له یارییه‌كی مێژوویی جۆدۆدا یاریزانی ئیسڕائیلی ساگی موكی به یاریزانی ئێرانی سه‌عید مه‌ولايی دۆڕا.
یارییه‌كه دوێنێ شه‌موو نۆی ته‌مووز له هه‌نگاریا له چوارچێوه‌ی پاڵه‌وانیه‌تیی گه‌وره‌ی جۆدۆی جیهان كرا، تێیدا سه‌عید مه‌ولايی ئێرانی، كه ئێست ره‌گه‌زنامه‌ی مه‌نگۆلیای هه‌یه، توانی له ركابه‌ره ئیسڕائیلییه‌كه‌ی بباته‌وه له جه‌وله‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دا، دوای ئه‌وه‌ی له كاتی ئاسایی‌دا یه‌كسان بوون.
سەعید مەولايی، پاڵەوانی جیهان بۆ ساڵی 2018، لە ساڵی 2019 لە ئێرانەوە بۆ ئەوروپا هه‌ڵات، دوای ئەوەی ناچار بوو لە قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانیه‌تیی جیهانیی جودۆ بۆ یاریزانانی كه‌متر له 81 کیلۆگرام، بەرانبەر ماتیاس کاسی بەلجیکی خۆی به دۆڕان بدات، بۆ ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بەرانبەر یاریزانی ئیسڕائیلی ساگی موكی یاریی نه‌كات.
مەولايی پێشتر ئاشکرای کردبوو، راهێنەرانی هەڵبژاردەی ئێران فەرمانیان پێ کردووە لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی جیهانی 2019، لە تۆکیۆ، خۆی به دۆڕان بدات، بۆ ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا به‌رانبه‌ر یاریزانه ئیسڕائیلییه‌كه یاریی نه‌كات، به‌ڵام دوێنێ بۆ یه‌كه‌مجار رووبه‌ڕووی یاریزانه‌كه‌ی ئیسڕائیل بووه‌وه، كه ئێسته وه‌ك دوو هاوڕێن.
سه‌عید دوای ئه‌وه‌ی چووه ئه‌ڵمانیا، دواتر چووه مه‌نگۆلیا و ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌م وڵاته‌ی وه‌رگرت و له پاڵه‌وانیه‌تییه جیهانییه‌كاندا نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م وڵاته ده‌كات.
سه‌عید هه‌روه‌ها سه‌ردانی ئیسڕائیلیشی كردووه و له‌وێدا پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێكرا.