ئەمەریكا داوای گفتوگۆی هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوتەوە دەكات

:: PM:11:39:29/06/2022 ‌

لە ماوەی چەند مانگی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و لە میانی ناكۆكییە سیاسییەكانی دروست بوون، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێكی دژ بە كەرتی نەوت و غازی هەرێم دەركرد، ئەوەیش دۆخی نێوان هەولێر و بەغدای پێوەست بە دۆسیەی نەوت ئاڵۆزتر كرد، بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە واشنتن داوای لە هەردوولا كردووە بۆ گفتوگۆ لەو بارەوە.
لەو هەنگاوانەی ئاڵۆزی زیاتر دروست دەكات دوور بكەونەوە
ئەمڕۆ چوارشەم بەرپرسێكی ئەمەریكا بە كەناڵی تەلەڤزیۆنی "حورە"ی راگەیاند، پێویستە هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی گونجاو و قبووڵكراو لەبارەی دۆسیەی نەوت و دووركەوتنەوە لەو هەنگاوانەی ئاڵۆزی زیاتر دەكات.

زیاتر گوتی، ئەو دەسەڵاتە نوێیەی بە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق "یۆنامی"، دراوە، رێگەی پێ دەدات بۆ یارمەتیدانی لایەنە عێراقییەكان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، بۆیە هانی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق دەدەین بۆ وەرگرتنی زیاترین سوود لە هەوڵەكانی یۆنامی لەو بارەوە.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە مانگی شوباتی رابردوو بڕیارێكی بە نادەستووریی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان دەركرد، داوای لە هەرێم كرد دۆسیەی نەوت رادەستی بەغدا بكاتەوە، لەو كاتەی ئەو پرسە كۆنە، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی سیاسی لەناو ماڵی شیعە و هاوپەیمانیەتی پارتی لەگەڵ رەوتی سەدر، وای كرد شیعەی سەر بە ئێران لە رێگەی دادگای فیدراڵەوە گوشار بخەنە سەر هەولێر، بۆیە چاودێران هۆكاری ئەو بڕیارە زیاتر بە سیاسی و پێوەست بە ململانێی سیاسی لە عێراق دادەنێن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل