون پێش لابردنی باج، دواتر بەراوردمان كرد لەگەڵ جێبەجێكردنی بڕیارەكە، سەرجەم ئەو مادە خۆراكییانە نرخەكانیان هەرزان بووە.

"یەك فەردە شەكر سێ بۆ چوار هەزار دینار هەرزان بووە، یەك تۆنیشی 60 هەزار دینار، یەك تەنەكە رۆن نزیكەی 10 هەزار دینار دابەزیووە، یەك رۆنی بچوكی تەڕ هەزار دینار دابەزیووە، بۆیە ئەم بڕیارە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخەكان هەبووە، ئێستەیش نرخەكان دابەزینیان تۆمار كردووە و بەو شێوەیە تا كۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوو بەردەوام بێت نرخەكان زیاتر دادەبەزن"، نەوزاد شێخ كامیل وای گوت.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم دووپاتی كردەوە، رۆژانە بازرگانان بۆ هاوردەكردن داوای مۆڵەت دەكەن و بەخێرایی كاریان بۆ دەكرێت و مۆڵەت وەردەگرن، هاوكات ئێستە هەموو كۆگاكانی هەرێمی كوردستان پڕ خۆراكن، بۆیە هەرێمی كوردستان گرفتی خۆراكی نییە، تەنانەت ترسمان لەوە هەیە ئەو هەموو خۆراكە لەو كۆگایانە پێش ساغكردنەوەی ماوەكەیان بەسەر بچێت هێندە خۆراك بوونی هەیە، بە گشتی ئەمساڵ بە سەتان مۆڵەت دراوە و بە بەراورد بە ساڵی رابردوو مۆڵەتدان زیادی كردووە.

پێوەست بەو بابەتەوە رێبوار كەریم، خاوەنی ماركێت لە سلێمانی بە "وشە"ی گوت، ئەو كاتەی گرفتی گرانی دروست بوو، نرخی شمەك و خۆراك گرانبوو، بەتایبەتی رۆن كە نرخی یەك دەبەی بچووك گەیشتە نزیكی چوار هەزار دینار، ئێستە بۆ سێ هەزار دینار دابەزیووە، روونی كردەوە، بەدڵنیاییەوە لابردنی باج، واتە لابردنی پارەیەكی زیادە لەسەر ئەو خۆراكانە كە دواتر هەمووی بەسەر میللەت دەشكێتەوە و ئەوان دەبێت ئەو پارە زیادە بدەن، كاتێكیش باج لاببرێت ئەوكات پارەیەك لەسەر ئەو خۆراكە نامێنێت و هاووڵاتی بە هەرزان خۆراكەكەی بەدەست دەگات.

شایەنی باسە ئەو خۆراكانەی كە باجیان لەسەر دانراوە، ئارد و برنج و زەیتی گوڵەبەڕۆژە و زەیتی گەنمەشامی و رۆنی رووەكی بەستوو و رۆنی ئاژەڵی بەستوو، چای رەش و شەكر و پاقلەمەنی وشك، وەك نیسك و نۆك و پاقلە و لۆبیا و فاسۆڵیا و ماش، هەروەها شیری منداڵ بە هەموو جۆرەكانی.

لای خۆیەوە ناسر ئیسماعیل، شارەزای ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، كاتێك لە وڵاتێك نرخەكان گران دەبن و هاووڵاتی بە گران خۆراك و كەلوپەلەكانیان بەدەست دەگات، حكوومەت رێكار دەگرێتەبەر و پەنا بۆ ئەو شتانە دەبات كە پێوەندی بە خۆیەوە هەیە، ئەوەیش خۆی لە باج و گومرگ دەبینێتەوە، بۆیە حكوومەت بە لابردنی ئەو دوو شتە دەتوانێت نرخەكان دابەزێنێت و رێگری لە گرانی نرخیان بكات، هەروەها زۆرترین مۆڵەت بە بازرگانان بدات تا خۆراكی زۆرتر بێت و كێبەركێ دروست بێت بۆ دابەزینی نرخەكان.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل