پێوەندی نێوان باڵای مرۆڤ و تووشبوونی بە نەخۆشی چییە؟

:: PM:09:17:29/06/2022 ‌

توێژینەوەیەكی نوێ گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە كەسانی باڵابەرز لە رووی كۆمەڵایەتییەوە پێگەی باڵاتریان هەیە، وەك ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا باسی دەكات، هاوكات ئەوان كەمتر تووشی هەندێك لە نەخۆشییە بڵاوەكان دەبن.

بەپێی ئاژانسەكە رەنگە هۆكارە ژینگەییەكان كاریگەری زیاتریان لەو بارەوە هەبێت، كاتێك ناوەندی باڵای ژن و پیاو بە تێپەڕبوونی كات لە زیادبوونە، ئەو توێژینەوە یەكەم نییە باسی ئەو بابەتە بكات، لە 2019 توێژینەوەیەكی ئەڵمانی گوتی، كەسانی باڵاكورت زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە هەیە، لە سوید لە 2017 باسی ئەوە كراوە كە كەسانی باڵابەرز زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی خوێن و شێرپەنجە هەیە.
كەسانی باڵابەرز مەترسی تووشبوونیان بە لەرزینی گوێچكۆڵەی دڵ و دەوالی زیاترە
تیمێك بە سەرپەرشتی د. سریدهاران راجاڤان، پزیشك لە زانكۆی كۆلۆرادۆ، داتای 250 هەزار كەسی پێگەیشتوویان شی كردەوە، پێوەست بە ئەگەری تووشبوونیان بە هەزار جۆر نەخۆشی، بۆیان دەركەوت كە كەسانی باڵابەرز مەترسی تووشبوونیان بە لەرزینی گوێچكۆڵەی دڵ و دەوالی زیاترە، كەمتر تووشی نەخۆشییەكانی خوێنبەری تاجی و پەستانی خوێن و بەرزی كۆلیتسرۆڵی خوێنیش دەبن.  

هەروەها بۆیان دەركەوت كەسانی باڵابەرز زیاتر تووشی شێوانی دەمارەكانی تەوەرەیی دەبنەوە، واتە شێوانی هەستە دەماری پەلەكان، هەروەها هەوكردنی پێست و ئێسك و برینی قاچ و پێ.  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل