بڕینی بەشەخۆراكی مانگانە دەستی پێ كرد.. لە هەرێمی كوردستان كێ دەگرێتەوە؟

:: PM:10:52:16/07/2022 ‌

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، ئەو مووچەخۆرانەی لە هەرێمن و مووچەیان لەسەر بەغدایە، بەپێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق دەست بە بڕینی بەشەخۆراكیان كراوە، ئەگەر مووچەیان لە ملیۆنێك و 500 هەزار زیاتر بێت، بەرپرسی پسوولەی خۆراكی دهۆكیش دەڵێت، تا ئێستە 400 كەس بەشەخۆراكیان بڕدراوە و بەردەوام دەبن.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو فەرمانبەرانەی مووچەیان لە ئاستێكی بەرزدایە و ئەو بڕەی كە وەزارەتی بازرگانی عێراق دیاری كردووە، دەست بە بڕینی بەشەخۆراكیان كراوە، روونی كردەوە، بەشەخۆراكی ئەوان راستەوخۆ لە بەغدا دەبڕدرێ و پێیان نادرێت، دووپاتی كردەوە، ئەو بڕینە سەرەتا بۆ فەرمانبەرانی سەر بە حكوومەتی عێراقە، چونكە هەر لە بەغداوە كاریان لەسەر دەكرێت.
لە دهۆك 400 خێزان و لە سلێمانیش 500 خێزان بەشەخۆراكیان بڕاوە
زیاتر گوتی، ئێستە پرۆسەكە دەستی پێ كردووە، بەڵام بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كە مووچەیان لەسەر حكوومەتی عێراقە و لە هەرێمی كوردستانن، ئاماژەی كرد، ئەوانەی مووچەیان لە ملیۆنێك و 500 هەزار بۆ سەرەوەیە، بەشەخۆراكیان راستەوخۆ لە بەغداوە دەبڕدرێت و ناتوانن لە هەرێم وەری بگرن، بەڵام پسوولەی خۆراكیان دەمێنێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی هەرێم باسی لەوەیش كرد كە ئێستە ئەو پرۆسە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە مووچەیان لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە دەدرێت دەستی پێ نەكردووە، بەڵام ئەوانەی سەر بە بەغدان هەر لە بەغداوە بەشە خۆراكیان دەبڕدرێت، لە سەرانسەری هەرێمی كوردستانیش بەشەخۆراكی ژمارەیەك مووچەخۆری عێراق بڕاوە.

بەپێی زانیارییەكان لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و دهۆك پرۆسەی بڕینی بەشەخۆراكی ئەو هاووڵاتییانەی كە پێگەیەكی مادی بەرزیان هەیە، دەستی پێ كردووە و نزیكەی هەزار خێزان بەشەخۆراكیان بڕدراوە، بەڵام ناویان نەسڕاوەتەوە و پسوولەی خۆراكیان ماوە، بەپێی بڕیارەكەی وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕینەكە سەرمایەدار و خاوەن كۆمپانیا و پەرلەمانتار و بەڕێوەبەری گشتی و وەزیر و كەسایەتی و خاوەن مۆڵ و بەنزینخانە و ئەندامانی ژوورە بازرگانییەكان و پزیشكانیش دەگرێتەوە.

پێوەست بەو بابەتە حوسین سەبری، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراك لە دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، دەستمان بە بڕینی بەشەخۆراكی ئەو خێزان و هاووڵاتییانە كردووە كە مووچەی مانگانەیان لە سەرەوەی ملیۆنێك و 500 هەزار دینارە، لە وەزیر و بەڕێوەبەر و راوێژكار و مووچە بەرزەكانەوە دەستمان پێ كردووە، ئاشكرای كرد كە تا ئێستە لە دهۆك زیاتر لە 400 خێزان بەشەخۆراكیان بڕدراوە، دووپاتی كردەوە كە لە پرۆسەكە بەردەوامن و بەپێی قۆناغەكان هەموو ئەوانە دەگرێتەوە كە بڕیارەكانی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەیانگرێتەوە.

باسی لەوەیش كرد، بەپێی بڕیارەكەی وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، هەموو ئەوانە بەشەخۆراكیان دەبڕدرێت، بەڵام ناویان لە لیستی خۆراك دەمێنێ و پسوولەی خۆراكیان دەمێنێت، تەنیا ئەوەیە ناویان لە لیستی وەرگرتنی بەشەخۆراك نامێنێت.

پێشتر یاسین مەحموود، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراك لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاندبوو، بەپێی بڕیارەكەی وەزارەتی بازرگانی عێراق، لە ماوەی رابردوو لە سلێمانی دەست بە بڕینی بەشەخۆراكی ئەو كەسانە كراوە كە لە پێگەیەكی بەرزی مادیدان، ئەوانیش ژمارەیان 500 خێزان دەبێت.

شایەنی باسە لە عێراق زیاتر لە 35 ملیۆن هاووڵاتی ناویان لە لیستی بەشەخۆراك هەیە، بەڵام نیوەی ئەو ژمارەیە لێوەی سوودمەند دەبن، ئەوەی دەمێنێتەوە كەسانی پلەدارە و دەوڵەمەند و سەرمایەدار و چینەكانی سەرەوەی كۆمەڵگەن كە بەشەخۆراك وەرناگرن و بەفیڕۆ دەڕوات، مادەكانی بەشە خۆراك پێك دێ لە شەكر و زەیت و برنج و فاسۆڵیا و نیسك و نۆك و دۆشاو و لەتكەنۆك، بەڵام مانگانە لە كاتی خۆیدا دابەش ناكرێ، ئەمە جگە لەوەی لە رووی كوالێتیشەوە زۆر گونجاو نین.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل