گەلی عێراق لە چی پێشەنگی دنیایە؟

:: PM:07:07:29/06/2022 ‌

عێراق ژێرخاكەكەی بە سەرچاوەی سروشتی لە نەوت و غاز و كانزا و ئاو و هیتریش دەوڵەمەندە، سەر زەوییەكەیش دەیان تەنگژە و كێشەی قووڵی دروستكراو هەیە، ئەوەیش وای كردووە گەلەكەی لە دۆخێكی دەروونی نائاساییدا بژین، لە راپرسییەكی كۆمپانیای گالووپ بۆ توێژینەوە لە دنیا و تایبەتمەند بە پێوانەكردنی هەست و سۆزەكان، عێراق لە پێشەوەی گەلانی دنیا هاتووە لە خەمباری و راڕاییەوە.

بەپێی ئەو كۆمپانیایە، لە پێوانەی خەمباری و راڕایی بۆ 2022، عێراق لە پێشەوە دێت، هاوكات گەلەكەی چوارەمە لە توڕەییدا، لەوكاتەی لە ریزبەندی وڵاتانی توڕە، لبنان لە پلەی یەكەم و توركیا دووەم و ئەرمینیا سێیەم و عێراق چوارەمە.
عێراق لەپێشەوەی وڵاتانی دنیا دێت لە خەمباری و راڕاییەوە و چوارەمە لە توڕەیی
ئەو راپۆرتەی گالووپ كە نیوەی دووەمی 2021 و سەرەتای 2022 دەگرێتەوە، باسی ئەوەی كردووە 49%ی لبنانییەكان بەدەست توڕەییەوە دەناڵێنن، كە بەرزترین رێژەیە لە دنیا.

توێژینەوەكەی گالووپ لەسەر بنەمای پێنج هەست بنیات نراوە، ئەوانیش راڕایی و خەمباری و توڕەیی و نیگەرانی و ئازاری دەروونین، عێراق لەپێشەوەی وڵاتانی دنیا دێت لە خەمباری و راڕاییەوە، كاتێك 51%ی بەشدارانی راپرسییەكە باسی ئەوەیان كردووە كە بەدەست هەر پێنج هەستی نەرێنییەوە دەناڵێنن.  

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بە دەوروبەری 40 ملیۆن كەس دەبێت، هۆكاری سەرەكیی ئەوەی عێراقییەكان ئەو هەستە نەرێنیانەیان هەیە و بەسەریاندا زاڵە، بوونی تەنگژەكانی سیاسی و ئابووری و تەناهی و كۆمەڵایەتی و زیادبوونی توندوتیژی و تاوان و كوشتن و هەژاری و بێكاری و هەڵاوسانە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل