ئه‌مه‌ل جه‌لال سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان، له چاوپێكه‌تنێكی ''وشه''دا تیشك ده‌خاته سه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگی تایبه‌ت به گه‌شتوگوزار له هه‌رێم و داهاتی گه‌شتیاران و پێی وایه، به‌شێك له پڕۆژه و شوێنه گه‌شتیارییه‌كان مۆڵه‌تییان نییه و به‌هۆیه‌وه ناتوانن ساڵانه باج و رسووماتیان لێ وه‌ربگیرێت.
بۆچی هیچ داهاتێكی گه‌شتوگوزار بۆ حكوومه‌ت ناگه‌ڕێته‌وه له كاتێكدا ئاسایش و ئارامی، حكوومه‌ت دابینی كردووه؟
هه‌ر گه‌شتیارێك دێته هه‌رێمی كوردستان داهاته‌كه‌ی دابه‌ش ده‌كرێ به‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێك، به‌شێكی بۆ بازاڕه كه له ئاوفرۆشێك تا كۆشكێك و مۆڵێك و هۆتێلێك بازاڕیان جووڵه‌یان تێده‌كه‌وێت، ناوچه گه‌شتیارییه‌كان به‌گشتی له سۆران و ئاكرێ و زاخۆ و شارباژێڕ و هه‌ورامان و هه‌ڵه‌بجه، هه‌موو ناوچه‌كان سوودمه‌ندی یه‌كه‌من له گه‌شتیاران، به‌شێكی تری داهاته بۆ رێستۆرانت و هۆتێله‌كان، ئه‌مه‌یان باج و رسووماتیان لێ وه‌رده‌گیرێت و ده‌خرێته‌وه سه‌ر خه‌زێنه‌ی گشتی حكوومه‌ت و له به‌رژه‌وه‌ندیی حكوومه‌تیشه، ئێسته به‌شێك له داهاتی حكوومه‌ت هی گه‌شتوگوزاره، ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه ده‌كرێن له بواری گه‌شتوگوزار، له‌سه‌ر داهاتی 15%ی گه‌شتوگوزار ده‌كرێن.
كه‌واته دیاره ئه‌و داهاته گه‌شتیارییه‌ی كه سوودی بۆ حكوومه‌ت هه‌یه ساڵانه ده‌گاته چه‌ند؟
نه‌خێر دیار نییه داهاتی گه‌شتیاری كه سوودی بۆ حكوومه‌ت هه‌یه چه‌نده، چونكه تا ئێسته سیستمێكی بانكی نییه بۆ ئه‌وه‌ی داهاته‌كه كۆ بكاته‌وه و پێمان بڵێ داهات بۆ ساڵی 2021 له رووی گه‌شتیاری ئه‌وه‌نده بووه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئه‌و گه‌شتیارانه به‌شێكی داهاته‌كانیان بۆ حكوومه‌ته.
ئه‌و پلانه هه‌شت ساڵییه چییه كه دانراوه بۆ گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان؟
سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پلانه هه‌شت ساڵییه‌كه‌ی ئێمه‌ی بۆ گه‌شتوگوزار په‌سند كردووه و دابه‌شمان كردووه به‌سه‌ر سێ ئاست، ئاستی كورتخایه‌ن، هه‌ندێك بڕیاری خێرای ده‌وێ، ئاستی مامناوه‌ند بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م، له‌گه‌ڵ پلانی درێژخایه‌ن كه پێویستی به مه‌ودای زیاتره تا بتوانین ژێرخانی گه‌شتوگوزار و گه‌شتوگوزار وه‌ك دامه‌زراوه‌ی زیندوو سه‌یر بكرێت، له پلانه‌كه‌شدا هاتووه رێكخستنه‌وه بۆ هه‌موو ناوچه گه‌شتیار و شوێنه‌كان ده‌كرێت، له ساڵی 2030 گه‌شتوگوزاری هه‌رێم ده‌خرێته سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانی گه‌شتیاری و له ناو رێكخراوی گه‌شتوگوزاری هه‌بێت، به‌ڵام به‌و كه‌مه‌ی ئێسته‌یش حكوومه‌ت سوودمه‌ند ده‌بێت له داهاتی گه‌شتیاری، ناكرێت گه‌شتیار ته‌نیا له داهات و ئابووری كورت بكرێته‌وه، هاتنی گه‌شتیار ره‌هه‌ندی سیاسی و نیشتمانی هه‌یه، گه‌شتیاران ئاشنا ده‌بن به مێژوو و ناسنامه و كولتووری هه‌رێم، ده‌بێت چالاكی گه‌شتیاری هه‌بێت كه لێره‌دا زه‌وینه‌ی له‌بار هه‌یه و سه‌قامگیری و ئیراده‌ی به‌هێز هه‌یه بۆ به‌ره‌وپیشچوونی كوردستان.
زۆربه‌ی ئه‌و زه‌وییانه‌ی كه پڕۆژه گه‌شتیارییه‌كانیان له‌سه‌ره هی حكوومه‌تن كه كه‌پر و شتی تێدا كراوه و به‌ناوی وه‌زاره‌تی دارایین، رێكخستنه‌وه‌یان بۆ كراوه؟
له هه‌رێمی كوردستان له ناوچه گه‌شتیارییه جیاوازه‌كان، كه‌پر و شوێنی گه‌شتیار و پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری هه‌ن كه دروست كراون به‌ڵام مۆڵه‌تیان نییه و هیچ رسوومات و باجێكیش ناده‌نه حكوومه‌ت، ئێمه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی و كشتوكاڵ له پێوه‌ندیدان ئه‌و زه‌وییانه‌ی سه‌ربه وه‌زاره‌تی دارایی یان كشتوكاڵن دیاری بكرێن و ده‌ست به رێكاره‌كان بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تیان بده‌ینێ و یاسایی بكرێن، ساڵانه باج و رسووماتیان لێ وه‌ربگیرێت و رێكخستنه‌وه‌یان بۆ بكرێت و به ئامار بكرێن.
بۆچی خاوه‌ن شوێنه‌كان به میزاج نرخ داده‌نێن و رێكی ناخه‌ن؟
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌كان له رێی لیژنه‌كانی قایمقامییه‌ت به‌رده‌وام له به‌دواداچوون و گه‌ڕاندان بۆ ئه‌وه‌ی رێگری بكرێت له گرانی، چاو‌دێر ده‌بین به‌سه‌ریانه‌وه تا له بۆنه‌كان نرخ گران نه‌بێت، به‌ڵام له هه‌موو دنیاوه هه‌ركات خواست هه‌بوو نرخه‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ر دێت به‌تایبه‌تی كه‌رتی گه‌شتیاری كه له چه‌ند مانگێكی ساڵ جووڵه هه‌یه، گه‌شتیاران نیگه‌رانن له نرخه‌كان و سێ هێنده گران بوون، هۆتێلی چوار و پێنج ئه‌ستێره هه‌یه له پایته‌ختی كوردستاندا، نرخی مانه‌وه‌ی له هۆتێلێكی چوار و پێنج ئه‌ستێره‌ی توركیا گرانتره، نرخ ده‌كرێته به‌شێك له‌و رێكخستنه‌وه‌ی كه كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
تا ئه‌و شوێنانه مۆڵه‌تیان نه‌بێت و كاری یاساییان بۆ نه‌كرێت، ناكرێ هیچ جۆره باج و رسووماتێكیان لێ وه‌ربگیرێت
بۆچی خاوه‌ن شوێنه‌كان زۆربه‌یان خۆیان هه‌ڵناسن به پاكڕاگرتنی ناوچه‌كان و پڕن له پیسی و ته‌نانه‌ت گه‌راج نییه و ده‌به و پاشماوه فڕێ ده‌ده‌ن؟
له هه‌موو ناوچه گه‌شتیارییه‌كان به‌بێ جیاوازی فڕێدانی خۆڵ و پاشماوه پلاستیكه‌كان هه‌یه، ئێمه هه‌ژارین له هۆشیاریی گه‌شتوگوزار و پێویسته دامه‌زراوه‌كان باشتر مامه‌ڵه بكه‌ن، لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانیش به ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵنه‌ستاون، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی قسه‌مان كردووه و سزای مادی ئه‌و شوێن و خاوه‌ن كارانه ده‌ده‌ین كه به‌و شێوه‌یه شوێن و كه‌پر و ناوچه گه‌شتیارییه‌كان پیس ده‌كه‌ن.
زۆربه‌ی شوێنه گه‌شتیارییه‌كان ته‌نانه‌ت كاره‌بایان قاچاخه و له باجی ساڵانه‌یش خۆیان ده‌دزنه‌وه، له كاتێكدا ده‌بێت باج و رسوومات بده‌ن؟
تا ئه‌و شوێنانه مۆڵه‌تیان نه‌بێت و كاری یاساییان بۆ نه‌كرێت، ناكرێ هیچ جۆره باج و رسووماتێكیان لێ وه‌ربگیرێت، ئه‌و هه‌وڵه‌ی ده‌ستمان پێ كردووه و ئه‌و پلانه درێژخایه‌نه‌ی دانراوه، بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و رێكخستنه‌وه‌یه بكرێت بۆ شوێنه گه‌شتیارییه‌كان، هه‌ركات مۆڵه‌تیان پێ درا، ئه‌وكات ئه‌وانیش ده‌بنه به‌شێك له داهات.
بۆ ده‌رچووانی گه‌شتوگوزار چی كراوه، شوێنی گه‌شتیاری هه‌یه به منداڵێكی ته‌مه‌ن خوار 18 ساڵ به‌ڕێوه ده‌چێت، له كاتێكدا زۆر ده‌رچووی گه‌شتوگوزار هه‌ن؟
ئێمه له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه‌مان چه‌سپاند و كردمان به بڕیار به‌سه‌ر شوێنه گه‌شتیارییه‌كان و كۆمپانیا و هۆتێل و میوانخانه و رێستۆرانته‌كان، كه ده‌بێت 30%ی كارمه‌نده‌كانیان ده‌رچووی گه‌شتوگوزار بن، له یاساكه‌شدا هاتووه كه ده‌بێت ئه‌و رێژه‌یه بۆ 75%ی به‌رز بكرێته‌وه و سه‌رۆك وه‌زیرانیش زۆر دووپاتی له‌وه كرده‌وه كه ده‌ستی كار بۆ ناوخۆ ئه‌وه‌نده بێت، به‌ڵام گرفته‌كه لێره‌یه كه پرۆگرامی ناوه‌نده گه‌شتوگوزارییه‌كان هه‌ندێكی نه‌بێت كه تایبه‌تن، ئه‌وانی تر پرۆگرامیان باش نییه و ده‌رچووی ئێمه له زمان و ئایتی باش نین و ناتوانن ئه‌و كاره بكه‌ن كه له‌و شوێنه گه‌شتیارییانه پێویستن، به‌ڵام ئه‌مه له ده‌ره‌وه به‌و جۆره نییه و كرداره كرده‌نییه‌كه ده‌خوێنن و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن بۆ لێهاتووییان.
گه‌شتوگوزار روویه‌كی گرنگی كوردستانه، بۆچی به ورد ناچنه ناو كه‌رته‌كه‌وه و رێكی بخه‌نه‌وه تا به‌و جۆره نه‌بێت؟
ئێمه له پلانه هه‌شت ساڵییه‌كه، كوردستان‌مان وه‌ك خۆی پێشان داوه، دواتر باسی ئاسته‌نگ و گرفته‌كان كراوه و باسی به‌رپرسیارێتییه‌كانیش كراوه، هه‌مه‌جۆركردنی گه‌شتوگوزار، هه‌روه‌ها چه‌ندان شوێنی چاره‌سه‌ر هه‌ن وه‌ك ئاوه گه‌ڕاوه‌كان، شوێنه‌واره ئاینی و مێژوویه‌كان، ئه‌مانه سه‌رمایه‌ی نیشتمانین و ده‌بێت ببن به پاكێجی گه‌شتیاری، دواتر ئه‌ركی وه‌زاره‌ته‌كانمان دیاری كردووه له‌و پلانه.
سلێمان\ هۆشیار عه‌لی