سەرۆك بارزانی: دۆخی عێراق لەوپەڕی سەختیدایە و تەنگژەیەكی قووڵ هەیە

:: PM:08:35:02/07/2022 ‌

سەرۆك بارزانی وەك هەموو جارێك بە قسە راشكاوانە و بوێر و راستگۆیی و سیاسەتوانێكی خەمخۆر و هەڵگری خەمی نەتەوەیەك قسە دەكات، ئەو لە دیمانەیەكی رۆژنامەی "وەفد"ی میسری، تیشكی خستە چەندان باسی پێوەست بە كورد و كوردستان و عێراق و ناوچەكە، ئەو دۆخی عێراقی بە سەخت ناو برد، ئەگەرچی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكان بەردەوامە.

سەرۆك بارزانی روونی كردەوە، دۆخی عێراق لەوپەڕی سەختیدایە و تەنگژەیەكی قووڵ هەیە، ئەوەیش بەهۆی ئەو ئاڵۆزییەی لە دوای راگەیاندنی هەڵبژاردنی دوایی هاتنە كایەوە، لەگەڵ ئەوەیش گفتوگۆ و دەستپێشخەری لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری هەیە، لە دوای كشانەوەی موقتەدا سەدر، بابەتەكان هێشتا لە سەرەتادان، پێوەندیی دۆستایەتیمان لەگەڵ سەدر هەیە كە پێوەست نییە بە هاوپەیمانیەتی، باوەڕمان بەوە هەیە پێویستە هاوپەیمانیەتیكردن لەسەر بنەمای بەهای نیشتمانییەوە بێت، كە لەسەر دەستوور بنیات نرابێت و ئامانجەكانیشی پارێزگاریكردن بێت لە دەستكەوتەكانی گەل و كاركردن لەپێناو خزمەتی هاووڵاتییان و دابینكردنی پێویستییە سەرەكییەكانیان و چارەسەركردنی كێشەكان بە گیانێكی تەواو نیشتمانی.

سەرۆك بارزانی پێوەست بە پرسی سەركۆمارەوە گوتی، لە سەرەتاوە كاندیدمان بۆ پۆستەكە هەیە، پارتی لەسەر بنەمای نیشتمانی و بەیەكەوەژیانی ئاشتیانە و هاوبەشی و ئاشتی و یەكتر قبووڵكردن و جێبەجێكردنی دەستوور بە گیانێكی نیشتمانی دوور لە جیاوازیكردن و فەرامۆشكردن پێوەندی لەگەڵ هەمووان بنیات دەنێت، بەوەیش دەسكەوتی عێراقییەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و كولتووری بەهێز دەبێت و مافەكانیان بەتەواوەتی و وەك ئەوەی لە دەستووردا هاتووە بەرجەستە دەبێت. 
تاكڕەوی لە دەسەڵات و دەستوەردانی دەرەكی و فەرامۆشكردنی دەستوور نیگەرانم دەكەن
سەرۆك بارزانی لەبارەی مافی كورد لە دەستووری عێراق گوتی، توانیمان دەستوورێكی باش بۆ عێراق دابڕێژین كە مافی گەلی كوردستان و هەموو عێراقییەكان فەراهەم بكات، بەڵام تا ئێستە پابەندی بەو دەستوورە نەكراوە، سەبارەت بە پەكەكەوە سەرۆك بارزانی گوت، بەداخەوە بوونی سەربازی پەكەكە لە  هەندێك ناوچە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتووانی سەتان گوند، ئەوەیش رێگر بووە لە حكوومەتی هەرێم و دامەزراوەكانی لە پەرەپێدانی ئەو ناوچانە و جێبەجێكردنی پڕۆژە پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاری و رێگەوبان تیایاندا، جیا لەوەی بوونیان بووەتە هۆی كوژران و برینداربوونی سەتان هاووڵاتی مەدەنی و پاساویشی داوەتە دەست توركیا بۆ لەشكركێشی لە ناوچە سنوورییەكان. 

سەبارەت بە رۆڵی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هێرشەكانی داعش، سەرۆك بارزانی گوتی، دامەزراوەی سەربازی كوردستانی (پێشمەرگە)، دامەزراوەیەكی نیشتمانییە و دەیان ساڵە هەیە، هەڵقوڵاوی دڵی گەلی كوردستانە وەك بزاوێكی شۆڕشگێری خەبات و شەڕی كردووە و هەزاران شەهیدی لەپێناو كوردستان داوە و ئامانجی بەدیهێنانی بەیەكەوەژیانی ئاشتیانەیە لە نێوان هەموو پێكهاتە و ئاینەكان دوور لە توندڕۆیی، بۆیە سەرەڕای گەمارۆی سەر ئەو دامەزراوە لەلایەن بەغداوە لە بواری چەكداریكردن، بەڵام ویستی پۆڵایین و یەكڕیزییەكەی وای كردووە بە قارەمانیەتییەكی بێ وێنە بجەنگێت بە هاوكارییەكی گەورەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بۆیە توانی ئەفسانەی ترس لە داعش تێك بشكێنێت، تا بووە سومبوڵێكی دنیایی بۆ بەرگریكاری و خۆراگری و قارەمانیەتی.  

پێوەست بە پێوەندییەكانی هەرێم و بەغدا، بەتایبەتی لە بواری نەوت و غاز سەرۆك بارزانی گوتی، بەداخەوە هەندێك لایەن هەن كار لەسەر دەرنەكردنی یاسای نەوت و غاز بە شێوە نیشتمانییەكەی دەكەن، كە هەموو عێراقییەكان لەسەری رێككەوتوو بن، ئەوەیش بووەتە هۆی ئاڵۆزكردنی دۆخەكە لەو دۆسییە لە نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی، ئێمە وای دەبینین چارەسەری ئەو كێشەیە پەلەكردنە لە دەركردنی یاساكە بەو شێوەی بابەتی وزە رێك بخات، نەك تەنیا لە نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵكو لە نێوان بەغدا و پارێزگاكانی تری بەرهەمهێنەریش، بۆیە ئەگەر حكوومەتی عێراق لە 2007ەوە رژد بووایە، كاتێك رەشنووسی یاسای نەوت و غازمان دانا، زۆر كات و كێشەمان بۆ دەگەڕایەوە.

سەرۆك بارزانی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی چی لە عێراق و هەرێمی كوردستان نیگەرانی دەكات؟ گوتی، تاكڕەوی لە دەسەڵات و دوورخستنەوەی ئەوانیتر و دەستوەردانی دەرەكی و فەرامۆشكردنی دەستوور و بەكارهێنانی بە شێوەیەكی خۆویستانە، ئەوانە نیگەرانم دەكەن، چونكە هیوادارم هەمیشە بە ئاشتیانە بژین.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل