"هەندێك لایەن ترسیان لە هەڵبژاردن هەیە و باسی فرەبازنەییش تەنیا بیانووە"

:: PM:10:46:07/07/2022 ‌

لە عێراق هەڵبژاردن لە 2021 كرا، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی هێزە سیاسییەكان تا ئێستە حكوومەتی نوێ پێك نەهاتووە، بۆیە دۆخەكە ئاڵۆزە و پێشبینی جیاوازی بۆ دەكرێت، هاوكات بڕیارە لە مانگی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بكرێت، بەڵام هەر ناكۆكی هەیە، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیمانەیەكی "وشە"، تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی گرنگ پێوەست بە عێراق و هەرێمی كوردستانەوە.

*وەك پارتی هێشتا سوورن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت، یان بۆچوونتان گۆڕاوە؟

بەڵێ هیشتا سوورین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی و ئەوە فەرمانی سەرۆكی هەرێمە كە لە هەمانكاتدا جێگری سەرۆكی پارتییە، كە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، پێشمان باشە هیچ پاساو و بەهانەیەك بۆ دواخستنی نەهێنرێتەوە.

*پێتان وایە ئامادەسازی پێویست و لێكتێگەیشتن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان كراوە؟

سەرۆكی هەرێم فەرمانی دەركردووە كە مانگی 10 هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام كۆمسیۆن پێی وایە دەبێت ماوەی یاسایی درێژ بكەنەوە، ئەوە شەش مانگ بەسەر ئەو بڕیارەدا تێپەڕیوە كە سەرۆكی هەرێم بڕیاری لەسەر داوە، (یو ئێن)یش هاتووەتە سەر هێڵ و گفتوگۆی لەگەڵ هەموو لایەنەكان و پەرلەمان و كۆمسیۆنیش كردووە، بەڵام هێشتا هیچ دەرئەنجامێك دیار نییە.

*لەگەڵ یەكێتی و لایەنەكانی تر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەتەواوی گەیشتوون بە رێككەوتن؟

دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێم بڕیاری دا كە یەكی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت، راستەوخۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وەڵامی سەرۆكی هەرێمیان دایەوە، كە ناتوانن لەو ماوەیەدا ئامادەسازی بكەن و دەبێ ماوەی یاسایی درێژ بكرێتەوە، نامەیەكیشیان ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرد، بەڵام ئەو كات سەرۆكی پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتە بایكۆتی دانیشتنەكانی كرد، دواتر سەرۆكی هەرێم دووبارە دەستپێشخەری كرد و سەردانی لایەنەكانی كرد بۆ گەیشتن بە یەكدەنگی و یەكڕێزیی لەو بارەوە، دواتر (یو ئێن) هاتە سەر هێڵ و هەموو لایەنەكانی كۆ كردەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستە هیچ قسەیەكی یەكلاكەرەوە و رێككەوتنێكی گشتگیر و كۆتایی لەسەر بابەتەكە نییە، بە بۆچوونی خۆم ئەستەمە نەك  لە وادەی خۆی،  بگرە لەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. 

*ئێستە گرفتەكە لەكوێدایە و كێ دەتوانێت بڕیار لە سەر وادە و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدات؟

ئێستە بڕیارەكە لە یاریگەی پەرلەماندایە و پەرلەمان و فراكسیۆنەكانەكان دەتوانن وادەكە یەكلا بكەنەوە، فراكسیۆنەكان واتە حزبەكان، چونكە ئەوان بەبێ حزبەكان ناتوانن بریار بدەن، بۆیە دەبێت لایەنەكان یەكدەنگ و كۆك بن و دواتر بچنە ناو پەرلەمان و بڕیاری لەسەر بدرێت، بەداخەوە گرفتەكە لە هەرێمی كوردستان لەوەدایە كە دەستوورێك نییە وادەی هەڵبژاردن دیاری بكا و هەموو هەڵبژاردنێك وادەكەی دیاریكراو بێت و ناچارمان بكات هەڵبژاردن ئەنجام بدەین، ناكۆكی لایەنەكانیش دووبارە گرفتی بۆ ئەو پرسە دروست كردووە.
تەنیا پارتییە كار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی دەكا و دەیەوێ ئەو مافەی خەڵك زەوت نەكرێت
*بۆچی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەكبازنەییدایە، ئاخۆ كێشەی لەگەڵ فرەبازنەیی هەیە؟

پارتی حزبیكی گەورەی هەرێمی كوردستان و عێراق و  ناوچەكەیە، پێمان وایە هەرێمی كوردستان بە یەكبازنەیی بەهێزتر و پارێزراوترە، ئێمە هەمیشە هەست بە بوونی مەترسی و هەڕەشە لەسەر قەوارەی هەرێم دەكەین و لەخۆڕا هەندێ بیروڕا و قسە ناخەینە بەرباس، بۆیە لە هەڵبژاردنی عێراقیش پارتی لەگەڵ یەكبازنەییدابوو بۆ ئەوەی دەنگی كورد نەفەوتێت، ئەگینا پارتی هەرگیز ترسی لە فرەبازنەیی نییە و لە عێراق بە فرەبازنەیی سەركەوتنی بەدەست هێنا و بووە هێزی یەكەم لە كوردستان و هێزی  دووەم و كاریگەر لە عێراق لە دوای رەوتی سەدر.

بێگومان بەشێك لە لایەنەكان ترسیان لە هەڵبژاردن هەیە و ئەوەی باسی فرەبازنەییە، تەنیا بیانوو و بەهانەیە و بەئاشكرا لە كۆبوونەوەكاندا هەندێ لایەن پێیان باشە لەبەر دۆخی سیاسی خۆیان هەڵبژاردن دوا بخرێت، تەنیا پارتییە كار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی دەكا و دەیەوێ ئەو مافەی خەڵك زەوت نەكرێت. 

*ئامادەسازییەكانی پارتی بۆ كۆنگرە بە كوێ گەیشتووە؟ 

ئامادەسازییەكان بەباشی بەڕێوە دەچن، ئەوەی پێویست بێت بەو پرسەوە بەباشی كارەكانی بەرەو پێش دەچێت، جەنابی سەرۆك دەیەوێ بەباشترین شێوە كۆنگرە ئەنجام بدرێت و كۆنگرەیەكی جیاواز و جۆری بەڕیوە بچێت. 

* بۆچوونتان لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق چییە؟

بەپێی دەستوور دەبوو ئەوانەی براوەی هەڵبژاردنن حكومەت پێك بێنن، كە بریتی بوون لە رەوتی سەدر و پارتی و سوننە، بەڵام پیك نەهینرا، داوا لە لایەنەكانی تر كرا حكوومەت پێك بینن، بەڵام ئەوانیش نەیانتوانی رێژەی یاسای لە پەرلەمان تەواو بكەن، هاوكات سەربەخۆكانیش نەیانتوانی، بۆیە موقتەدا سەدر پێی باش بوو بەیەكجاریی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق پاشەكشە بكات، كە ئەمەیش كێشەكەی قووڵتر كرد.

پارتی لەم ناوەندەدا سیاسەت و دیدگەی سەربەخۆ و فرەڕەهەندی خۆی هەیە و لە كاتە هەستیارەكاند بڕیاری خۆی دەدات، بەمەرجێك سوودی بۆ دۆزی رەوای كورد مافەكانی كورد و كوردستان هەبێت، واتە بە كردار نەك بە نووسراوی سەر كاغەز، چونكە ئیتر پارتی بە قسە و نووسراو رازی نابێت، چونكە هەموو دەرفەتێكمان داوە بەو لایەنانە كە ئێستە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقن و دەبێ بزانین كە ئەوە كورد نییە ئێستە گرفتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت و پرۆسەی سیاسی عێراق دروست كردووە، تەنیا ناكۆكی لایەنە شیعە و سوننەیە هۆكاری دواكەوتنەكەن.

*ئێستە پارتی بڕیاری چی لەبارەی پرۆسەی سیاسی عێراق داوە؟

 پارتی بە رابەرایەتی سەرۆك بارزانی هەر كاتێك پێویست بكات بڕیاری گونجاو دەدات، بڕیارە دوای پشووی جەژن ئێمە و كاندیدەكەمان بۆ پۆستی سەركۆمار دەچینە ناو گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق و هیوادارین لەگەل یەكێتی بگەینە لێكتێگەیشتن لەسەر كاندیدی سەركۆمار و بە یەكدەنگی بچینەوە بەغدا.

ئیستە دۆخەكە ناجیگیرە و كورسییەكانی رەوتی سەدر لەلایەن چوارچیوەی هاوئاهەنگییەوە پڕ كراونەتەوە، رەوتی سەدریش هەروا ئاسان دەستبەرداری پرۆسەی سیاسی لە عێراق نابێت، بۆیە رنگە لەدوای جەژن شەقام بجوڵێنێنن و خۆپێشاندانی ملیۆنی رێك بخرێت.

دیمانە/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل