یونس حەمەد
لەم ماوەیەدا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووهتەوە، وریا غەفووری ( 37 ساڵ ) یاریزانی پێشووی یانەی ئیستقلالی ئێرانی هەگبە وجانتاکەی به وەرگرتنی بڕە پارەیەکی زۆر بەرەو گەڕەکی ئازادیی دێرین هەڵدەگرێت، تا لە وەرزی دادێ وەک یاریزان یاریی بۆ زەرد پۆشەکانی کوردستان بکات.
ئەمە له هەموو خولەکانی جیهاندا ئاسایی، که یاریزان بەرەو یانەیەکی تر بچێت وەک پیشەگەر خۆی بخزێنێتە ناو ململانێی خولەکانی تۆپی پێی ئەم وڵاتەی یاریی تێدا دهكات، چونکه ژیانی یاریزانی پیشەگەر دارایی و خۆسەلماندنه، تا یانە یان هەر تیپێک دڵی بە ئاست و ئەنجام خۆش بێت و زۆرترین سەرکەوتن تۆمار بکات و دواتر له شکۆی ستادیۆمدا قەڵغان یان جام بەرز بکاتەوە و جەماوەر به چەپڵهڕێزان پێشوازییان لێ بکەن و زۆرترین جەماوەریش له دەووری خۆی کۆبکاتەوە.
بەڵام ئەگەر سەیری گرێبهسته گەورەکانی جیهان بکەین، ئەوە حاڵەتی جیاواز دەبینین ، یانەکان ئەو کات گرێبهست لەگەڵ یاریزانی بەتەمەن رادەگەیهنن، که بزانن 100% ئەو یاریزانه خاوەن ئەزموون و شارەزاییه، ئەمەش لە چەند یاریزانێک تێناپەڕێت، وەک دەڵێن له پەنجەی دەست تێپەڕناکات، بۆ نموونه (رۆناڵدۆ، مێسی ) ئەوانه ئەگەر گەورەش بن هەر ئەزموون و توانای یاریکردنیان دەمێنێت، یان هەرهیچ نەبێت جەماوەریان لە سەرتاسەری جیهاندا هەیه، جگه لەمانەش کۆمپانیاکان به هۆی ناو و دەنگی ئەو یاریزانانه، دەخزێنه ناو یانەکه بۆ ( ریکلام)، بەمەش یانەکە له رووی داراییەوە سوودی باش وەردەگرێت.
وریا غەفووری، 37 ساڵه بە واتا تەمەنی رێگه نادات ئەو ئاستە نیشان بدات، که جەماوەر داوای دەکات، بۆیە ئەگەر یانەی هەولێر بەو بڕە داراییه زۆرە، كه باس دهكرێت، هەنگاو بۆ غەفووری ببەن، ئەوا زیانی زۆرترە له سوودوەرگرتن ، گرێبهستكردن به سۆز و عاتیفەی جەماوەر نابێت، بەڵکو به ئەزموون و شارەزایی کەسانێک دەکرێت که توانایان له ئاستی یاریزاناندا هەبێت وەک دێدەوان ( کەشاف)، خاڵێکی تریش ههیه، نابێت ( به چاونوقاندن) بچینه ناو گرێبهستی ململانێیەک، که دەزانین رێگهكهیان کورتە، ئەوەی وریا غەفووری کردووهتە ژمارە زیاتر هەڵوێستەکانیهتی، نەک ئاستی یاریکردن، جا جیاوازی زۆرە نێوان هەڵوێست و یاریدا ، بۆیە پهیامم بۆ دەستەی یانەی هەولێر ئهوهیه، وریا بن پێش ئەوەی گرێبهست لهگهڵ وریا واژوو بكهن.